نووسین و باسکردنی هونەر کارێکی ئاسان و سادە نییە، بەتایبەت لەسەر بابەتێک کە چەندین ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە. لە ناو هونەریشدا، لەسەر دەنگ و سۆز و چریکەیەکی ناوازە و پڕ جۆش و خرۆش و ئەفسانەیەکی دووبارە نەبووەوەی وەک حەسەن زیرەک.
هونەر بە بەشێکی گەورە و گرنگی کەلتووری گەلان دادەنرێت. تەنانەت کاریگەریی زۆری هەیە لە گەشەسەندن و پێشخستنی مرۆڤایەتی، جوانکردنی ژیان، بەخشینی خۆشی بە دڵی مرۆڤ، ئاودانی گەرووی تینووی هەست و سۆز.
ئارنەست فیشەر وتوێتی: «هونەر لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک بووە، تا چاکتر و باشتر لە ژیان بگات و بیگۆڕێت».
لێرەوە دەردەکەوێت کە ئاراستەی بەدیهاتنی ژیانێکی خۆشتر و باشتر بۆ مرۆڤ، هونەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت.
هونەر ئەگەر بۆ گەلان گرنگ بێت، بۆ نەتەوەی کورد گرنگییەکەی زۆرتر و کاریگەرترە؛ چونکە بۆتە قەڵایەکی سەخت و بەهێز بۆ مانەوەی زمانەکەی، پاراستنی، و نەهێشتنی لەناوچوون.
ئەمە پێناسەیەکی گرنگە کە بە هەموو بەشەکانی کەلتوور، بە هونەری گۆرانیشەوە، ئەو ڕۆڵەیان بینیوە. هەر بەتەنها بە گۆرانیبێژێک ئەم کارە نەکراوە، بەڵکو سەدانی تر لە شار و شارۆچکەکانی هەموو بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان بوون بە هۆکاری مانەوە و زیندووهێشتنەوەی زمانی کوردی.
لە وتارێکی ئاوادا ناکرێت باس لە هەموو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانی کوردستان بکرێت، ئەوە پێویستی بە دەیان کتێب و چەندین دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی هەیە. هەرچەند لێرە و لەوێ وەک هەوڵی تاکەکەسی و پڕۆژەی هونەری و توێژینەوەی زانکۆکان کار کراوە، بەڵام کەم و کزن، نەک زۆر و زیاد.
کۆنفیشیۆس، فەیلەسوفی چینی، وتەیەکی گرنگی هەیە کە تیایدا ڕۆڵی هونەری گۆرانی بە پێوەری پێشکەوتنی هەر گەل و نەتەوەیەک پێوانە دەکات و دەڵێت: «بۆ شارەزابوون و ناسینی ئاستی پێشکەوتنی شارستانییەتی هەر نەتەوەیەک، گوێ لە گۆرانییەکانی بگرە».
زۆرجار و لە زۆر جێگە و شوێنی جیاواز گوێمان لەو وتەیە بووە کە وتراوە: «نەتەوەی کورد نەیتوانی ڕێزی داهێنەر و بەهرەمەندێکی گەورەی وەک حەسەن زیرەک بگرێت».
بۆیە هەمیشە بەشی ئاوارەیی و دەربەدەری و کۆڵ بە کۆڵ بووە. ماڵ و جێگەیەکی جێگیر و ئارامی نەبووە. هەژاری، بێدەرەتانی، سەختی ژیانی زیرەک ناچاری کردبوو بە ئەنجامدانی کاری جیاواز، وەک: چایچی، شاگردی، حەماڵی، و...
ڕاستە ئەم هۆکارە سەخت و دژوار بووە بۆ سەر شانی خودی زیرەکی نەمر، بەڵام لە لایەکی ترەوە بووەتە هۆی فراوانی، دەوڵەمەندی، داهێنان، فێربوونی زیاتر، و شارەزایی لە ئاستی تاکەکەسێک زۆرتر، کە ئەمەش هونەرەکەی مەزنتر و دەوڵەمەندتر کردووە.
