لە پەراوێزی کۆچبەریدا، سەرنجێک: گەڕان بەدوای ماناکانی نیشتماندا

گەران بە دوای نیشتماندا، گەڕانە بە دوای پانتاییەکانی راستگۆیدا. راستگۆییەک لە نێوان بەرداشی بەرژەوەندی گشتی و تایبەتیدا بەردەوام گینگڵ دەدات. گەڕان بەدوای ماناکانی نیشتماندا ملمڵانێیە لە نێوان جەوهەری مەسەلەکان و گەمێ قێزەوەنەکانی مرۆڤ بە گشتی. لە راستیدا، هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنی بەهاکانی نیشتمان، دەبێت داکۆکیکردن بێت لە بوون و وجود وەک سەرەکیترین بەڵام سادەترین ئەرکی پڕاو پر لە ئەمەک.  .

بەداخەوە، هەندێ رەفتاری سیاسی و هەندێ لە تەفسیرەکانی رۆشنبیرەکان، کە لە سۆنگەی جیاوازەوەیە، ئەو مانا جەوهەرییانە کاڵ دەکەنەوە و کاریگەری خراپ بەجێ دەهێڵن، زۆر جار ئەمە بە مەبەستە و هەندێ جار بێ ئاگاییە و هەندێ جاری دیکە کاردنەوەیەکی خۆرسکانەیە و هەندێ جاری دیکە داپۆشینی راستییەکی تایبەتە و هەندێ جار شکستی کەسەکەیە و هەندی جاریش دوو فاقی هەڵوێستی سیاسییە و یان دوو روویی کۆمەڵایەتییە، ئاخر ناکرێت کەسێک خۆی بەشێک بێت لە سەرتاپا سیستمەکە و هەمیشە کەسی هەموو وەرزەکان بووە بەڵام نەوەیەک هاندەدات رقی لە نیشتمان بێت. بەڵێ، راستە، ئەوەندەی رەفتاری سیاسی ژەهراوی هەیە کە پاساو ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی هەناسەیەکی بێگەرد هەڵمژین، بەڵام ئەوە رەفتارە سیاسییەکەیە کە قێزەوەنە، نیشتمان گوناه و خەتای چییە، بۆ فیتنەیی بە ناوی نیشتمانەوە دەکەن. تۆ کە لە جوگرافیایەک لە دایک دەبیت ئەوە دەبێتە راستگۆییی و حەقیقەتی ژیانت، دواتر ئەوە تۆی، ئەی مرۆڤ، لە بری ئەوەی بینای بکەیت، وێڕانی دەکەیت، ئەوە تۆی کە گوناه باریت نەوەک جوگرافییەکەت. دونییایەک کەسی ئەفسانەیی رۆمانسیانە خۆیان بۆ نیشتمان بە کوشتدا، بەڵام تۆ کورتی دەکەیتەوە بۆ پێلاوێک و تەنانەت شیعرەکانی ماغوتی شاعیری سوریش لە سیاقی خۆی دەردەهێنیت و بە چەواشەی بۆ مەرامی خۆت بەکاری دەهێنیت و خۆت لە بەرپرسیاریەتی ناو سیستمەکە دەدزیتەوە و خۆت دەکەیتە فریشتە. بزانە جوولەکەیەک جنێو بە میللەتی خۆی دەدات، ئەو هەرگیز مێژووی نەتەوەکەی کە قوربانییەکی مێژوویە ناگۆرێتەوە بە فاشیەتی هیتلر، بزانە ئەرمینییەک کە دەست دەکەیت بە قسە لە گەڵی خۆی بە سووک دەزانێت. ئەوە تۆی کە ناتوانیت رووبەرووی راستگۆیی ببیتەوە، موناوەرە دەکەیت و خۆت وەک واعز لە چەندان بەرگدا نمایشت دەکەیت، جوانترە، بێدەنگی وەک هەڵوێستێکی بوێرانە هەڵبژێریت، نەوەک شێواندنی مێژوویەک لە قوربانی لەبەرئەوەی هەندێ رەفتاری سیاسی لێرە و لەوێ بە قێزەوەنی دەردەکەون. ئیدانەی ئەو رەفتارە راشکاوانە بکە، نەوەک نیشتمان، کە تۆ سوودمەندی هەموو وەرزەکانی نیشتمان بوویت، رەحم بە نیشتمان بکە و چەمکی یاخیبوون بە چەواشەی بەکار مەهێنە، یاخی بوونی نەوەکان بۆ دامەزراندن ئاراستە بکە نەوەک بۆ سڕینەوە و رق و وێرانی.

ئەوە نیشتمان نییە کە فاشییە، ئەوە جەهلی سیاسی و هەندێ رەفتاری چەوتی سیاسیی و بەرژوەندی کەسی و تایبەتی هەندێ رۆشنبیرە کە فاشییەتە، کە تۆ نەتوانیت نیشتمانێک بینا بکەیت، کە تۆ نەتوانیت نیشتمانێکی دیکە لە ئەدەب و هونەر و رۆشنبیریدا بینا بکەیت، کە تۆ نەتوانیت خەونێک بکەیتە ماددەیەکی بیانکەر بۆ ئاییندە، ئیتر نیشتمان چی بکات، نیشتمان خەتای چییە کە تۆ رۆحێکی شەرانگێز بە جوگرافیایەکی رووتدا دەکەیت، بۆ نیشتمان وەک یەکەیەکی جوگرافی و وەک زێدی لە دایکبوون و مێژوویەک لە هەموو فۆرم و شێوەکانی قوربانی دەدەیەتە بەر شمشێری دووفاقی.

لە راستیدا، دەبێت ئیدانەکردن و سەرکۆنەکردنی رەفتاری سیاسی چەوت لە جەوهەری نیشمان جودا بکرێتەوە و مێژووی نیشتمان بۆ رەفتارێکی سیاسی دیاریکراو لە ساتێکی مێژوویدا بە سەقەتی کورت نەکرێتەوە. ئاخر ئەوە ژیان و نیشتمانە بەردەوام دەبن، ئەوان جەوهەری وجودن، نەوەک ئێمە. نابێت جەوهەری بەردەوامی بیناکردنی دونیا بشێوێنرێت.

تکایە نیشتمان بە وەهمی سیاسی و بە تەماعی کەسی و بە ئایدۆلۆژیای بەتاڵ لە خشتە مەبەن. گەڕان بە دوای ماناکانی نیشتماندا لە پانتایی راستگۆیدا گەڕانە بە دوای پەروەردەکردنی "بەتەربیەتکردنی" رەفتاری سیاسی و کۆنترۆڵکردنی تەماع و غەریزەی ئاراستەنەکراو.

121 جار خوێندراوەتەوە