(2020) ساڵی پەتا

لە سەرەتای هەموو ساڵێکی نوێدا هەندێ وشە سەبارەت بە خەسڵەتی رووداوەکانی ئەو ساڵە وەک جۆرێک لە تۆمارکردنی یاداشتێک دەنووسینەوە، ساڵی پار، کۆتایی "دە" یەکێک بوو، باسمان لە نەهەماتییەکانی جەنگ و بەربڵاوی رەیسیزم و توندرەوی سیاسی کرد کە هەموو دونیای تەنی بوو، ئەم ساڵ باس لە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆڤید، لە سەرتاپا هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە دەکەین. بێ مشتومڕ ئەم ساڵ لەهموو دونیادا ساڵی  پەتا و ئافات بوو.

گەورەترین پرسیار کە دەبێت لە خۆمان بکەین، لە دوایی کۆڤید و قەیرانە داراییەکان و سەرکێشییە سیاسییەکان، چۆن کۆمەڵگەیەکەی تەندروست و سەرکەتوو پێک دەهێنرێتەوە؟ چی وا دەکات کۆمەڵگە بەسەر گرفتەکانیدا زاڵ بێت و ساڵێکی نوێ و چاپتەرێکی نوێ بنووسێتەوە؟ با رادەی نائومیدی و شەکەتی و رەشبینی و ململانێکردن لەگەڵ "بوون"  و ئاستەکانی بژێویشدا لە یاد نەکەین.

لە هەموو دونیادا، زۆربەی دامودەزگاکان وچاودێرانی سیاسی کۆکن لەسەر ئەوەی لە پاش جەنگی دووەمی جیهان، قەیرانی کوشندەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە گرفتە هەرە کوشندەکان بووە. گرفتێک کە هەموو کایە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی هەڵتەکاند، تەنانەت بەهاکانی مرۆڤایەتی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە.

با لە ئاستی شەخسییەوە دەست پێبکەین، لە بۆنەیەکی دیکەدا باسمان لەوە کرد لە رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، مرۆڤ هەمیشە لە دووڕیانی دوو ئاراستەی جیاوازدایە، یان ماڵئاوا لە دونیا دەکات یان زیندوودەبێتەوە و دەژێتەوە، بەداخەوە، ئەم پرۆسەیە سەخت و تاڵە، پێم وایە دەبێت ئەو هەستە بگوێزرێتەوە بۆ ئاستە فراوانەکەی کۆمەڵگە تا یارمەتیمان بدات وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە بدەینەوە چۆن کۆمەڵگە سەرلەنوێ بینابکەینەوە، چۆن گیان و خوێنێکی نوێ بە بەری کۆمەڵگەدا بکەینەوە هەر لەو ساتەوەی پێدەنێینە ساڵی نوێوە. بەداخەوە بژاردەکان سەختن، بەڵام "ئێمە" دەبێت بەهێزتربین.

پێشبینی کردنی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە لە ڤایرۆس لە لایەن زانایان و پسپۆرانەوە لە سەرانسەری جیهاندا زۆر زووتر کرابوو، بەڵام بەداخەوە، کاری پێشینەی بڕیاردەرە سیاسییەکان لە شوێنی دیکە بوو، بایەخێکی زۆر کەمیان بەو پێشینانە دا، هەر وەک چۆن ئێستا بایەخی تەواو بە کارەساتەکانی ژینگە نادەن. 

لە سەرەتایی مانگەکانی ساڵی (2020) کە ڤایرۆسەکە وردە وردە بڵاو دەبۆوە، هەموو حکومەتە گەورەکانی جیهان شۆک بوون و نەیاندەزانی بە چ رێگەیەک و شێوازێک بەرەنگاری ئەم ئافاتە ببنەوە، ئەو کات هێشتا خەسڵەتی پەتاکە زۆر پەنهان بوو، تارماییەکی پڕ مەترسی بوو، لەو ساتە دەگمەنانە بوو کە مرۆڤ دەستەڵاتی بەسەردا نەدەشکا.

