چیتر دەربارەی گەندەڵی؟

چیتر لە دونیادا ماوە لەسەر گەندەڵی سیاسی و حکومڕانی نەوترابێت؟ ئایا هەموو نووسین و پەرتوکەکانی پسپۆران و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و راپۆرتە بنکۆڵەکانی میدیاکان یارمەتی نەمانی گەندەڵی دەدەن؟ ئایا هەموو شتێک  لە دونیا و لەلای ئێمە لەسەر ئەم پرسە وتراوە؟ نەخێر، بەداخەوە، هێشتا هیچ نەوتراوە! 

ئایا دەکرێت بە زمانێکی سیاسی جیاواز قسە لەسەر گەندەڵی بکەین؟ زمانێکی سیاسی پڕ زانیاری دروست و ئەزموونی پتەو و شارەزایی پیشەیی. زمانێک بە ئاگاتر لە کێشەکان و ژینگەکانی گەندەڵی، زمانێک کاریگەری جیاوازی لەسەر تێگەیشتنی سیاسی ئێمە هەبێت و تیشک بخاتە سەر لایەنە شاراوە و تاریکەکانی شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ گەندەڵی بە مەبەستی هێنانە کایەی رێکاری حکومرانی نوێ و خوڵقاندنی هۆشمەندییەکی سیاسی دروست.

ئایا دەتوانیین زاراوەی گەندەڵی سەرلەنوێ پێناسە بکەینەوە؟ پێناسەکردنێک کە بە وریاییەوە، خۆی لە تەڵەی سیاسی بپارێزێت و دوور بێت لە بەکارهێنانی قەیرانی گەندەڵی بۆ مەرامی سیاسی جیاواز. ئایا دەتوانیین سەرکۆنەکردنی " ئیدانەکردنی" گەندەڵی تێپەرێنین و دیدێکی ئەلتەرناتیفی بیناکەر بە کۆمەڵگە ببەخشین؟ هەموو دەزانیین کە ئیدانەکردنی گەندەڵی بەتەنیا بەس نییە بۆ رەوابوونی کەیسێک دژ بە گەندەڵی ئەگەر ئیدراکێکی یاسایی لە پشت دامەزراندنی کەیسەکەوە نەبێت. ئایا دەتوانین پەرە بە ئامرازەکانی بنکۆڵکردنی "لەعنەتی گەندەڵی" بدەین بۆ ئەوەی بە ویژدان و بابەتیانە و زانستیانە و پیشەییانە قسە بکەین و مافی خەڵکی بێ تاوان نەخۆین؟ ئایا دەتوانین لە ئێستادا پێوەرێک بهێنینە دی بۆ ئەو پرسەی پێی دەوترێت ئیدراک لە پانتایی گشتیدا“Public Perception” بۆ ئەوەی هۆشمەندیی گشتی پتەوتر بێت و بەئاسانی فڕیو نەدرێت؟ئەمەش لە پێناو ئەوەی خۆمان لە فۆبیا و پەتایبڵاوی گەندەڵی لە ئامرازەکانی سۆشیال میدیادا بپارێزین؟ جاران لە زیندانەکاندا، خەڵک لە سێدارە دەدران لەبەرئەوەی ناوی هاورێکانیان نەدەدرکان، ئێستا بە ئاسانی دوچاری تیرۆری کەسایەتی دەبینەوە. ئەم جۆرە کارانە، گوزارشت لە نەبوونی زانیاری یاسایی و شارەزایی کارگێری و رەفتاری پیشەیی و ئاستێکی دیاریکراوی هۆشمەندی و بوونی ترس و رق دەکاتەوە. 

گرنگە لەو گێژاوەدا پرسی چارەسەری گەندەڵی دوانەخرێت و نەشارێتەوە و کارە سەرەکییەکە بکرێت، هەر لەبەرئەوە دەستنیشان کردنی گەندەڵی لە ئەرکی پزیشکێکی پسپۆر لە بوارێکی تایبەتدا دەچێت کە تەنیا بە دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکە و چارەسەرکردنی تەواو نابێت بەڵکو هەموو ریسکەکان بەهەند وەردەگرێت بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر بەشەکانی دیکەی جەستە، لە کەیسی ئێمەدا، کۆمەڵگە مەبەستە، ئەمە بەمانای ئەوەی لەگەڵبوونی توانای تەکنیکی بۆ حکومرانی، پێویستمان بە هۆشمەندییەکی سیاسی دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە تاوان و خەتاکانی خۆی بپارێزرێت.

