دیدێک بۆ دامەزراندنی دەستەی چاکسازی لە حکومەتدا

دیدێکی سەرەتایی بۆ دامەزراندنی دەستەی چاکسازی لە ناو حکومەتدا

دەڵێن" هیج ناگۆردرێت، خۆت شەکەت مەکە، ئەمە کەلتوورە، هەمووی وەک یەکە، هەر وا دەبێت، لەوە باشتر نابێت، جیاوازییان نییە" ئەمە ئەو قسە باوەیە کە لە دۆخی نائومێدیدا لەسەر زمانی زۆرینەی خەڵکە. من بە تەواوی لەگەڵ ئەم قسە باوەدا نیم لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە نییە لە دونیادا نەزانێت راست و هەڵە چییە، شەر و خێر لە کوێدایە، ئەمە بە مانای ئەوەی کەلتوورێک نییە جێگیر بێت یان یەک جۆر تێگەیشتن بۆ رۆڵی کەلتوور، بەتایبەتی کەلتووری سیاسی بۆ هەموو کۆمەڵگەکان بشێت. 

گرفت لەوەدا نییە کە دۆخەکە پڕ لە نائومێدییە، گرفتی سەرەکی و کەمەرشکێن لە ئاستی ئەو تێگەیشتنەدایە کە پێی وایە گەندەڵی کەلتوورێکی سیاسی هەمیشەییە و بۆ هەتاهەتا هەر دەمێنێت. ئەوە دۆخی گەندەڵی نییە کە خۆی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت بەڵکو ئەوە ئێمەیەن کە تەسلیم دەبیین، کە نابێت تەسلیم بین بەو دۆخە و بەو تێگەیشتنەیەی کە پێیوایە گەندەڵی واقیعێکە و دیفاکتۆیە و هەر دەمێنێت و ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک بەرەنگاری ببیتەوە. لەراستیدا ئەم دیدە زۆر هەڵەیە، ئەم نووسینە بۆ پەرچدانەوەی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەیە. ئەگەروا بوایە هیچ کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەکانی ئاسیا لە دۆخی گەندەڵی و مەرکەزیەتی دەوڵەتەوە نەیان دەتوانی وڵات بینا و ئاوەدان بکەنەوە، بە پەرەسەندی سیاسیشەوە.

کرۆک و سەری مەحەکی سەرکەوتنی حکومەتی ئاییندە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، ئەمە حیکایەتە ئەسڵیەکەیە، ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە هەموو ئەو پارتانەی بەشدارن لە پێکهێنانی حکومەتدا لە لایان زۆر رۆشنە و هەر یەکەیان بە جۆر و ئاستی خۆی ریسک دەکات بۆ ئەوەی ئەجێندای خۆی بسەلمێنێت، بەڵام، دواتر، رادەی پابەندبوونیان بە بەرنامەی چاکسازی و ئیرادە بۆ پیادەکردنی لە ماوەی ئەم چوارساڵەی داهاتوودا دەردەکەوێت و دەسەلمێنرێت.
 
حکومڕانی و گەندەڵی و لە نێوانیاندا رەفتار و کەلتووری سیاسی کە سێ تەوەرەی سەرەکی پێکەوە بەستراون، دەبێت ببنە کۆڵەکەی کارکردنی ئەو دەستەیە و پێویست دەکات سەرسەختانە کاریان لەسەر بکرێت، هەر لە پێناسەکردنی گونجاوەوە تا دەگاتە دارشتنی پلانی ستراتیژی واقیعی بۆ کۆمەڵگەیەک هێشتا لە جەنگدایە و بۆ ماوەیەکی دووریش بە دەست کاریگەرییەکانی جەنگەوە دەناڵێنێت و هێنانەکایەی پرۆسەی چاودێریکردنی ئەنجامدانی کارەکانی و راستکردنەوەیان لەکاتی پێویستدا، لەگەڵ رێکخستنەوەی کاری هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان. بە مانایەکی دیکە ئەم دەستەیە دەبێت هەر لەسەرەتاوە ئەرکەکانی پێشنیارکردن و پێداچوونەوە و پیادەکردنی یاساکان بێت و ئاگادار بێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان و چاودێریکردنیان، ئەمانە دەبێت ببنە بەشێکی سەرەکی پلانی ستراتیژی دەستەکە، هەروەها دەکرێت سەرپەرشتی کاری هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراو و کۆمپانیا بێگانەکان بکات بە دارشتنی رێنمایی و سیاسەتی گشتی لە سەر بنەمای ئەو یاسایانەی کە پەرلەمان دەریان دەکات و هەروەها دارشتنی میکانیزمی روون و ئاشکار بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنیان.

