دەستێوەردانی دەرەکی و دامەزراندنەوەی دەوڵەت

نەما، دەستێوەردانی دەرەکی ئەمریکا وهاوپەیمانان لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و دەوڵەتەکانی دیکە وەک ئەوەی لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵی رابردوودا دەکرا، لانی کەم، تا بایدن لە کۆشکی سپی بێت، نەما. ئەمەریکا دەگەرێتەوە سەرەتایی سەرەتاکان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەوانی دیکە و چیدی دروشمەکانی هێنانەکایەی گۆرانکاری ریشەیی لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کار و بەرپرسیاریەتی خۆی نازانێت و لەوەندە زیاتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەرکێشی سیاسی ناکات!

لە سەرەتای نەوەدەکانەوە، لە پاش رووخاندنی دەوڵەتی سۆڤیەت و هاتنەکایەی یەک جەمسەری لە جیهان،  ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بە دوو شێوازی سیاسی جیاواز کاریان لەسەر گۆرینی سیستمی حوکم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و دەوڵەتەکانی دیکە کرد، یەکەمیان لە ئاستی خوارەوە بۆ سەرەوە بوو ئەوەش بە رەخساندنی زەمینە بۆ بە تواناکردنی میللەتان تاوەکو خۆیان بە دەستی خۆیان سیستمی حکومڕانییەکانیان بگۆرن، ئاستی سیاسی دووەم لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوو بە پشتگیریکردنی ئینقلابە سەربازییەکان، ئەمەیان هەر لە سەردەمی جەنگی ساردوە زۆر باو بووە، ئەو کات لە دارشتنی سیاسەتی دەرەکیدا باس لە مافەکانی مرۆڤ لە دەرەوەی ئەمریکا نەدەکرا. پاشان لە دەستێوەردانی دەرەکییدا دوو جۆریان پەیرەو کردووە یەکەمیان بە دەستێوەردانی راستەوخۆ و بە بەکارهێنانی هەموو چەشن لە هێز و سەرمایە کە بە “Heavy Blueprint” ناسراوە و دووەم بە دەستێوەردانی ناراستەوخۆ “Light Blueprint”ناوی دەبەین کە بە سەرمایە و سوپای کەمتر و بە دەستەڵاتی سیاسی و ئیداری کەمتر دەستێوەردانیان کردووە.

عیبرەتی هەموو پرۆسەکانی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بۆسنیا و کۆسۆڤۆ و پاشان ئەفگانستان و عێراق پێمان دەڵێن کەلێنێکی فراوان هەبوو لە نێوان ئەوەی ناونرا " پلانی نێودەوڵەتی و تەرخانکردنی سەرمایەی مەزن" کە ئەمریکا لە پاش ئۆپراسیۆنەکانی ناتۆ لە بۆسنیا کردییە بەشێک لە سیاسەتی دەرەکی رەسمی خۆی و وەک پاساوێک بۆ دەستێوەردان بەکاری هێنا و لەگەڵ ئەو واقیعە لۆکەڵەی کە لە وڵاتەکاندا هەبوون. پلانەکە لە دۆڵێک وتایبەتمەندییەکانی دانیشتوانەکانی ناوچەکان لە دۆڵێکی دیکە.


دەستێوەردانە دەرەکییەکان جیاوازبوون؛ لە بۆسنیاوە دەستپێکرد و ناتۆ لە هەموو روویەکەوە ئەزموونێکی سەرکەوتووی پیشاندا، نەوەک هەر کۆتایهێنان بە جەنگەکە بەڵکو ژیانی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی پاراست و تێچوونی دارایی کەم بوو و ئاوارەکان گەڕانەوە و میلیشیاکان هەڵوەشانەوە و ئاشی بەرقەرار بوو، بەڵام گەندەڵی سیاسی و دارایی هەر هەیە. نموونەی بۆسنیا بوو کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی هاندا بیر لە "پرۆژەی بیناکردنەوەی ئاشتەوایی" لە جیهاندا بکەنەوە و بیر لە هێنانەدی گۆڕانکاری لە بونیادی کۆمەڵگەکاندا بکەن بە مەبەستی بنبڕکردن و کەمکردنەوەی هەڕەشەکان لەسەر کۆمەڵەگەکانی خۆیان.