با بێینەوە سەر زاراوەکە خۆی، گەندەڵی، زاراوەیەکی مەنگ و پر ترس و مانای پەنهان و تێگەیشتنی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری جیاوازە، زاراوەیەک لە ئێستادا بەشێکە لەو غەڵبە غەڵبە و ئاژاوەیەی کە سەرتاسەری دونیای تەنیوە. ئاژاوەیەک دەخوازێت راستی مەسەلەکە و جەوهەری گەندەڵی بشارێتەوەو زۆر جار لە ململانێی جیاوازی سیاسیدا و لەکاتی جیاوازدا بەکار دێت، بەتایبەتی لە میدیاکاندا ئەم راستییە بە راشکاوی رەنگیداوەتەوە. تەماشایەکی خێرا بە میدیا جیهانییەکان و ناخۆییەکاندا بکەن بە ئاسانی ئەو راستییە دووپات دەبێتەوە کە قسەکردن لەسەر گەندەڵی لەسەر بنەمای بوونی زانیاری دروست نییە، ئەوەی پێی دەوترێت “Fact Sheet” بەڵکو ئەوەی هەیە شیکردنەوەی شەخسییە بۆ مەرامی جیاواز کە بەداخەوە دەست ناپارێزێت لە پەلاماردان، ئەمکارە، هەر خۆی زیان بە پرۆسە جەوهەریەکەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەدات. بنکۆڵکردنێکی سەرپێیانە بەو راپۆرتە میدیایانە مەبەست و مەرام بە ئاسانی دەردەخات.

بێگومان گەندەڵی بەشێکە لە دونیا و ژیان خۆی، نەوەک لە بەهەشت، واتە ئێمە لە بەهەشتدا ناژین تا گەندەڵی نەبێت، زیادەرۆیی نییە بڵێم گەندەڵی خۆی بەشێکە لە بوونی مرۆڤ، گەندەڵی هەر دەبێت و هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ناچاربین قبوڵی بکەین بەتایبەتی کە کاریگەری خراپی لەسەر ئەو کۆڵەکانە دەبێت کە کۆمەڵگە دەپارێزێت، بەڵام هێنانەکایەی ئەو رێکارانەی کە رێ لە گەندەڵی دەکرێت یان کەمیان دەکاتەوە ئەرکێکی گرنگە. دیسانەوە، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤ بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی هێز لە نێو کۆمەڵگە و وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی دادوەری کۆمەڵایەتی پێوستی بەو ئامراز و رێکار و یاسا و فەرمان و رێنمایانە نییە کە وجودی خۆی لە گەندەڵی دەپارێزێت؟ ئەگەر هەموو لەسەر ئەم تێڕوانینە هاوڕابین، چۆن ئەو رێکارانە دێنە ئاراوە و چۆن پەیرەو دەکرێن و چۆن دەبنە دەستورێک کە هەموو کۆمەڵگە پابەندیبن؟ لە نووسینەکانی ئاییندەدا هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدەین.

لە چەند 'دە"ی رابردوودا زاراوەی گەندەڵی لە دونیادازیاتر لەلایەن پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە بانگەشەی بۆ دەکراو و زۆربەی زۆری مانفێستەکانی ئەو پارتە سیاسیانەی لە خۆدەگرت کە دەیانخواست گۆرانکاری ریشەیی لە سیستمی حکومڕانیدا بکەن، بەڵام بەداخەوە هەر ئەوەندەی کە دەهاتنە سەر حوکم مانفێستەکان کاڵ دەبوونەوە، ئەمەش لەبەر نەبوونی ئەزموونی سیاسی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بێ ئاگای لە شێوازی کاری حکومی شیاو بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی سیاسی و نەبوونی مەعریفەی سیاسی لە هێنانەکایەی جیاکاری لە نێوان کاری پارتی سیاسی ئەو کاتەی لە ئۆپۆزسیۆندایە و دواتر کە لە حکومڕانیدایە، هەروەها نەبوونی کەسانی بەتوانا کە توانای وەرگێرانی مانفێستە سیاسییەکانیان هەبێت بۆ کاری رۆژانەی حکومرانی.

