لە نێوان تەکنۆکرات و سیاسیدا: کەلێنێکی دیار

کەڵێنێکی دیار لە نێوان رۆڵی ئەو دوو پیشەیە یاخود کەسایەتییەی سەرەوەدا لە پرۆسەی سیاسی لە دونیادا هەیە. ئەم کەڵێنە یەکێکە لەو تەوەرانەی کە پرسیار ئاراستەی پرۆسەی دیموکراسی لە رۆژئاوا دەکات بە تایبەتی لە کاتی هاتنە سەر حوکمی پارتێکی نوێ لە پاش سەرکەوتنی پارتەکە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.

پارتی سیاسی براوە هەمیشە پرسیاری ئەوە لە خۆی دەکات؛ تاچەند تەکنۆکراتەکان کە لە ئۆفیسەکانی خۆیاندا رۆژانە کار دەکەن لە مانیفێست و پەیامی پارتە سیاسییە براوەکە تێدەگەن و شارەزان و توانای جێبەجێکردنیان هەیە، لە هەمان کاتدا، سیاسییەکانیش ئەو پرسیارە لە خۆیان دەکەن تا چەند شارەزای رێکارەکانی حکومرانی و ئیداری و یاساکانن. ئەم دوو پرسیارە سەرەتای دەستنیشانکردنی ئەرکی هەردوولایە بەرامبەر بەیەک، بۆ ئەو مەبەستەش پێویست دەکات ناوەندێک یان چەقێک هەبێت هەردوولا لە یەکتر نزیک بکاتەوە.

مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینە ئاشناکردنی خوێنەرە، بە کورتی، بە خەسڵەت و ئەرکە سەرەکییەکانی هەردوو کەسایەتییەکە و چۆنێتی کارکردنیانە لە نێو پرۆسە دیموکراسییە نوێکان کە بەداخەوە کەڵێنەکە لێرەدا زۆر فراوانترە و زۆرجار وەک سەدای دوو دەنگی جیاوازە لە نێو دوو دوڵی جیاوازدا، هەروەها بۆ ئاشنابوونە بە سروشتی  پرۆسەی بڕیاردانی هەردوولا و بۆ زانینی جیاوازەکانیانە. دواتر وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە کە ئایا دەکرێت کەسێک هەم سیاسی و هەم تەکنۆکرات بێت؟ ئەگەر کاری کردەیە چۆن پارسەنگی هەردووکیان راگیرێت؟ کام کارامەیە گرنگترە و لە کوێدا بەکار دەهێنرێت و کامیان پێشینەیە؟

با لە پێناسەکردنی تەکنۆکراتەکانەوە دەستپێبکەین، کە هەر لە پێناسەکەدا پەیوەندی نێوانیان دەردەکەوێت. هەموومان شارەزای سیفەتەکانی سیاسییەکانین، لێرە بایەخ بە تەکنۆکراتەکان دەدەیین؟ ئەمانە کێن؟ رۆڵیان چییە؟ ئالەنگارییەکانی بەردەمیان چییە؟

تەکنۆکراتەکان چیین و توێژی شارەزا و پسپۆری کۆمەڵگەن لە بواری جیاوازدا، ئەمان دامەزراوە پێک دەهێنن و دەیپارێزن و گەشەی پێدەدەن. ئەمان بۆ ناو دامەزراوە و پیادەکردنی خیتابی سیاسی گرنگن، هەم دامەزراوە پێویستی زۆری بە کەسی تەکنۆکراتە، هەم دەوڵەت و هەم دامەزراوەکانی ئۆپۆسیسیۆنیش ئەو پانتایانەن کە تەکنۆکراتەکان دروشمە سیاسییەکان تێدا ورد دەکەنەوە و سێکتەرەکان بینا دەکەن و نەخشەرێگایەکی پراکتیکی بە دیدێکی پراکتیکەوە دادەرێژن. لەمەش گرنگتر، تەکنۆکراتەکان، دواجار خەون و ئارەزوو و پێداویستییەکانی پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەنە پرۆژە و توانای جێبەجێکردنیان هەیە، بەکورتی ئەوە تەکنۆکراتەکانن کە نوێنەرایەتی هاوڵاتی دەکەن لە نێو دامەزراوە گشتییەکاندا.