ئەو عیبرەتانەی ئەم پەتایە بۆمان جێ دەهێڵێت لە پاش دۆزینەوەی پێکوتەکە، بۆ نموونە، لە بریتانیا لەگەڵ بوونی پەرتەوازەییەکی ئاشکرا بە هەموو کایەکانی ژیانەوە، ئەو  توانا و هێزە شارەوە هەبوو کە کۆمەڵگەی بەرجەستەی کرد، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژدا، (750) هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ کاری خۆبەخشی لە دەزگا تەندروستییەکانی حکومەتدا تۆمار کرد، یاخود بەردەوام بۆ ماوەی دە هەفتە، هەموو پێنچ شەممەیەک لە سەرتاسەری بریتانیادا، لە کاتژمێر(08:00) ی ئێوارەدا لە هەموو گەرەکەکاندا وەک سوپاس و پێزانین و خوڵقاندنی بەهایەکەی مرۆڤدۆستی دەهاتنە دەرەوە و گوزارشتیان لە پێزانینی خۆیان بۆ کارمەندانی تەندروستی دەکرد، ئەو بەهایە سنووری هەموو وڵاتانی بەزاند، هەموو مرۆڤایەتی لە یەکێک لە ساتە دەگمەنەکاندا هەستیان کرد چەند پێویستیان بەیەکە بۆ ئەوەی بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵببن.

راستە، ئەم هەستە لە بوونی هیوا و کارکردنی پێکەوە لە کاتی داخستنە سەرتاسەرییەکاندا لە لایەن هەندێ لە بەرپرسەکانەوە رێنماییەکانیان پێشێل کرد، بۆ نموونە راوێژکاری سەرۆک وەزیران لە بریتانیا پێشێلی رێنماییەکانی کرد و سەردانی خێزانەکەی کرد. کاری لەو جۆرە متمانەی نێوان خەڵک و حکومەتی تا رادەیەک لاواز کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی نێو کۆمەڵگەی لاواز نەکرد.

لە راستیدا، کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا لە مردن و تووشبووندا کۆنابێتەوە، تەنیا لەو گرفتە تەندروستیانەشدا کۆنابێتەوە کە بەهۆی داخستنی سەرتاسەری روویاندا، وەک نەخۆشیەکانی دڵ و شێرپەنجە و جەڵتە و نەخۆشیەکانی دیکە و تەنانەت گرفتە سایکۆلۆجییەکان کە تەنیایی کەسەکان لە ناو ماڵ و کۆمەڵگەدا دووجاری بوون، هەروەها کاریگەری خراپی دوورکەوتنەوەی منداڵان لە قوتابخانەکان.

دەڵێن، کۆمەڵگەی باش و تەندروست، لە نێو رەحمی ئالەنگەرییەکان و قەیرانەکان و نەهامەتییەکاندا دێتە ئاراوە، بەڵام بە مەرجێ بە گیانی 'ئێمە" وە نەوەک " من" وە کار بکات. هیوادارم ئەمە بۆ ئێمە دروست بێت و لەم ساڵە نوێیەدا هەموو پەتاکان تێپەرێنین! ئێوە بڕواننە چۆنێتی دۆزینەوەی پێکەوتەکە، ئەو ڤاکسینەی کە لە رۆژی (2/12/2020) لەلایەن بریتانیاوە رێ بە بەکارهێنانی درا، لەلایەن دوو کەسەوە دۆزرایەوە کە رەچەڵەکیان ئەڵمانی- تورکن و لە لایەن کۆمپانیایەکی ئەمەریکی گەورەوە پشتگیری دارایی کراو، لە بەلجیکا دروستکرا. کاری لەم جۆرە کە سنووری وڵاتەکان تێدەپەرێنێت، گرنگە لە ئاییندەدا بەردەوام بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرەشەکانی دیکەی ژینگە. راستە، لە کاتی پەتاکەدا هەندێ لایەنی نەشیاوی مرۆڤایەتی دەرکەوتن وەک فۆرمەکانی دیماگۆگیەت و شۆفینزم و رەیسیزم و بەشکۆکردنی ساختەی خود، بەڵام لەهەمان کاتدا بەخشندەیی و خۆبەشیی و مهیرەبانی و پێکەوەژیان و بەخشینی خوێن و پلازما و هەستکردن بەوەی کە چارەنووسی هەموو مرۆڤایەتی لە بەردەم یەک هەرەشەدایە و هاریکاریکردنی یەکتر لە خەسڵەتە باشەکان بوو. ئەرکی حکومەت و رێکخراوەکانی مەدەنی و میدیایە کە کار لە سەر مانەوە و بەرجەستەکردنی زیاتری ئەم بەهایانە بکات.