هەر بۆیە پێشنیار دەکەم ئەم دەستەیە لەسەر دوو ئاست کار بکات؛ ناوەوە و دەرەوە. لە ئاستی ناوەوەدا هەماهەنگی بکات لەگەڵ هەموو دامەزراوەکانی دیکە لە حکومەتدا بۆ پێداچوونەوە بە هەیکەلی کارکردن و دەستنیشانکردنی پێداویستییەکان و دانانی ئەولەویەتی کار. لە ئاستی دەرەوەدا، رێنماییکردن و کارکردن لەگەڵ رێکخراو و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، واتە ئەم دەستەیە ببێتە خاڵ و چەقی پەیوەندیکردن و هەماهەنگی و دڵنیابوون لەوەی کە کوالیتی کارەکان لەسەر بنەمای بەرنامەی دارێژراوی حکومەت بەرێوە دەڕوات و ئیدارە دەکرێت.

نموونەیەکی ساکار؛ دەکرێت کاری وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ببێتە بەشێک لە کاری ئەم دەستەیە، بە مەرجێک ئەرک و دەستەڵاتەکانی فراون بکرێت. پەیامی یەکەمی دەستەکە هەوڵدان بێت بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەت بۆ کارەکانی لە لایەن هەموو لایەکەوە، نەوەک هەر گومان کردن بێت لەو راپۆرتانەی کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەیدەن بە بێ بوونی بنەمایەکی یاسایی و بە بێ بوونی لێکۆڵینەوەی مەیدانی یان بە دواداچوونی عەمەلی ئەمەش بۆ سەلماندنی ئەوەی کێ لەسەر حەقە. پاراستنی ناوی هەرێمی کوردستان و بەرگریکردن لێی لە هێنانەکایەی پرۆسەیەکی خۆرێکخستەوە و موحاسەبەکردن و چاکردنەوە سەرچاوە دەگرێت ئەمەش بە هەماهەنگی لایەنە سەرەکییەکانی ناو حکومەت کاری لەم جۆرە دەبێت بەوەی گوزارشت لە ئیرادەی سیاسی هەموو لایەک بکات ئەگەر نا سەرکەتوو نابێت.

نموونەیەکی دیکە، هەندێ هەڵەی زەق هەن نابێت دووبارە ببنەوە وەک بانگەشەکردن بۆ دامەزراندنی حکومەتی ئەلکترۆنی بە بێ ئەوەی زەمینە رەخسا بێت و ئامادەکاری پێش وەخت بۆ پرۆژەیەکەی وا گەورە کرا بێت، چەند گرنگە دروشمە سیاسییەکان بکرێنە پرۆژە، دوو هێندە گرنگە پرۆژەکان لەگەڵ سیاقی دۆخەکە و سەردەمەکە و پێداویستییەکان بگونجێن. باشترە لە ئیستاوە کار لەسەر ئەرکەکانی کارمەندەکان بکرێت وەک لەوەی خەونێک ببینین کە کردە نییە. 

دەکرێت  لەناو ئەم دەستەیەدا هەماهەنگییەکی پتەو لەگەڵ دەزگا یاساییەکانی دیکە لە پەرلەمان و دەستەی نەزاهە و بەشە یاساییە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دامەزرێنرێت بە مەبەستی پتەوکردنی رۆڵی هەریەکەیان و خوڵقاندنی پرۆسەیەکی راوێژکاری بۆ گوێگرتن لە کێشەکان و ئاڵوگۆرکردنی زانیاری شیاو و متمانە پێکراو. هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و دەستنیشانکردنی تەحەداکان و کارکردن لەسەریان یەکێکە لە هۆی ئەو فشارانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی کوردستانی دەکات بۆ ئەوەی پشتیوانی دارایی و ئابووری بکات. واتە ئەم پشتوانییە دابین نابێت ئەگەر پرۆسەی چاکسازی راستەقینە لە گۆرێ نەبێت. ئەمە داواکارییەکی چەند ساڵەی بانگی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییە رەسمییەکانە.

