هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق، زەنگێکی مەترسیداری گەورە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان

دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق، کە بە دەنگدانی ملیۆنان هاووڵاتی پەسەندکرا، سەرەڕای هەبوونی هەندێك کەم و کوڕی، بەڵام بە بڕبڕەی پشتی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقی نوێدا ئەژمار دەکرێت. لەم دواییانەدا، جۆرێك لە جووڵە و گوشاری سیاسی لەلایەن هێزە ئیسلامی و شۆڤێنی و هەندێك لە دەسەڵاتدارەکانی بەغداد ەوە دەبیندرێت، هاوکات لەگەڵ ئەو لێدوانەی ئەمڕۆی بەڕێز فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە ساڵڕۆژی دەنگدان بە دەستووری عێراق بۆ هەموارکردنەوەی ئەم دەستوورە، جووڵەیەك کە لە ڕووی ڕواڵەتەوە بە ناوی (چاکسازی و بەهێزکردنی دەوڵەت) ەوە دەکرێت، بەڵام لە ناوەرۆکدا زەنگێکی مەترسیداری جدییە بۆ سەر ئایندەی سیاسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان.

مەترسیی گەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت (ناوەندێتی بەهێز)
بڕگەکانی ئێستای دەستوور، سیستمی حکومڕانی عێراقی بە (فیدراڵی، دیموکرات و فرەیی) ناساندووە، هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور ئامانجیان کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان و کۆکردنەوەی سەرجەم جومگە دارایی، ئەمنی و کارگێڕییەکانە لە دەستی حکومەتی ناوەندیدا، ئەمەش بە کردەیی پاشەکشەیە لە پرەنسیپی فیدراڵیزم و هەنگاوێکە بەرەو دروستکردنەوەی دیکتاتۆریەتی ناوەندی.

لاوازکردنی پێگەی یاسایی هەرێمی کوردستان
لە دەستووری ئێستادا، ماددەی ١١٧ و ١٢١ بە ڕوونی دان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان، حکومەت و یاساکانیدا دەنێت، هەموارکردنەوەی دەستوور لە کەشوهەوایەکدا کە هێزە ناوەندییەکان تیایدا باڵادەستن، دەکرێت بێتە هۆی؛
 دەستکاری کردنی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستان.

 خستنەژێر پرسیاری ڕەوایەتی هێزەکانی پێشمەرگە (وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری نیشتمانی).
 زەوتکردنی دەسەڵاتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان (نەوت، گاز و غاز هتد…).

تێپەڕاندنی ماددەی ١٤٠ و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم
ماددەی ١٤٠ کە تایبەتە بە ئاساییکردنەوە و دیاریکردنی چارەنووسی ناوچە دابڕێندراوەکان (کەرکووك و دەوروبەری)، هێشتا جێبەجێ نەکراوە. یەکێك لە مەترسییە گەورەکانی هەموارکردنەوەی دەستوور، سڕینەوە یان بەتاڵکردنەوەی ئەم ماددەیە لە ناوەرۆکەکەیەتی، تا بەیەکجاری پرسی ناوچە کوردستانییەکان لە بەرژەوەندی بەغدا و بە زیانی کورد کۆتای پێ بهێنرێت.

گۆڕینی هاوسەنگیی دەنگدان (بڕگەی ٣ی ماددەی ١٤٢)
لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا، گەرەنتییەکی بەهێز بۆ کورد دانراوە، ئەگەر سێ پارێزگا لە دەستوورەکە یان هەمواری دەستوورەکە ڕازی نەبن، هەموارەکە ڕەت دەکرێتەوە، ئەم بڕگەیە پارێزبەندییەکی بەرزی بە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) بەخشیوە تا هیچ بڕیارێك بە زۆرینەی عەرەبی بەسەریدا تێنەپەڕێت، یەکێك لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەغدا لادانی ئەم گەرەنتییە کەلتووری و پێکهاتەییەیە.


چۆن بەرەنگاری ئەم مەترسییە ببینەوە؟
هەموارکردنەوەی دەستوور لەم بارودۆخەی ئێستادا پڕۆژەیەکی بێلایەن نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بچووککردنەوەی کورد لە (پێکهاتەیەکی سەرەکی و هاوبەشی دەوڵەت)ەوە بۆ (کەمینەیەکی ناوچەیی) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم زەنگە مەترسیدارە، پێویستی بەم هەنگاوە خێرایانە هەیە؛

١- یەکڕیزیی ناوخۆیی، هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەرجەم ململانێ ناوخۆییەکان وەلابنێن و بەرەیەکی یەکگرتووی نیشتمانی لە بەغدا پێکبهێنن.
٢- پەنابردن بۆ یاسا و دەستوور، بەکارهێنانی مافی ڤیتۆی دەستووری لەڕێگەی دەنگدانی پارێزگاکانی هەرێمەوە.
٣- دیبلۆماسیەتی چالاك، ئاگادارکردنەوەی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوەی تێکدانی هاوسەنگی دەستووری لە عێراق، سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

لەکۆتاییدا؛
دەستووری عێراق تەنیا دەقێکی یاسایی و ئاسایی نییە، بەڵکو پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە قەوارەی هەرێمی کوردستانی لەسەر بەندە، هەر جۆرە دەستکارییەکی نەگونجاو لەم دەستوورەدا، زیانگەیاندنە بە دەستکەوتەکانی سەدەیەك لە خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان، بۆیە دەبێت وەك هێڵی سوور مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

121 جار خوێندراوەتەوە