پێشتر قسەیەکی زۆرمان لەسەر میدیا و جۆرەکانی و پەیوەندی بە جەنگەوە کردوە،
بەداخەوە رودانەوەی چەندان جارەی جەنگ کە هەمو تەمەنمانی لەگەڵ خۆی برد ناچارمان
دەکات سەردانی ئەم بابەتە بکەینەوە و تیشک بخەینە سەر دەرهاویشتە نوێکانی ئەم
پەیوەندییە. بۆ ئەم کارە دەکەین؟ لەو بڕوایەداین کە کاری لەم جۆرە تێگەیشتنی گشتی
هەمو لایەک پەرەپێدەدات و زیاتر ئاشنای ناکۆکییە سیاسیەکان دەبین و ئەرکی جەوهەری
میدیا و سیاسەت باشتر تێدەگەین و دواتر یارمەتیمان دەدات دونیا هێورتر بەڕێوەبەرین!
لێكۆڵێنەوە ئەکادیمییەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە نوێنین، بەڵکو هاوشان
لەگەڵ جەنگەکاندا شیکاری ئەکادیمییان پێشکەش کردوە، سەرباری ئەو شیکارانەش میدیا
خۆی بەردەوام راپۆرتی سیاسی لەسەر جەنگەکان داوە، زۆربەی راپۆرتەکان لایەنگیریان
پێوە دیار بوە، راپۆرتەکان تەنها وەسفکردنی روداوەکانی جەنگ و تۆمارکردنی
قوربانیانی جەنگ نەبوە، بەڵکو لە نێو دێرەکاندا بەرگری لە بەرژوەندی سیاسی لایەنێک کردوە
و لە هەمان کاتدا هەڵگری بەها و تەفسیری کەلتوری جیاواز بوە.
بێگومان ناوەرۆکی راپۆرتەکانیش هەمو راستییەکانی نەدرکاندوە یاخود دەستی
پێیان نەگەیشتوە، زۆرجاریش رەچاوی پێگە و بەرژوەندی سیاسی گشتی کردوە، بۆ نمونە،
قەت نەبوە میدیا لە پەیوەندی خۆیدا لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکاندا لە ٣٠ ساڵی
رابردودا و لە جەنگەکانی عێراق و ئەفگانستان دەستی بەهەمو راستییەکان گەیشتبێت،
زۆر جاریش ئەگەر گەیشتبێتیش ئاشکرای نەکردون، ئەم جۆرە پەیوەندییە خەسڵەتی
دیاریکراو دەهێنێتە ئاراوە، یاخود کە باس لە تیرۆریزم کراوە دەستبەجێ هەمو
زانیارییەکان بۆ رای گشتی بڵاونەکراونەتەوە، هەندێک جار لەبەر هۆکاری سیاسی و
هەندێ جاری دیکە لەبەر ئاسایشی نیشتمانی بوە، نمونەیەکی دیکە، میدیا هەرگیز بە
ئاشکرا باسی لە پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان حکومەتەکان و سەرکردە نوێکانی ئێستای
سوریای نەکردوە، ئەم پەیوەندییە ئەگەر لای میدیاش هەبو بێت، پێشتر نەوتراوە، ئەو کاتە
باسی لێوەکرا کە لە لایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە ئاشکرا کران، بە کورتی و بە پوختی،
میدیا دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی و هاوپەیمانە سیاسییەکانەوە بکات
تاوەکو متمانەی کارەکەی بەرامبەر بە هاوڵاتی لە دەست نەدات و نەبێتە ئەکتەرێک بە دوای
تارمایی سیاستەدا را بکات، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی کە میدیا وەک دەستەڵاتی چوارەم
بمێنێتەوە و بەردەوام رای گشتی بە ویژدانەوە دروست بکات، هەرچەندە دەستەواژەی
دەستەڵاتی چوارەم گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە و لە بۆنەیەکی دیکەدا باسی لێوە دەکەین.
کە میدیا بە تونێلە تاریکییەکانی نێو ململانێ سیاسیەکان و هەڵمەتە
سەربازییە دڕندەکاندا گوزەر دەکات، دەبێت ئاگاداری سەرکێشییەکان بێت و نەبێتە
بەشێک لێیان، زۆر جار، بەداخەوە، دەبێت. هەربۆیە، مەبەستێکی سەرەکی دیکەی ئەم نوسینە
راگرتنی هاوسەنگی بەرژەوەندی نێوان دامەزراوە سەربازییەکان و سیاسییەکان لە لایەک
و میدیا لە لایەکی دیکەیە، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە زۆربەی زۆریان بە پێی
تیۆرەکانی میدیا لە پانتایی گشتیدا کار بۆ پاراستنی سەروەری یاسا و پاراستنی
نیشتمان و رێکخستنی پەیوەندی هێز لە کۆمەڵگەکەدا دەکەن.