حەسەن زیرەک وەک گەشتیارێکی گەڕۆکی هەمیشەیی، بە ناوچە و پارچەکانی کوردستاندا، شاخ و دۆڵ و دەشت و زنوێرەکانی پشکنیوە و لە ناو سۆزی دەنگە ناوازەکەی لەگەڵ هونەرەکیدا ئاوێتەی کردوون و بە گوێگرانی کوردزمانی ئاشنا کردوون.
چەندین جار لە گۆرانییەکدا زیرەک دەمانبات بۆ سەحرای چین و لە جوانناسی و بەرزدانانی چاوی خۆشەویستەکەی، تا دەیکاتە چرایەک کە ئەو بیابانە گەورەی چین ڕووناک بکاتەوە. کام جوگرافیناس و گەڕیدە وەک زیرەک توانای لەو جۆرەی هەیە؟
کاتێک زیرەک دەچریکێنێت، مرۆڤ هەستی دەڕوات بۆ سروشت، جوانی و خۆشی بە دڵی مرۆڤ شاد دەبن. زیرەکی نەمر ئەوەندە بە جوانی و پیاهەڵدانی هونەرییانە باسی ژن و ئافرەتی کورد دەکات، ئەوەندەی تر جوانیی کچان و ژنانی کورد پڕ بەها و نرخ کردووە و سەرسامیی دەگاتە لوتکەی گەورەیی ئەو مروارییە بەنرخانەی کۆمەڵگەکەمان.
بوارێکی تری گرنگی هونەری حەسەن زیرەک بەکارهێنانی هۆنراوەی شاعیرە ناودارەکانی کورد بووە، وەک: نالی، وەفایی، پیرەمێرد، بێکەس، سەید کامیلی ئیمامی و زۆری تر لە گۆرانییەکانیدا. ئەوەش ڕێگایەکی دیکە بوو بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی پێگەی زمانی کوردی لە بواری هونەری گۆرانیدا.
حەسەن زیرەک و جوانناسی (ئیستاتیکا)
فەلسەفەی جوانناسی یان ئیستاتیکا لقێکی گرنگی فەلسەفەیە کە لەسەر جوانی، هونەر، چێژ، و سۆز دەوەستێت و پێوەری لەقالبدان و دیاریکردنی ئاستی چۆنێتی بۆ دەستنیشان دەکات، جا بە جوان یان ناشیرین، یان باش و خراپ.
جوانناسی وەک لقێکی سەربەخۆی فەلسەفە، لە سەدەی ١٨ـدا پەرەی سەند. فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەلێکساندەر گۆتلیب بۆمگارتن لە ساڵی ١٧٥٠ وشەی Aestheticaی بەکارهێنا و جوانناسیی وەک بوارێکی تایبەتی فەلسەفی ناساند. لێرەوە جوانناسی بە شێوەیەکی زانستیتر و فەلسەفیتر پەرەی سەند. دواتر فەیلەسوفانی گەورەی وەک کانت، هێگڵ، شۆپنهاوەر، نیچە، و زۆرانی تر بە شێوەی جیاواز بە پرسی جوانی و هونەرەوە خەریک بوون.
بۆمگارتن پێی وابوو تەنها عەقڵ و زانین نییە کە دەتوانێت جیهان بناسێت، بەڵکو هەست و تێگەیشتنیش جۆرێکە لە زانین.
بیرکردنەوە لە جوانی زۆر کۆنترە لە وشەی «جوانناسی». لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا، فەیلەسوفان بەتایبەتی لەسەر جوانی و هونەر بیریان دەکردەوە. ئەفلاتوون جوانی بە شتێکی زۆر قووڵتر لە دیمەن و ڕووکار دەزانی. لە دیدی ئەوەوە، ئەو جوانییە تایبەتانەی دەیبینین دەتوانن مرۆڤ بەرەو تێگەیشتن لە «جوانیی خۆیی» ڕابکێشن.
ئەرستۆ زیاتر لەسەر هونەر و تایبەتمەندییەکانی وەک ڕێکخستن، یەکگرتوویی، و کاریگەریی هونەر لەسەر مرۆڤ قسەی کرد و بەتایبەتی باس لە تراژیدیا و کاریگەریی دەروونیی هونەر دەکات.