هەر پارتێکی سیاسی بێتە سەر حوکم بە بێ پشتیوانی تەکنۆکراتەکان کاریان بەرێوە ناچێت. تێگەیشتنێکی هەڵەی باو هەیە بەوەی کە تەکنۆکراتەکان لە نێو پارتی سیاسیدا کاریگەریان ئەوەندە نییە. راستە، کاری تەکنۆکراتەکان سەنعەتی نێو حکومرانیە، بەڵام ئەگەر پارتی سیاسی خواستی ئەوەی هەبێت کە وەک پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی کار بکات، ناچارە پەنا بۆ تەکنۆکراتەکان بەرێت، هەم بۆ ئەوەی کاری خۆیان بکەن هەم بۆ ئەوەی مانیفێستێکی راشکاو بۆ پارتە سیاسییەکە دارێژن. لە راستیدا، لە دونیادا، ئەوەندەی پارتی سیاسی  پێویستی بە تەکنۆکراتەکانە ئەوەندە تەکنۆکراتەکان پێویستیان بە پارتی سیاسی نییە، بە مەرجێ تەکنۆکراتەکان بە ژینگە سیاسییەکە نامۆ نەبن. بۆ نمونە، هەر پارتێکی سیاسیت بینی کە هەمان هەڵە چەند جار و لە بۆنەی جیاوازدا دووبارە دەکاتەوە، دەستبەجێ بزانە پێویستی بە تەکنۆکراتی سیاسییە. بۆ ئەوەی چینێکی کاریگەر لە کەسانی تەکنۆکرات بوونیان هەبێت، پێویستمان بە دامەزراوە هەیە کە سیستمێک لە پەرەسەندنی تواناسازی و فلتەرکردن و چاودێریکردن تێیدا بوونی هەبێت. بوونی چینی تەکنۆکرات، بوونی دامەزراوەی پتەو و نەخشەرێگایەکی حکومڕانییە.

تا ئێرە هیچ جۆرە گرفتێکی گەورە نییە، بەڵام کە هەردووکیان دەچنە ناو دامەزراوەکەوە بە ئاگا یان بێ ئاگا رەفتارەکان بەریەک دەکەون، پێکدادان لە نێوان دوو دید و دوو تێگەیشتنی سیاسی و دوو رۆڵی جیاوازدا دەردەکەون، بە تایبەتی لە فۆرمی دیموکراسی تازە دروستبوودا. هەر فۆرمە دیموکراسییەکە بە دوای توانایەکی سیاسی تەکنۆکراتی عەمەلیدا دەگەرێت. لە فۆرمە دیموکراسییەکەدا پانتاییەک هەیە بە دوای  خەسڵەت و ئەرک و بەرپرسیاریەتی ستاندەردی تەکنۆکراتەوە دەگەرێت، نەوەک بە پێچەوانەوە، بۆ نموونە بۆ ئەوەی پۆستێکی بواری کیمیا یان دارایی یان یاسایی پڕبکەیتەوە، هەردوو پێشینەکەت پێویستە. لە پانتایی فۆرمە دیموکراسییە نوێکەدا بەهای سیاسی نوێ هەیە کە پێویست بە توانای سیاسی نوێ دەکات تاوەکو بەرجەستەی بەها سیاسییەکە بکات. ئەو پانتاییە/ژینگە سیاسییە نوێیە لە سیاسی دەخوازێت پێستی چەندان ساڵەی بگۆرێت و لە تەکنۆکرات دەخوازێت ئیدارەی مانۆرە سیاسییەکان بکات.