سەرەتا با لە میدیا و دامەزراوە
سەربازییەکانەوە دەست پێبکەین، ئەم دوانەیە لە پەیوەندییەکی کێشمەکێشدان، ژینگەی
سیاسی و سیستمی سیاسی وڵات رۆڵی سەرەکی لە تایبەتمەندێتی ئەم پەیوەندییەدا هەیە،
بۆ نمونە لە وڵاتە تۆتالیتارییەکاندا پەیوەندییەکە، وەک ئاشکرایە، میدیا دەبێتە
ئامرازێکی پرۆپاگندە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتە مەرکەزییەکان و لە دەرەوەی ئەو
فەرمانانەی کە هەن، قسەیەکی جیاواز ناوترێت، ئەمەش بەتەواوی رەنگدەداتەوە لەسەر
هەمو دامەزراوەکان و بەتایبەتی سەربازییەکان، لە کاتێکدا پەیوەندی میدیا و
دامەزراوە گشتییەکان، هەر چییەک بێت، لە ژینگە دیموکراسییەکاندا جیاوازترە، ئەو یاسایانەی
کە میدیایان رێکخستوە جیاوازترە، بە حوکمی فەلسەفەی بازاڕی ئازاد و تەوژمە
سیاسییەکانی رۆژئاوا، چەندان جۆر، میدیای گشتی و میدیا کەرتی تابیبەت و میدیای
گروپە جیاوازەکان هەن کە مەرج نییە هەمویان لە ژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی دەوڵەتدابن،
لەم ژینگەیەدا ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە گەمەی میدیا فراوانە، هەروەها گەمەی سیاسەت
بە میدیا فراوانترە، تا رادەی قێزەوەنی، ئەمە سەرباری بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای
میدیا کە (میدیای فەیک/ موزەیەف)، واتە درۆزن و فڕیوەدەر و میدیا ساختە بەرهەم
دەهێنێت، بۆ نمونە بەکارهێنانی وێنەی فەیکی موشەک و ناوچەکان و ئاکامەکانی بۆ
دەرخستنی کاریگەرییەک کە نییە یاخود زیادکردنی ژمارەی سوپا لە وێنەکاندا بۆ
مەبەستی تۆقاندن و چەواشەکردنی رای گشتی، ئەمەش لە بۆنەیەکی دیکەدا باسی لێوە
دەکەین.
لە روی سیاسییەوە، و بەتایبەتی لە کاتەکانی جەنگدا، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست،
میدیای فەرمی حکومەتەکان دونیایەک فرسەخ لە دوای میدیای دەرەوەی دونیای خۆی کاری
کردوە و دەکات، لە روی ئەکادیمییەوە ئەگەر پێناسەی بکەین، رەگەزەکانی میدیایان
تێدا نییە، بەڵکو ئامرازێکی پرۆپاگندەن بۆ شاردنەوەی راستییەکان و هەڵە
سەربازییەکان و سیاستە چەوتەکان، وێنەکانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق
زەقترین نمونەیە. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو وێنانە بە ئاشکرا بەکارهێنانی کیمیاوی
سوپای عێراقی لە جەنگەکاندا دەردەخست، بەڵام کەس دەنگی لێوە نەدەهات، نمونەیەکی
دیکە، بەڵام ئەرێنی، تەنیا یەک کامێرا هەبو کە جینۆسایدی شاری هەڵەبجەی تۆمار کرد،
راستە ئەمە لە سەنگەرێکی سیاسی بەرامبەرەوە بو، بەڵام وەک ئەرکی سەرەکی میدیا،
تۆمارکردنی قوربانییە مەدەنییەکان بەڵگەیەکی مێژوی بو. سەیر لەوەدایە، ئەو سەردەمە
دامەزراوەیەکی میدیای نێودەوڵەتی و دادگایەکی نێودەوڵەتی نەبو بێتە دەنگ و شکاتێکی
یاسای و سیاسی لە رژێمی ئەوسای عێڕاق بکات، لانی کەم، بە تۆمەتی ئەوەی رژێمی عێراق
یاسا نێودەوڵەتییەکانی کاتی جەنگی پێشێلکردوە و چەکی کیمیاوی قەدەغەکراوی
بەکارهێناوە. هێنانەوەی ئەم نمونەیە بۆ سەلماندنی ئەو راستییەی سەرەوەیە کە ئەگەر میدیا
ویژدانی نەبێت دەبێتە تارمای سیاسەتە چەوتەکان و دواتر بەشدار دەبێت لە تاوان دژی
مرۆڤایەتی.