بەپێی ئەو پێوەرەی فەلسەفەی جوانناسیمان ناسی، لێرەوە لایەنە فەلسەفییەکانی هونەری حەسەن زیرەکی بلیمەت و خاوەن ئەو هەست و سۆز و بەهرە پڕشنگدارە بە کورتی دەخەینە ڕوو:
١. سۆزداریی کاریگەر لەسەر هەست و سۆز «دیۆنیسیۆسی»
فەیلەسوف فریدریش نیچە باسی دوو هێز دەکات لە هونەردا: ئەپۆلۆنی (لۆژیکی) و دیۆنیسیۆسی (سۆزداری و سەمای ڕووحی).
دەتوانین بێ هیچ گومانکردنێک هونەری حەسەن زیرەک تەواو بە «دیۆنیسیۆسی» دابنێین. ئەو بەبێ هیچ فلتەرێکی هەست و بیر، جوانی و قوڵی ناخی مرۆڤ دەردەبڕێت. دەنگی حەسەن زیرەک لە پانتاییەکی سۆزداریی بێسنووردا دەگات بە هەستی مرۆڤ و دەیجوڵێنێت.
٢. فەلسەفەی سادەیی و دابڕان لە بۆتەی کۆمەڵایەتی
زیرەک ژیانێکی سادەی هەبوو لە قاڵبە کۆمەڵایەتییە دەستکردەکان خۆی قوتار دەکرد و لێی هەڵدەهات؛ واتە یاخی بوو، تەنها شۆڕشەکەی هەست و پەیامی هونەر بوو. زیرەک هونەرەکەی پێویستی بە ستۆدیۆ و مەشق نەبوو، بەڵکو لەناو خەڵک، شەقام، سەر جادە، چایخانە، و سروشتەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەوەش نیشانەی فەلسەفەی «ئازادیی ڕەها»یە کە هونەرمەند حەسەن زیرەک خۆی نەبەستووەتەوە بە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی لەقالبدراو.
٣. ڕەسەنایەتی لە بوونگەراییدا
لای فەلسەفەی بوونگەری، مرۆڤی ڕەسەن ئەو کەسەیە کە خۆیەتی و کۆپیی کەس ناکات. حەسەن زیرەک کەسایەتییەکی بێوێنە بوو؛ شێوازی وتنی مەقام و گۆرانی و بەستەکانی تایبەت بە خودی خۆی بوون. ئەو زمانەی ئەو بەکاری دەهێنا، زمانی زیندووی ناو خەڵک بوو.
٤. دەنگ و هونەرەکەی وەک زمانێکی گشتگیر بۆ ئازار
لە ڕووی فەلسەفەی زمانەوە، هەندێک جار وشەکان مانا ناپێکن و کورت دەهێنن بۆ دەربڕین لە ئازار. حەسەن زیرەک بە چرپە، بە لایەلایە، و بە هاوارەکانی، مانا بە دەنگ دەبەخشێت کە لە سەرووی سنوری زمانەوەیە و دەیگەیەنێت بە گوێی ئەوانی تر.
بە بۆچوونی من، حەسەن زیرەک تەنها بە دەنگی خۆش و گۆرانییەکانی جیاواز نییە، بەڵکو چەند تایبەتمەندییەکی کۆکراوە وای کردووە لە نێو تاکی کورد و گۆرانیبێژانیشدا جێگایەکی تایبەتی هەبێت.
دەنگی حەسەن زیرەک پڕ سۆز، بەرز، تایبەت، خۆش، نەرمە و ناسراوە. دەنگەکەی خەسڵەتێکی خەمگین، قووڵ، و پڕ لە هەستە، بە جۆرێک کە لە یەکەم دەنگەوە دەکرێت بناسرێتەوە. پڕە لە: هەست، سۆز، ئەوین، جوانی، میهرەبانی، بیرەوەری، خۆشی، بەخشندەیی، بەهێزی، و دڵنشینی.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم: حەسەن زیرەک گەنجینەی هونەری گۆرانیی کوردی دەوڵەمەند کرد. ئەو زۆری بەخشی بە کورد، بەڵام کورد جگە لە خەم و ئازار هیچی پێ نەبەخشی.
112 جار خوێندراوەتەوە