دونیایەک لێکۆڵینەوە هەن کە دەستنیشانی کاریگەری کەلتووری سیاسی لەسەر ئادای حکومەت و پلانەکانی گەشەسەندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری کۆمەڵگە دەکەن، هەر بۆیە یەکێک لە گرنگترین ئاڵنەگەریەکانی حکومەتی داهاتوو خوڵقاندنی کەلتوورێکی حکومی و سیاسی جیاوازە، ئەمە کارێکی هەر وا ئاسان نییە و بە چوار ساڵیش نایەتەدی، بەڵام ئەگەر رێکەوتنی سیاسی هەبێت، دەشێت ببێتە دەستکەوتێکی ستراتیژی بۆ هەموو لایەک و دواتر کاری زیاتری لەسەر بکرێت، بۆ ئەمەش ئەم دەستەیە دەبێت ئەرک و دەستەڵاتەکانی روون ئاشکرابن و هەر لەسەرەتاوە دەبێت هەوڵ هەم  بۆ پتەوکردن و بە تواناکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بدات هەم ببێتە بەشێک لە دەستەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران تا بتوانێت چاودێری راپەڕاندنی رێنماییەکان و سیاسەتەکان بکات. 

مەسەلەیەکی دیکەی گرنگ بۆ ئەم دەستەیە شەفافیەتی کار و پرۆژە و بڕیارەکان و دەستکەوت و تەنانەت تەحەداکان و ئەولەویەتی کارەکانە، دیسانەوە نموونەیەکی دیکە، ئێستا پرۆژەیەک لەلایەن ئۆفیسی یارمەتیدانی دەرەکی سەر بە وەزارەتی دەرەوە ئەمەریکا لە جێبەجێکردندایە بەڵام کەس ئاگاداری نییە و نازانرێت تا چەند کاریگەرە. ئەم دەستەیە دەبێت دەستەڵاتی ئاراستەکردنی ئەم جۆرە پرۆژانەی هەبێت لە چوارچێوەی رێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران. 

مەسەلەی سیستمی لامەرکەزی، دەکرێت ببێتە مەلەفێکی دیکە نەوەی ئەم دەستەیە سەرپەرشتی پێداچوونەوە بە هەیکەل و دەستەڵاتی پارێزگاکان و قەزا و ناحییەکان و رێکخستنەوەی بودجە و پەیوەندی ئەم دەزگا حکومییانە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران رێکبخات و میکانیزمی کار لە نێوان حکومەتی نیشتمانی و حکومەتە ناوخۆییەکان دارێژێت. 

دەکرێت لە مەسەلەی تەرشیقکردنی حکومەتدا بۆ دڵنیابوون لە تێچوون و داهات و خەرجی وەزارەتەکان بەهەمان شێوە ئەم مەلەفە ببێتە مەلەفێکی گرنگی ئەم دەستەیە، بۆ نموونە، کاروباری کۆچبەری و ئاوارەکانی ناوخۆ و پەنابەران لە یەک فەرمانگەدا دەمچ و رێکخرێنەوە، لە بری ئەوەی سەرپەرشتکردنی کامپی ئاوارەکان لە لایەن چەند وەزارەتێک و دامەزراوەیەکی حکومەتەوە بەرێوەببرێت و رێکخراوەکان نەزانن لەگەڵ کێ قسە بکەن، ئەتوانرێت ئەم کارە لەلایەن یەک فەرمانگەی تایبەتەوە بەرێوەببرێت و دەستەی چاکسازی سەرپەرشتی پرۆسەی دەمچ کردن و یەکگرتنەوە بکەن. مەسەلەی تەرشیقکردنەکە بەم دەستەیە پسپێردرێت. 

لە کۆتاییدا دمەوێت بڵێم ئەمە دیدێکی سەرەتاییە بۆ دامەزراندنی دەستەی چاکسازی بێگومان دەتوانرێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت و ببێتە هەوێنی پرۆژەیەکی کامڵ و لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ بکرێت.

171 جار خوێندراوەتەوە