سەرنج و نمونەیەکی دیکە، لای خۆمان، لە ئێستادا، میدیای عێراق و هەندێ
لەوانەی هەرێمی کوردستان، بۆتە باو و عورف، لە کاتی جەنگدا، میدیا ئەو کەسانە
دێنێتە گۆ کە خزمەتی ئەجەندای جەنگ خۆی دەکات، زۆر جار ئەو کەسانە بەرهەمی
توندرەوی سیاسیین و بە حساب نوێنەرایەتی تایەفەیەک دەکەن و لەسەر بنەمای هاوکێشە
کۆنەکان میدیا بەکار دەهێنن. میدیای خۆمان، بە شێوەیەکی شتی، و بەتایبەت سۆشیال
میدیا بۆ پڕکردنەوەی پرۆگرامەکان هەمیشە ئەو چەند کەسە دێنن و دەکەنە میوان کە
هەستێکت دەداتێ هەمو ئەو تایەفەی کە ئەو نوێنەرایەتی دەکات رازیین لە بیرۆکەکانی،
بۆ نمونە لەم دواییەدا کەسێک زۆر لەسەر سکرین دەردەکەوێت و بانگەشە بۆ دامەزراندنی
ئیمپراتۆریەتی تایەفەیەک دەکات! بەداخەوە، میدیا رێگە بەم جۆرە پرۆژانە دەدات و بڵاویان
دەکاتەوە، ئەگەر بە ئاگا بێت یاخود نا. ئەوەی کە جێی سەیر و سەمەرەیە ئەو کەسانە
لە هەمو چەناڵەکانی میدیادا دەردەکەون، وەک ئەوەی هەمو میدیاکان یەک ئەجێندای
سیاسیان هەبێت! جەنگ تەنها لەسەنگەر و مەیدان و بەرەکاندا رونادات، بەڵکو لە روبەروبونەی
فیکری و لە مێشک و زەینی خەڵکدا وەک هەوێنی جەنگ رودەدەن و کورەیان بۆ خۆش دەکرێت.
لەم دۆخەدا، هەر دولا، میدیا و کەسی بانگراو نوێنەرایەتی مەبەست و رەوتێکی شاراوە
دەکەن.
پوختەی قسە: میدیا دەبێت رەهەندی ئەرک و کارەکانی باشتر تەدارەک بکات. رۆڵی
میدیا هیچ لە سیاسەت کەمتر نییە، بەتایبەتی کە میدیا سەرچاوەی زانیارییە، دەبێت
ئاگاداری بڵاوبونەوەی زانیاری چەوت (Misinformation) و زانیاری دروستکراو و درۆ بۆ مەبەستی چەواشەکردنبین (Disinformation) ئەگەر میدیا
ئەو توانا پیشەییانە لە خۆیدا دروست نەکات یاخود بەمەبەست وا بکات، خۆی زو
زیندەبەچاڵ دەکات. گرنگە لە پەیمانگا و زانکۆکاندا ئێمە گرنگییەکی تایبەت بەم
کێشەیە بدەین و قوتابیان لەسەر ئەو بنەما ئەخلاقیانە گەورە بکەین تاوەکو میدیا
نەبێتە خۆراکی ململانێ سیاسییەکان و لە سەنگەرە جیاوازەکاندا هەمان روخساری
میدیاوان دوبارە نەبێتەوە وەک ئەوەی بۆ ئەوان رەوا بێت سەنگەری سیاسی بگۆڕنەوە و
ئەوان خۆیان تەبرا بکەن لە بەشداربون لە جەنگە سیاسییەکاندا، دوا نمونە، چ هەستێکت
لەلا دروست دەبێت کە میدیاکارێک مێژویەک لە (العريية) بەسەر دەبات
و دواتر دەچێتە (الجزيرة)، یاخود وەک ئەوانەی لای خۆمان مەلەدەکەن لە نێوان میدیای
پارتە سیاسییەکان، ئەوان لە نێو گەمەی باڵەکان و بازبازێنی بەرژوەندییە
سیاسییەکان، لەگەڵ هەر بەرەیەک و چەناڵێکی جیاواز و نوێدا، بەشێک لە راستی و
حەقیقەت دەکوژن و ون دەکەن.
75 جار خوێندراوەتەوە