پەیوەندیەکان، لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا

پەیوەندیەکان،  لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا

    { گەورەیی مرۆڤ ئەوە نیە  کە مرۆڤە، بەڵکو گەورەیی  لە مرۆڤبوونیدایە - مەهاتما گاندی}

پەیوەندی بریتییە لە ڕایەڵەی  بەیەکگەیشتنی کەسیک یان چەند کەسێک بە مەبەستی لێکتێگەیشتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، یان ئەنجامدانی کارێک و بەرنامە و پڕۆژەیەکی ئامانجدار. 
زۆرجار ڕیدەکەوێ پەیوەندیەکە (ئابوری، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، .... )بێت.
پەیوەندی بەئاراستەی نزیکی و بەرژەوەندی لایەک یان هەدوولا دێت. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە باس و هەڵوێسەتەی لەسەر بکەین، پەیوەندیەکانی ناو پرۆسەی پەروەردەیە، دیارە ئەم پەیوەندیانەش  گرنگ و کاریگەرن لەسەر کۆی پرۆسەکە، چونکە بوونی پەیوەندی بەهێز و پتە و کێشە و گرفتەکانی پرۆسەی پەروەردە کەمدەکاتەوە، یان دەیانکاتە خاڵی بەهێز و سەرخستن و بە ئەنجام گەیشتنی  بەرژەوەندی هاوبەش.
لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا یەکەم هەنگاو،  پەیوەندی مامۆستا و فێرخوازە(قوتابی)ئەم پەیوەندییە دەبێتە بەردی بناغەی  هەموو پەیوەندیەکان و پرۆسە گەورەکەی فێربوون.
کاتێ فێرخواز هەست بە ئارامی و دڵنیایی و خۆشەویستی مامۆستاکەی بکات، هەموو دەرگاکانی بۆ دەکرێتەوە(سۆزو میهرەبانی، متمانە و دڵنیایی، ڕاستگۆیی و ووردی، فێربوون).
ئەو چەند دێڕەی  سەرەوە لە مامۆستاوە پەخش دەکرێت بۆ منداڵی فێرخواز، ئەکرێ لێرەوە بزانین هەموو پەیوەندیە گرنگەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە لە مامۆستاوە ئەنجامدەدرێت. کاتێ مامۆستا بەباشی کاربکات ڕەنگدانەوەی  پەیوەندی ئەرێنی  لەناو فێرخوازاندا دروست دەکات. ئەو کاتەی فێرخوازانیش  پەیوەندیان باش و بەهێزبوو، پەیوەندی دایبابانیشیان باش دەبێت.
هەر بۆیە پەیوەندییەکان لە پەروەردەدا هەموو کارلێکەکانی نێوان تاکەکان لە پرۆسەی پەروەردەدا دەگرێتەوە، وەک پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار، نێوان خودی خوێندکاران، نێوان قوتابخانە و کۆمەڵگا، و نێوان خێزان و قوتابخانە. ئەم پەیوەندیانە زۆر گرنگن بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی فێربوونی پاڵپشت کە سەرکەوتنی  پرۆسەی  پەروەردە و گەشەپێدانی گشتگیری هۆشیاری ئاستی خوێندکاران بەرەوپێش ببات.
پەیوەندی لە پرۆسەی پەروەردەدا تەنیا لە نێوان مامۆستا و فێرخوازدا نییە، بەڵکو تۆڕێکی پێکەوە بەستراوی  ئاڵۆزە کە هەموو لایەنەکان و بەشەکانی کایەی کۆمەڵایەتی و سیستمی  پەروەردەیی لەخۆ دەگرێت.
 ئەو پەیوەندییەی  ئێستا لە ناو پرۆسە و سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، کە پێویستی بە هەڵوێستە لەسەرکردن و پێداچونەوەیە، ڕاستە لە شێوازەکەی بەڕوکەش  سەردەمیانەیە و سود لە شیوازە پێشکەوتووەکانی جیهان بینراوە، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی دروستە، ئەویش بەهۆی  ئەو جۆرە پەیوەندییە  خراپەی  کاری پێدەکرێت.
خراپی جۆر و شێوازەکانی پەیوەندی  لە ناو سیستمی  پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەمجۆرەیە:

