ژینگە و جۆرەکانی هەمو ئەو مەرج و هۆکارە
دەرەکییەکان دەگرێتەوە کە زیندەوەرانی زیندو تێیدا دەژین و کاریگەری لەسەر دەکەن و
کاریگەریان لەسەریان هەیە.
ژینگە ئەو چوارچێوەیەیە کە تێیدا هەڵسوکەوت
و ڕەفتاری ڕۆژانە و کار و پیشەکانیانی تیادا ئەنجام ئەدەن، کارلێک لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی و جۆرەکانی دەکەن
لە ژێر سیستەم و پلان و ژینگەپارێزی دیاریکراودا
بەپیی بڕیار و ڕاسپاردە و یاساکانی ئەو شوێنە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر کار بە یاسا و
ڕێکارەکان بکرێت، جوانی و گەشانەوە بۆ ژینگەی ژیانی زیندەوەران دابین دەکریت.
بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر پەیڕەوەوی ڕێزگرتن
و پاراستنی ژینگە نەکرا، ژینگەی ژیان دەبێتە
وێرانەیەک، لە جیاتی خۆشی و جوانی ناشیرینی نەخۆشی و ناخۆشی شوێنی دەگرێتەوە.
ئەبێ ئاماژە بەڕۆڵی پەروەردە بکەین لە
پاراستن و جوانکردنی ژینگە چونکە ئەتوانین
بڵێین ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوە ئەبینێت بە هەردو لایەنەکەیەوە، بە گەشەپێدان و پەراوێزخستن.
ئەمەوێ بە کورتی ئاماژە بەهەردو لایەنەکە
(ئەرێنی، نەرێنی)بکەم کە پەروەردە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەسەر ژینگە دروستی ئەکات.
لە بواری ڕاستەوخۆدا پەروەردە ڕۆڵ و
کاریگەری گەورە و گرنگی لە هۆشیاری و ئاراستەی باش بۆ ژینگەدۆستی، لە پێناو ژیانێکی
خۆش و جوان و گەشانەوەی ژینگەی ژیان دەگێڕێت،
لە شێوازی ناڕاستەوخۆشدا هەمان ڕۆڵ دەبینێت بۆ دور مەودای ژیان.
دەکرێ بەگرنگیەوە لە کاریگەری و ڕۆڵی پەروەردە
بۆ هەمو جۆرەکانی ژینگە بڕوانین کە ئەمانەن (ئاو، هەوا، وشکانی).
بۆ هەر یەکێک لەو شێواز و جۆرانەی ژینگە
پەروەردە دەتوانێ کاریگەری لەسەری هەبێت، ئەویش بە ئاماژە پێکردن و نمونە هێنانەوە
و دیاریکردنی لەناو پڕۆگرامی خوێندن، ئەکرێ مامۆستایانیش لەکاتی وانە وتنەوەدا زیاتر
ڕۆچنە ناو بابەتەکە و پەیامەکە وردتر بکەنەوە، بەهەردو شێوازی (گوتنەکی و کردارەکی)
تا پەیامەکە بە باشی و جوانی بگات.
گرنگیپێدان بە ژینگە ئەچێتە بۆتەی بایەخدان
و خۆشویستنی سروشت و مرۆڤ، بۆیە وەک پێویستیەکی ژیانی لێی دەڕوانرێت، ئەوەتا (دەیڤید
ئاتێنبۆرۆ) دەڵێت؛ (سروشت تەنها شتێکە کە پێویستمان پێیەتی).
ئەوەی لەم بابەتەدا جێدەگرێت، بایەخ و ڕۆڵی
پەروەردەیە کە چەند لایەن و بەشێکی کارای کارپێکراو و کارلێک، ڕەنگدانەوەی تەواوی
هەیە بۆسەر ژیان و ژینگە، بە ڕەچاوکردن و ئاراستەکردن و پابەندیەکانی بەرنامە و
پلان و نەخشەی پەروەردەیی، ئەوانیش لە چوارچێوەی بونیان لە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن
و ڕۆڵی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاراندا خۆی دەبینێتەوە، لەو کاتەی
هەماهەنگی و هاوکاری و پشتیوانی و دەستگیرۆیی هەبێت تا پاڵنەری پاراستنی ژینگە بکرێتە
ئامانجی پەروەردە لە پێناو ژیانێکی شایستە بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
دەکرێ پەروەردە و کاریگەرییەکانی لەسەر
ژینگە بەم چەند خاڵە دیاری بکەین:
1- هۆشیاری: پەروەردە دەبێتە هۆی زیادبونی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە کێشەکانی ژینگە و گرنگی پاراستنی.
2- ڕەفتار: فێرکردن دەتوانێت ڕەفتاری خەڵک بگۆڕێت بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر.
3- چارەسەر: پەروەردەکردن وفێربون وخوێندن یارمەتی خەڵک دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ کێشە ژینگەییەکان.
4- بەشداری پێکردن: پەروەردە هانی خەڵک دەدات بۆ بەشداریکردن لە چالاکی پاراستنی ژینگە.
5- سیاسەتی ژینگەیی: کەسانی پەروەردەکراو زیاتر پشتگیری سیاسەتە دۆستانەکانی ژینگە دەکەن.
وەکو ڕون و دیارە هەمو ئەو وڵاتانەی ژیانیان
خۆش و ئارامە و ڕێژەی تەمەن تیایاندا بەرزە، هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان
بە ژینگەی ژیانیان و بەرزی ئاستی وشیاری ژینگەیی و پابەند بونیان بە ڕێکارەکانی ژینگەدۆستی،
بەپێێ سەرچاوەی مەڵپەڕی (https://www.argaam.com/ar/article/articledetail/id/1411981) کە بۆ ساڵی
(2024) ئەنجامیداوە بۆ ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی ئاستی پاراستنی ژینگە تیایاندا بەرزە
بەم جۆرە ڕیزیکردون:
1- فینلەندا
2- سوید
3- نەرویج
4- نەمسا
5- سویسرا
6- دانیمارک
7- نویزلەندا
8- ئەڵمانیا
9- کەنەدا
10- لۆکسەمبۆرگ
لەم وتارەدا ئەمەوێ تیشک بخەمە سەر ئاستی گەشەکردن و پێشکەوتنی
بوارەکابی ژیان لەو وڵاتانەدا کە دەگەڕێتەوە
بۆ گرنگیدان بە فەلسەفەی پەروەردە، لەناو پەروەردەشدا بایەخدان بە پرسی ژینگە.
بەهیوام ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ هەنگاونان
و بایەخدان بە پرسی ژینگە لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا. وتارەکەم بە وتەیەکی (ئەلگۆر)کۆتایی
بێنم کە دەڵێت: (ژینگەی سەلامەت و ئابوری بەهێز دو ڕوی یەک دراون).
172 جار خوێندراوەتەوە