ئایا گەندەڵی سیاسی کەلتووری کۆمەڵایەتییە؟

دەکرا ئەو ناونیشانەی سەرەوە شتێکی دیکە بوایە، بۆ نموونە بمانووسیبا "کە گەندەڵی دەبێتە کەلتوور"، بەڵام  هەستمان کرد گونجاو نییە هەر لەسەرەتاوە حوکم بدەین و کەلتوور بە گەندەڵی سەرکۆنە بکەین، هەر بۆیە پێمان باشتر بوو ناونیشانەکە پرسیارێکی کراوە بێت بۆ وروژاندنی شیکردنەوە و راڤەکردن و لێکدانەوە بۆ خوێنەر بە هیوای ئەوەی پرسیارگەلێک جێ بهێڵین و هەموو گرفتەکە کورت نەکرێنەوە بۆ حکومدانی کوێرانەی پێش وەخت.

لە کارە هەرە سەرەتاکانی ناسین و ئاشنابوون بە دیاردەی گەندەڵی دەستنیشانکردنی سروشتی گەندەڵی خۆیەتی. دیاردەی گەندەڵی دیاردەیەک نییە تایبەت بێت بە کۆمەڵگەیەک و لە جوگرافیایەک هەبێت و لە شوێنێکی دیکە بوونی نەبێت، لە راستیدا تاوەکو کێشەی نادادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە سەر هەموو ئاستەکان لە دونیادا بمێنێت گرفتی گەندەڵی هەر بەردەوام دەبێت، ئەوەی کە جیاوازی لە نێوان جوگرافیایەک و شوێنێکی دیکەدا دەکات بوونی میکانیزمی یاسایی چەسپاوە بۆ مامەڵەکردنی بەردەوام و قەڵاچۆکردنی بەردەوام و ئیدارەدانی بەردەوامی گەندەڵییە، بێگومان لە پشت ئەو میکانیزمە یاساییەوە، بەئاگابوون و هۆشمەندییەکی سیاسی دەستەجەمعی کۆمەڵگەمان بە ریسک و هەرەشەکانی گەندەڵی پێویستە، گەندەڵیەک کە رەنگدانەوە و کاریگەری لەسەر هەموو ئاستەکان دەبێت؛ ئاستی یاسای و سیاسی و ئابووری وکۆمەلایەتی و بێگومان کە لتووریش. ئەوە ئەو هۆشمەندییە سیاسیەیە کە توێژی سیاسی و هاوڵاتیان لەیەک سەنگەردا کۆدەکاتەوە و تەبایی دەکاتە دروشمی سەرەکییان بۆ دارشتنی ستراتیژیەت و خیتابی سیاسی و سیاسەتێکی عەمەلی حکومڕانی و دامەزراوەیی. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەو تێگەیشتن و هۆشمەندییە سیاسییە راستەقینەوە دەستپێدەکات کە، بەداخەوە، رەنگە، لە زۆر لە قۆناغە مێژوویەکاندا بوونی نەبێت.

مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینە دەستنیشانکردنی پەیوەندی نێوان گەندەڵی و کەلتوورە. پێش وەختیش دەبێت چوارچێوەیەک بۆ زاراوەی "کەلتوور" دارێژین. لێرە مەبەست لە کەلتوور بەشەکانی هونەر و ئەدەب و مۆسیقا نییە هەرچەندە ئەم بوارانەش دەکەونە کاریگەری ئەو کەلتوورەوە کە لێرە باسی دەکەین. مەبەست لە کەلتوور، بیرکردنەوە و رەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بینینی دونیا و گەڵاڵەبوونی بوونی مێژوویەکی دیاریکراوە بە هۆی بوونی ئەزموونێکی تایبەت بۆ نموونە سەدان ساڵ لە جەنگ یاخود مێژوویەکی درێژی بەرگری سیاسی. بۆیە، گرنگە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ خوێنەر رێک بکەوین باس لە چ کەلتوورێک دەکەین. ئایا مەبەست لە کەلتوور هەموو بەها ئەدەبی و هونەری و مۆسیقایە یان میراتی کەلتووری سیاسی کە لە بازنەیەکی داخراودا جووڵەی کردووە. بێگومان ئەوەی دووەمیانە. لە نووسینەکانی ئایندە، باس لە کاریگەری گەندەڵی لە دامەزراوەکان دەکەین. باس لەوە دەکەین گەندەڵبوونی هەر دامەزراوەیەک دەبێتە پەرچەکردار ودژە کردار سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکانی دامەزراوەکە خۆی، و لە مەودایەکی نزیک یان دوور ئەو دامەزراوەیە تووشی پووکانەوە دەبێت ئەگەر رێکاری بوێرانە بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی نەگیرێتە بەر. لێرە هەوڵ دەدەین جیاکارییەک لە نێوان کەلتوور بە گشتی و کەلتووری سیاسی بە تایبەتی بکەین و بە هیوای ئەوەی دەرەچەیەک بخەینە بەردەم خۆێنەر کە تێگەیشتن و چەمکێکی فراوانتری پێ ببەخشێت دەرەوەی ئەو تێگەیشتنەی کە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی باو هەیە. بە هیوای ئەوەی دواترئەم هەوڵە برژێتە بوژاندنەوەی "ئومێدی چارەسەر" و یارمەتی دارشتنی ستراتیژیەتی پەرچدانەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەدا لە مەودایەکی نزیک یان دووردا بدات.

هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەکان کە دەچن بۆ بۆنەیەک لە کاتی دیاریکراودا و لە کاتی تەواودا وەک کاتژمێر ئامادە دەبن و دەرۆنەوە، هەندێ لە کۆمەڵگەکانی دیکە پابەندی کات نابن و درەنگتریش دەرۆنەوە. ئایا ئەمە رەفتارە یان کەلتوورە، هی کەسەکانە یان کۆمەڵگەیە؟ ئایا ئەم رەفتارە یان کەلتوورە قابیلی گۆڕان نییە؟ ئایا دەکرێت هەر بەمە ئەو کۆمەڵگەیانە بناسرێنەوە؟ هەڵسەنگاندنی ئەم رەفتارە لەسەر چ ئاستێک دەبێت؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی رەفتاری کۆمەڵگە نەبێتە قوربانی کەلتووری کۆمەڵایەتی و دواتر لەسەر ئاستی سیاسی زیان بە کۆمەڵگەکە خۆی نەگەیەنێت؟ ئەم نموونەیە هانمان دەدات کە بگەرێین بە دوای رەگ و ریشەی گەندەڵی سیاسی لەسەر ئاستەکانی دیکەی ژێرخانی کۆمەڵگە، بەداخەوە ئەم مەسەلەیە لێکۆڵینەوەی زۆر لە بوارەکانی پەروردە و سیاسەت و زانستی کۆمەڵناسی هەڵدەگرێت. رەنگە نەبوونی کاریگەری لێکۆڵینەوەکانی ئەم بوارانە بێت کە هەمیشە جۆرێک لە نەشتەرگەرییەکی قەیسەریانە بۆ سیستمی سیاسی هەبووە بەوەی هەر کاتێک سیستمـی سیاسی گەندەڵ بووە بە ئینقلابی سیاسی یان سەربازی پەرپەچ دراوەتەوە، چەند بارەبوونەوەی ئەو پرۆسەیە لە بازنەیەکی داخراودا نەبۆتە هۆی دامەزراندنی رێکاری سیاسی و یاسایی بۆ پاراستنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان لە گەندەڵی سیاسی، وڵاتی سودان نموونەیەکی راشکاوە بۆ پشتگیری قسەکانمان.

هەندێ لە تێگەیشتنە باوەکان گەندەڵی بە حەقیقەتێکی کەلتووری لە قەڵەم دەدەن و کەلتوورە ناخۆییەکە یاخود لۆکەڵەکە گوناهبار دەکەن بەوەی کە گەندەڵی دروست دەکات، بۆ نموونە دەڵێن ئەوە کەلتوورە یارمەتی براکەت پێش ئامۆزاکەت دەدەیت، ئەوەی بۆ ئامۆزاکەتی دەکەیت بۆ هاورێکەتی ناکەیت و ئەوەی بۆ هاورێکەتی دەکەیت بۆ کەسی غەریبی ناکەیت. ئەمە لە دۆخی نەبوونی سەروەری یاسا و نەبوونی یەکسانی بۆ ماف و ئەرک روودەدات. لە دۆخێکدا روودەدات کە کەسەکان پێوستیان بە پشتوانی خۆرسکانە هەیە و رۆڵی خوێن و ناسین و نزیکی کەسەکان لە یەکتری رۆڵ دەبینێت، هەروەها بۆچوونێکی دیکە هەیە، کە بەهەمان شێوە لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی، کردەی گەندەڵی بەوە لێکدەداتەوە کە خۆی مرۆڤ بکەرێکی گەندەڵە، لەبەرئەوەی مرۆڤ لە بەهەشتدا ناژیت تا هەڵە نەکات. بێگومان ئەم تێگەیشتنە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی زۆر باوە، وەک باسمان کرد، ئەوەی کە راستی ئەم قەناعەتە بەداخەوە دەچەسپێنێت نەبوونی رێکاری یاسایی و سیاسی و دامەزراوەییە لە نێو کۆمەڵگەدا کە ئەگەر هەبن رێ لەتەشەنەکردنی گەندەڵی وەک پەتا دەگرێت، تەنانەت پەیوەندی خوێن و کەسایەتی و هاورێیەتی لەسەر بنەمای توانا و پێداویستی دامەزراوە بە یاسا رێک دەخات. ببورن، دەزانم، من فۆرم و مۆدێلێک لە ئایندەوە دەخوازم!

حەز دەکەم لێرەدا نموونەیەک بهێنمەوە، رۆمانیا لەو دەوڵەتانە بوو کە بە سیستمێکی تۆتالیتاری بۆ چەندان ساڵ حوکم دەکرا، بەڵام لە پاش ساڵانی ١٩٨٩ ناچاربوون کە بە شێوازێکی ریشەیی بە هەموو جومگە و یاساکاندا بچنەوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بینای پرۆسەیەکی نوێ لە حكومڕانی بکەنەوە. کارێکی ئاسان نەبوو سەدان بەڵکو هەزاران لە یاسا کۆنەکان بگۆڕن تا ئاساوری سیستمە تۆتالیتارییەکە بسڕنەوە و گەندەڵی سیاسی کەم بکەنەوە.