لە ئێستادا، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی تەنیا موڵکی پارتی سیاسی ئۆپۆزسیۆن نییە بەڵکو پرۆگرامی حکومەتەکانی دونیایە، موڵکی رێکخراوە نێودەوڵەتییە فەرمی و نافەرمییەکان و ناوەندەکانی لێکۆڵێنەوەیە کە پڕن لە کەسانی پسپۆر لە بوارە جیاوازەکانی دارایی و یاسایی و کارگێری و میدیایی..هتد کە پڕاو پڕن لە ئەزموونی پراکتییک و بەردەوام یارمەتی حکومەتەکانی دەوڵەتە جیاوازەکان دەدەن لە رێگەی دارشتنی پرۆگرامی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی گەندەڵی. پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سووڕی ژیانی هەیە، تا دونیا هەبێت بەردەوام دەبێت وتەنیا لە بەهەشتدا کۆتای دێت!

جاران، گەندەڵی، زاراوەیەکی هەستیار بو، دەوڵەتەکان خۆیان لێ دەپاراست و خەڵکیان لەسەر بەند  دەکرد و دەیانچەوساندنەوە و حوکمیان دەدان، بەڵام ئێستا ئەم زاراوەیە لە ئەدەبیاتی سیاسییەوە بەتایبەتی هی ئۆپۆزسیۆنەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەدەبیاتی حکومڕانی  و بۆتە بەشێکی سەرەکیپرۆگرامی حکومڕانی و حکومەت، بەڵکو بەشێکی گرنگی پلانی حکومڕانییە، بێ بوونی ئەو پلانە، زەحمەتە حکومەت لە ئەرکەکەیدا سەرکەتوو بێت.

بەشێوەیەکی گشتی لە گرفتە گەورەکانی بوونی گەندەڵی لە وڵاتانی سێهەمدا کارنەکردنە بۆ ئەوەی تواناییەکی پسپۆر بێتە ئاراوە کە گوزارشت لە ئیرادەی سیاسی بکات تاوەکو لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پەیوەندییەکانی هێزلە نێو کۆمەڵگەدا رێکبخرێنەوە و متمانەی سیاسی هەبێت و شتەکان بخرێنەوە شوێنی خۆیان و بەهایان بۆ بگەرێتەوە. بەمانایەکی دیکە، ئەمە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی دانەمەزراندنی سیستمێکی حکومڕانی کە بتوانیت خۆی لە گەندەڵی بپارێزێت، لە کاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان گەندەڵی لێدانی سیستمی دامەزراوە بۆ مەرامی کەسی یان گروپێک، بەڵام خۆشبەختانە ئەو کۆمەڵگەیانە سیستمێکی حکومرانیان دامەزراندووە کە چڕە بە دامەزراوەی فەرمی و نافەرمی و رێگە بە رەفتاری سیاسی تاکەکەس نادات بە ئاسانی سیستمەکە بلەرزێنێت یان لاوازی بکات.

پوختەی قسە: ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، هەر کۆمەڵگەیەک تێگەیشتنێکی جیاوازی بۆ گەندەڵی هەیە ئەمەش لەبەرئەوەی ژینگەی سیاسی هەر کۆمەڵگەیەک جیاوازە لەوەی دیکە، بۆ نموونە گەندەڵی لە دەوڵەتەکانی رۆژئاوا زۆر جیاوازە لەوەی لە کۆمەڵگەکانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستییەوە دەناڵێنن. ئەم بابەتانە بە دیاریکراوی لە نووسینەکانی ئاییندەدا قسەیان لەسەر دەکەین.

338 جار خوێندراوەتەوە