 

دوو دید یان دوو شێوازی جیاواز بۆ پیادەکردنی دەستتێوەردانە دەرەکییەکان هەبوون، یەکەمیان؛ بەکارهێنانی دەستەڵاتێکی رەهای سیاسی و ئیداری لە لایەن هێزی داگیرکەرەوە لە وڵاتەکەدا بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری، هەروەک ئەوەی لە بۆسنیا و عێراقدا روویدا. لە سەرەتادا، حاکمی مەدەنی عێراق خاوەن دەستەڵاتی رەها بوو، سوپای هەڵوەشاندەوە و نوێنەری راستەخۆی لە هەموو پارێزگایەک دامەزراند و حاکمی "بۆسنیا"ش دەستەڵاتی ئەوەی هەبوو کە هەر کەسێکی بوێت بیخاتە بەندیخانەوە و دەستوور بە کەیفی خۆی بگۆڕێت، فۆرمی دووەم لە دەستێوەردانی دەرەکی نموونەی سەرەتایی ئەفگانستان بوو کە کەمتر کۆمەڵگەکانی ناوخۆ لە لایەن هێزە دەرەکییەکەوە راستەوخۆ حوکم دەکرا. دەستێوەردانی دەرەکی لەوێ لەسەرەتادا بە بەراورد بە عێراق کەمتر بوو. وەزیری بەرگری ئەمریکای ئەوکات، دۆنالد رامزفێلد لەگەڵ ئەخزەر ئیبراهیمی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کەمتر کاریان بەو شێوازەی عێراق کرد، کاریان بە جۆرێک کرد کە حکومەت کەمتر پشت بە پارەی دەرەکی ببەستێت، نەوەک بە جۆرێک لە جۆرەکان گروپە تیرۆریستەکان بەهێز بکاتەوە، هەر لەبەرئەوە پرۆسەی پیادەکردنی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی لە ئەفگانستان لە پرۆسەی دامەزراندنەوەی دەوڵەت کە لە عێراق پیادەکرا جیاواز بوو. ئەوەی ئەوێ کە لە سەرەتادا دامەزرا جیاوازبوو لەوەی ئێرە، بۆ نموونە نەتەوە یەکگرتوەکان نوێنەرایەتیان لە پارێزگاکان دانەمەزراند بەڵکو ئەو ناوچانە درانە دەست حەمید کارزای و بە شێوازی کلاسیکی حکومەتیان بەڕێوە دەبرد، هەرچەندە دواتر بەهۆی تەشەنەسەندی گەندەڵی سیاسی و یاسایی وحکومرانی سیاسەتی دەستێوەردانی دەرەکی گۆڕا و هێزەکانی ناتۆ زیاد کران و پلانی ستراتیژی بە تەواوی لە ناراستەوخۆوە بۆ دەستێوەردانی راستەوخۆ گۆرا.


سەرباری پیادەکردنی ئەم دوو جۆرە لە مۆدێلی حکومڕانی بەڵام هەردوو دەوڵەت و هەردوو پرۆسەکە نەتوانرا، ئێستاشی لەگەڵ بێت، دیدێکی خۆماڵی بۆ چارەسەری کێشەکان و شێوازی حکومرانی بێنێتە ئاراوە، هەروەها لەگەڵ نەبوونی پلانی راستەقینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سیاسی و دارایی. ئەمە خۆی لەخۆیدا گەورەترین بەڵگە بوو لە بوونی ئەو کەڵێنەی لە سەرەوە دەستنیشانمان کرد، رەنگە هاتنەوەی تاڵبان لە ئەفگانستان بەو پاساوە بێت کە ئەوان دەتوانن کۆنترۆڵی بەرهەمهێنانی ئەو ئەفیونە بکەن کە بۆ ئەوروپا دەڕوات و تاڵیبان توانای هەبێت گروپە ئیسلامییەکانی دیکە لاواز بکات، پێشتر ئەوەی کردبوو!


لە دەرهاویشتەکانی نەبوونی تێگەیشتنێکی قووڵ لە لایەن رۆژئاواوە بۆ بونیادە سەرەکییەکانی ئەو جوگرافیایانە کە پێیان نایە ناوی و بەهەڵە کوشندەکان دەژمێردرێت زاڵبوونی تەکنیک بوو بەسەر ستراتیژیەتدا، دووەم؛ زۆر جار ئەو پلانەی بۆ ناوچەیەک دەگونجا، بۆ ناوچەیەکی دیکە باشتر بوو. دەستێوەردانە دەرەکییەکان تەنیا پشتیان بە پلانە نێودەوڵەتییەکە و تەرخانکردنی سەرمایەیەکی زۆر بۆ ئەنجامدانی پلانە بەستبوو، بەرامبەر ئەمە دانیشتوانی ناوچەکان بۆ ئەوان وەک تارمایی بوون، هەر بۆیە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژئاوا "ئەوان" بۆ ئـێمە لای رۆژئاوا "خۆیان" بوو، وەڵامەکان، وەڵامە دروستەکانی ئێمە نەبوون!


پوختەی قسە: گەورەترین و زەقترین گرفت کە هێشتا ئەو وڵاتانەی دووچاری دەستێوەدانی دەرەکی بوون و بە دەستییەوە دەناڵێنن و کەسە پسۆرە ئەکادیمییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان جەختی لێدەکەنەوە بوونی "گەندەڵی سیاسی و داراییە". ئەمەش دەرهاویشتەیەکی رەها و زەقی دەستێوەردانە دەرەکییەکانە. چارەسەریش بە هێنانەکایەی حکومڕانییەکی هاوبەشی راستەقیینەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کەڵێنە و داڕشتنی پلانێکی نوێیە بۆ ئاوێزانکردن و ئاشتکردنەوەی دانیشتوانی ناوچەکان نەوەک تەنیا کارکردن لەسەر نوخبە سیاسییەکان.