١-پەیوەندی  هەیکەلی وەزارەت و بەشەکان 
بەهۆکاری  تایبەتمەندی و دەسەڵاتی  زۆری و ناتەبایی زۆن و پابەندییەکانی یەکە کارگێڕییەکان بە دەسەڵاتی دەرەوەی وەزارەت، هەرچەند بڕیار و ڕاسپاردەکان  زانستی و پەروەردەییشبن، هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و ئەنجامدانیان دەبنە مەحاڵ.
٢-پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
ئەمانش بەهۆی هەمان دابەشبوونی زۆن و دەسەڵاتە لۆکاڵییەکان، یاساکان و ڕێنماییەکانی وەزارەت وەک خۆی ناخرێنە تەرازووی جێبەجێکردن.
٣-پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەرە گشتییەکان و یەکەی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی
ئەم پەیوەندییەش  هێندە  جۆری کەسایەتی  ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، کەمتر پەیوەندییەکی  فەرمی و دیاریکراوە، چونکە بەهۆی سەربەخۆیی کارگێڕی  و بوونی  زنجیرەیی  پەیوەستی کارگێڕی، جۆری پەیوەندییەکەیان لاواز یان هەر نیە، بۆیە زۆرجار لەجیاتی  هەماهەنگی  ناڕێکی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر کوالیتی پرۆسەی پەروەردە.
٤- پەیوەندی نێوان یەکەی ڕاهێنان بەشەکانیتر
ماوەی چەند ساڵێکە  بەهۆی بوونی گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، یەکەی ڕاهێنانی وەزارەت لەگەڵ یەکەی ڕاهێنانی  پەروەردەی پاێزگاکان سەرقاڵی خولی ڕاهێنانە بۆ مامۆستایان یان پێداگۆجی و دیداکتیک، کە بەڕای بەندە هەنگاوێکی باشە تا سیستمی پەروەردەی ئێمە هەنگاوبنێت و ئاراستەیەکی باش وەربگرێت. 
بەڵام لەم هەنگاوەشدا گرفت و ئاڵۆزی یەخەی پرۆسەکەی گرتووە، لەوانە بەشێک لەو کەسانەی دیاریکراون بۆ کاری ڕاهێنان، وەک پێویست ئامادەنەکراون، خراپی و دۆخی سەختی ئابوری و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن هۆکاربووە کە نەتونراوە کارەکە بەباشی ئەنجامبدرێت.
٥-پەیوەندی نیوان بەڕێوەبەرەکان و مامۆستایانی قوتابخانە و خوێندنگەکان

ئەم پەیوەندییە، جۆرێکی بنەڕەتیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و گەیشتن بە ئاکامێکی خوازراو، چونکە لێرەوە ئەو ئەڵقەیە دادەنرێت کە زنجیرگەلێک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەم پەیوەندییەش لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن باشنیە، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە وە ڕێکخراوە. یەکێک لە ڕاسپاردەکان ئاڵوگۆڕکردنی بەڕێوەبەرەکانە بەپێی سالی خزمەت، ئەمەش بەهۆی دەستوەردانی کەسانی دەستڕۆیشتوو یان لایەنداری حیزبەکان ئەم کارەش ئەنجامنەدرا. تەنانەت بەڕێوەبەر هەیە زیاد لە بیست ساڵە هەر خۆیەتی، لەبەرخاتری خاتران لانابرێت. 
٦-پەیوەندی نێوان دایباب و قوتابخانە
لەسەرەتای نوسینەکەم باسی گرنگی پەیوەندی نیوان فێرخواز و مامۆستامکرد، وام بەباشزانی لەو شوێنەدا ئاماژەی پێبدەم، ئەوەی ئێستا بۆتە خاڵی لاواز لەنێوان پەیوەندی دایبابی فێرخوازان و فێرگەیە. چونکە زۆربەی دایباب و کەسوکاری فێرخوازان نەک نایەنە نێو پەیوەندیەکەوە بگرە خۆیان دەدزنەوە، بەو هۆکارەی ئەرکێکی قورسی دارایی دەخرێتە سەرشانیان، ئەویش کۆکردنەوەی پارە و پەیداکردنی کەلوپەل، تا دەگاتە نۆژەنکردنەوەی فێرگە و بەشەکانی.

لەهەموو ئەمانە سەمەرەتر ئەوەیە، لە بەڕێوەبەرەکان یاساغکراوە پارەکۆبکەنەوە، ئەوانیش بەناوی لیژنەی خەرجی و داهات، چەند دایبابێک دەکەنە لیژنە و کارەکەیانی پێدەکەن.
لەکاتێکدا ئەمە ئەرکی حکومەتە نەک خەڵک. لەم دۆخە سەختەی ئابوریدا. بۆیە خراپترین پەیوەندی لەم کاتەی پرۆسەی خوێندندا پەیوەندی نێوان دایباب و فێرگەی پەروەردەییە.
سەرکردەی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ (نێڵسۆن ماندێلا )بەمجۆرە لەسەر مافخواردنی مرۆڤ وتوێتی) بێبەشکردنی مافە مرۆییەکانی خەڵک، زەوتکردنی  مرۆڤایەتیانە).
لەم وتارەمدا ئەوەی بە گرنگمزانی لە پەیوەندییەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە ئاماژەمپێداون، بەدڵنیایی بەش و یەکەی تریش هەن لەناو هەیکەلی وەزارەت، کە پێویستە پەیوەندییەکانیان ڕێکبخرێنەوە و ئاراستەیەکی باشتر وەربگرن، لە پێناو دامەزراندنی سیستمێکی باشی پەروەردەیی و سەردەمییانە، دڵنیاشم چاککردنی ئەمانە پەیوەستە بە دابینکردنی بودجە و داهاتێکی پێویست بە پەروەردە و باشکردنی ژیانی مامۆستایان و کردنەوەی خول و ڕاهێنانی بەردەوام.

50 جار خوێندراوەتەوە