لەسەرەتادا مشتومڕێکی زۆر لە نێو پارتە سیاسییەکان و هاوڵاتیاندا هەبوو لەسەر ئەوەی ئایا رۆمانیا بە سەربەخۆی بمێنێتەوە باشترە یان ببێتە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپی؟ ئایا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەتوانێت کار بکات و خۆی بژێنێت؟ ئایا چەمکی سەروەری دەوڵەت زیانی لێناکەوێت ئەگەر ببێتە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپی؟ ئەوەی کە یارمەتی رۆمانیای دا کە ئەو ئەزموونە بە سەرکەوتووی ببڕێت ئەو هارمۆنیەتە و تەباییە بوو کە لە نێوان پارتە سیاسییەکان و خەڵکدا هەبوو. ئەو تەباییە ئیرادەی سیاسی هێنایە کایەوە و هەریەکەیان لە دۆڵێکی جیاوازدا کاریان نەدەکرد. ئیرادەی سیاسی ریفۆرمی سیاسی دەهێنێتە کایەوە. لەم پرۆسەیەدا هەم ناتۆ و هەم یەکێتی ئەوروپا پشتوانیان کرد. رۆمانیا ئێستا دەوڵەتێکە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆیە و بە بودجەی ساڵانە بەشدارە و رۆڵی لە دارشتنی ستراتیژیەتی یەکێتی ئەوروپادا هەیە. رۆمانیا توانی لە ئابووریەک کە لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵکرابوو بپەرێتەوە بۆ ئابووریەکی ئازاد کە کەرتی تایبەت رۆڵێکی گرنگ لە گەشەسەندنی سیاسی و ئابووریدا دەبینێت. کەواتە ئەمە بۆ رۆمانیا مەحاڵ نەبوو!

ئەی بۆ بۆ ئێمە مەحالە؟ سەرەتایی ئەو ئەزموونەی رۆمانیا زۆر لە سەرەتایی ئەزموونی ئێمە لە عێراق دەکات، رەنگە بڵێن پرۆسەی چاکسازی لای ئێمە هەرگیز نایەتە دی ماوەیەکی زۆر تێپەرێوە و هیچ نەکراوە، لە راستیدا ئەوانیش لە هەوڵی یەکەمدا سەرکەتوو نەبوون، راستە، بێگومان، دەبێت رەچاوی جیاوازی دۆخی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەردوولا بکەین بەڵام وەک سیستمی حکومرانی و هەوڵەکانی سەرەتا تا رادەیەک لەیەک دەکەن.

پرسیاری ئێستا ئەوەیە ئایا ئەوەی بۆ ئەوان مەحاڵ نەبوو، بۆ ئێمە مەحاڵە؟ ئایا پانتاییەک لە ئومێد ماوە کە لە پرۆسەی دامەزراندنی حکومڕانییەکی خۆماڵیدا پێداچوونەوەیەکی ریشەیی بە یاساکاندا بکەین یاخو نا؟ بێگومان بۆ ئەوەی ئەم خەون و خواستە ببێتە کاری کردە، دەبێت ئامرازەکانی کارکردنی سیاسیمان بگۆڕین تا وەکو دیدێک و تێڕوانینێکی باشتر بێتە ئاراوە، بۆ ئەمەش، نەوەک هەر پێویستمان بە هێنانەکاییەی پرۆسەیەکی تواناسازی یاسایی و سیاسییە، بەڵکو پێویستمان بە هێنانەکایەی پرۆسەیەکی چاودێری سیاسی و یاساییە بۆ دڵنیابوون لەوەی بودجە و وزە بە فیڕۆ نەڕوات، ئەگەر ئەو دامەزراوانەی کە هەیە پەرە بەکارەکانیان نەدرێت و پەکبخرێن ناتوانین نەخشەرێگایەکی نیشتمانی دارێژیین. 

پوختەی قسە: ئایا پێداچوونەوە بە ئەزموونێکی چەندان ساڵەی میراتی حکومەتە یەکبەدواییەکانی بەغدا و ئەزموونی سی ساڵەی خۆمان مەحاڵە؟ من لەو باوەڕدانیم مەحاڵ بێت، لەبەرئەوەی بێ دوودڵی دەڵێم کە گەندەڵی سیاسی  ئەوە ناگەیەنیت کە کەلتووری نەتەوەیەک یان میللەتێک گەندەڵ بێت یاخود گەندەڵی بەرهەم بهێنیت. گەندەڵی سیاسی خو و رەوشتی کۆمەڵایەتی نییە بەڵکو رەفتارە و قابیلی گۆڕانە، هەندێ لە رەفتارەکان هی کەسایەتییە، هەندێکیان بۆ بەرژوەندی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە.

129 جار خوێندراوەتەوە