لە پاش تێپەڕاندنی سەردەمی دەستێوەردانی دەرەکی پێویستمان بەوەیە لە "نمایشی سیاسی سەرپێی"یەوە بپەڕینەوە بۆ دامەزراندنی"دایالۆگی سیاسی دووجەمسەر"، راستە، هەوڵەکان لای ئێمە هەمیشە بۆ مەبەستی تێگەیشتن لە کێشەکانمان و بەدەستهێنانی پشتگیری و لایەنگیریی ئەوان بووە، بەڵام  بۆ دروستکردنی پرسیار بۆ ئەوان لەوان نەبووە تاوەکو ئاراستەیەک بۆ تێگەیشتن لەوان دەستنیشان بکەین. دەبێت هەوڵمان بۆ بیناکردنی پردی تێگەیشتن لە نێوان خۆمان و رۆژئاوادا بێت. بە درێژای مێژوو، لە باشترین دۆخدا، بیناکردنی لایەک یاخود نیوەی پردەکە بووە، کە بەداخەوە، ئاشکرایە، نامانپەڕێنێتەوە ئەوبەربۆ کەناری دڵنیایی. بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و ئەوان دەبێت کار لەسەر بیناکردنی نیوی دووەمی پردەکەش بکەین تاوەکو ئەو دایالۆگە سیاسی و شارستانییە بێتە ئاراوە.


هەمیشە ئەوان پرسیار لە ئێمە دەکەن، هەر ئێمەش وەڵام دەدەینەوە. لە دایالۆگدا گرنگە دوو جەمسەر بوونی هەبێت، هەوڵدان بۆ بەدەستهێانی حیکمەتی ئەوان لە خوڵقاندنی پرۆسەی پرسیاری ئێمەوە دەست پێدەکات. دەبێت لە دۆخی گوێکری هەمیشە و قسەکەری (ئامۆژکاری) هەمیشەیی دەربازبین. ئێمە لە باشترین دۆخدا هەوڵمان داوە پانتاییەکانی تێگەیشتنمان بۆ رۆژئاوا فراوان بکەین، بەڵام هێشتا کارمان لە ناو ئەو پانتاییەدا نەکردووە، هەوڵمان داوە کۆدەکان و ئاماژەکان بخوێنینەوە و راڤەیان بکەین، بەڵام جارێ ئەو کۆدانەمان بەکار نەهێناوە.


ئێمە لەبەر نقووم بوونمان لە ململانێی سیاسییە لاوەکی و لۆکەڵەکان و هەژموونی ئیسلامی سیاسی بە گشتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانمان نەپەرژاوینەتە سەر ئەوەی باش لە فەلسەفەی سیاسی رۆژئاوا و مەسیحیەت و ئەدەب و هونەر و شێوازی کارکردنی دامەزراوە جیاوازەکان و کەلتووری خواردنیان تێبگەین. بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی دارشتنی سیاسەتی دەرەکی رۆژئاوا پێویستمان بەوەیە لە سەرتاپا کۆڵەکەکانی ژیان لە رۆژئاوادا شارەزابین. لەو زانینەدا بەرژوەندییە سیاسییە پەنهانەکان ئاشکرا دەبن، زانینی زمانی ئینگلیزی، وەک نموونە، بەتەنها بەس نییە بۆ دامەزراندنی دایالۆگێکی شارستانی ئەگەر شارەزای مێنتالەتی یان ئەو عەقڵە نەبین کە لە ناو زمانی ئینگلیزیدا دێتە گۆ.


ئێمە پێویستمان بە تۆفیق وەهبی و ئەدوارد سەعیدێکی دیکە هەیە کە فۆرمێک و ئاوێتەیەکی نوێ بە تێگەیشتنێکی نوێ لە رەوتێکی مێژووی شیاوی ئێستادا بێنێتە کایەوە. ئەمەش ئەرکی ئەو رۆشنبیرانەیە کە ساڵانێکی زۆرە لە ئەوروپا دەژێن، پێویستمان بەوەیە کە میراتێکی مێژوویی لە مەعریفەیەکی نوێ بە دیدێکی نوێوە بێنە کایەوە و لە قۆناغی ئیدانەکردنی سیاسی خۆرسکانە تێپەرن بۆ دامەزراندنی تۆرێک لە "کاری ئەکادیمی سیاسی پێکەوەیی تۆکمە" کە ئەمەش کارکردنە لە سەر بیناکردنی نیوەکەی دیکەی پردەکە و پەرینەوەش بۆ کەناری ئەوبەر تا سەنگینتر خۆمان ببینین و بناسین.

529 جار خوێندراوەتەوە