لە سەر ئاستی هەرێم، دوو ئالنگەرییە گرنگەکە بەردەوام دەبێت، ئەوانیش رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانە لە نێوان هەرێم و بەغدا و هەرێم لە نێوخۆیدا، کارکردن لەسەر ئەم دوو ئاستە دەبێت وەک پێشینەی کار بمێنێتەوە، هەر دوو ئاستەکە کاریگەری تەواو لە سەر ئاستی هەرێم، دوو ئالنگەرییە گرنگەکە بەردەوام دەبێت، ئەوانیش رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانە لە نێوان هەرێم و بەغدا و هەرێم لە نێوخۆیدا، کارکردن لەسەر ئەم دوو ئاستە دەبێت وەک پێشینەی کار بمێنێتەوە، هەر دوو ئاستەکە کاریگەری تەواویان لەسەر یەکتر هەیە و تەواوکەری یەکترن، رەهەندی ئەم دوو ئاستە زۆر قووڵتەرە لەوەی لە میدیاکاندا باس دەکرێن. گرنگە هەرێم وردە وردە کار بۆ ئەوە بکات پشت بەخۆی ببەستێت و ئەو کۆڵەکانەش هەن کە یارمەتیدەرن بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە ئەگەر ئیرادەی سیاسی "ئێمە" هەبێت، هەر لە بەرپاکردنی ریفۆرمێکی سەرتاسەرییەوە کە لە خزمەتی هەموو لایەکدایە، تا دەگاتە پەیرەوکردنی "سیاسەتی هەمەجۆری و هەمە چەشنی" لە هەموو بوارەکانی ئابووریی و بازرگانیدا. " حکومرانی باش" بۆ هەموو ناوچەکان، وەک یەک هەرێم، ببێتە دروشمی کاری ئاییندەی "ئێمە".

دەبێت سەرکۆنەکردنەکان و سکاڵاکان و رەخنەکان تەرجەمە بکرێن بۆ هەنگاوی پراکتیک و چارەسەری ریشەیی و پرۆژەی بەردەوام و کاری ئەرێنی. دەبێت خۆمان دەرباز بکەین لە بازنەیەک کە دەخوازێت گیانمان شەکەت بکات. لە ئەلتەرناتیڤدا، دەبێت هەمیشە هەوڵی هێنانەکایەی دونیایەکی دیکەی جوان بدەین، بەڵام دەبێت هەردوو قاچمان لەسەر عەرد بێت و خۆمان لە  "وێرانە"  و یەمەن و سوریایەکی دیکە بپارێزین.

لە ساڵی نوێدا، هیوای ژیانێکی پڕ ئارامی دەروونی و پتەوکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی سەقامگیری سیاسی بۆ هەموو لایەک دەخوازم، بێگومان ئەمەش بە دابینکردنی بژێوی خەڵک و کارکردن لەسەر هێنانەکایەی ئابورییەکی بەرهەمهێنەر دەبێت.

190 جار خوێندراوەتەوە