بێگومان، ئەو نیگەرانیانە لە دیموکراسییە پێشکەتووەکاندا چارەسەر دەکرێن و تا رادەیەک دەرەوێنەوە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە رۆژئاودا سیاسی بێ توانا و تەنانەت تەکنۆکراتی لاواز نایەنە پێشەوە، ئەمە لە دونیای دامەزراوەی سیاسی رۆژئاوای ئەمرۆدا گرفتێکی گەورەیە، سەرباری هەموو ئەو دامەزراوە مێژوویانەی کە پاڵپشتی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی هەردوو کەسایەتییە سیاسی و تەکنۆکراتە دەکەن. لە ئیستادا، دونیایەک رەخنە هەم لە فۆرمی رۆژئاوایی لە پەروەردەکردنی سیاسی و تەکنۆکرات و رێکاری هاتنە پێشەوەی سیاسی دەدەن، هەم لە رۆژهەڵاتیش کە گرفتەکە گرێ کوێرەیە، لە باشترین نمونەدا کە "وڵاتی چیین"ە  شێوازێکی زۆر توندوتۆڵ و مەرکەزی بۆ پەرەپێدانی توانای سیاسی پەیرەو دەکەن، کەسەکە لە سفری ئەرکی سیاسییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە بەرزترین هەرەمی دەستەڵات. پرۆسە و فلتەرکردنی سەرکردە و تەکنۆکرات لەوێ زۆر سەختە.
ئەگەر ئەو دیمەنەی سەرەوە، لانی کەم، بەسەر پتر لە حەفتا ساڵی رابردووی عێراق و لە نێویشیدا هەرێمی کوردستان بەراورد بکەین، زۆر بە ئاسانی ئاکام و ئاماژەکانی ئەوەی روویدا و ئەوەی روودەدات بۆمان روون دەبێتەوە. لە نەبوونی دامەزراوەی دەوڵەتدا، لە نەبوونی یاسا دامەزراوەکاندا، لە بوونی جەنگی بەردەوام و گەورەبوونی نەوە لە پاش نەوە بە بێ بوونی سیستمێک و پەروردەی سیاسی، کۆمەڵگە رادەکاتەوە نێو پێکهاتە خۆرسکەکانییەوە ئەگەر خێزان یان خێڵ بێت و تەنانەت خەسڵەتە پیشەییەکانی تەکنۆکراتەکان  مۆرکی ئەوان هەڵدەگرێت و لە بازنەی خۆرسکی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەخوڵێنەوە، نمونەیەکی بەرچاوی قسەکانمان میراتی سیاسی "بێ نەزیر بۆتۆ" یە کە سەرۆکی وەزیرانی پێشووتری پاکستان بوو، ئەم نمونەیە بۆ ئێمە تارمایی نمونەکانی خۆمانە، هەرچەندە ئەو ئافرەتێکی زیرەک و شۆخ بوو، لە دامەزراوە ئەکادیمییەکانی رۆژئاوا خوێندبووی، هەرچەندە کۆمەڵگە کاریزمای خۆی و باوک و خێزانەکەی دەبینی بەوەی خاوەن مێژوویەکی سیاسیین کە دەتوانێت هەم وەک تەکنۆکرات و هەم وەک سیاسی ئیدارەی ململانێ سیاسییەکانی وڵاتەکەی لە پاڵ فایلی ئەتۆمدا بە وریاییەوە بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوژرا. کوشتنی ئەو کوشتنی ناسنامەی سیاسی تەکنۆکرات و تەکنۆکراتی سیاسی بوو لە پاڵ هەوڵدان بۆ سڕینەوەی میراتە سیاسییەکەی، بە مانایەکی دیکە دامەزراوەیەک نەبوو ژیانی بپارێزێت، هێشتا کۆمەڵگەکەی، ئەو ستاندەردانەی نییە تاوەکو تەکنۆکراتەکانی خۆی کە لە کوشتن بپارێزێت. پێم وابێت ئەزموونی پاکستان لەو ئەزموونە زیندووانەیە کە دەکرێت ئەگەر لێکۆڵەوەری باشمان هەبێت پرۆژەیەک لە ئاوێتەبوون و ئاوێزان بوونی هەردوولا بە مەبەستی دامەزراندنی دامەزراوەی سیاسی تەکنۆکرات بۆ ئاییندەیەکی دوورمەودا بنووسێتەوە و پیشانی بدات کۆڵەکە سەرەکی و خۆرسکەکانی کۆمەڵگە لە پرۆسەی بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگەدا لە قۆناغی جیاوازدا چییان بەسەر دێت.

پوختەی قسە؛ نەبوونی دامەزراوەی ستاندەر بە درێژایی مێژوو و گەرانەوە بە ناچاری بۆ تێگەیشتنە کلاسییەکییەکانی پێکهاتە خۆرسکەکانی کۆمەڵگە بە مەبەستی خۆپاراستن و پارێزگاریکردنی خەڵک بە گشتی وەک بوونی جۆرێک' لە "هەتیووی مێژووی"ی وایە کە خۆمان بێ چەک و بێ مەعریفەی سیاسی و بێ مێژووی دامەزراوە نمایشت دەکەین.

هیوادارم بەراوردەکان، پەیامی ئەم نووسینەی گەیاندبێت کە ئێمە لە کوێی هێنانەکایەی پرۆسەی دروستکردنی "سەرکردەی سیاسی تەکنۆکراتی پراکتیکیداین". "توانای سیاسی تەکنۆکراتی پراکتیک" سەنعەتێکە وەک خەون لە ئاییندەوە دەخوازین، سەنعەتەکە دروشمە سیاسییەکان تێدەپەرێنێت، کەڵێنە پیشەییەکانی هەردوو خەسڵەتەکانی تەکنۆکرات و سیاسی کەم دەکاتەوە بە جۆرێک کە هەم سیاسی تەکنۆکراتە و هەم بە پێچەوانەوە تەکنۆکراتیش سیاسییە. ئەم دیدە، هەرچەند لە ئاییندەوە خوازراوە بەڵام تا سەرئێسقان ئاگاداری نەخۆشی و پەتا سیاسییەکانی ئێستاییە.

399 جار خوێندراوەتەوە