بەدامەزراوەکردنی ئایدیۆلۆجیا

چ ئایدیۆلۆجیایەک لە نێو پارتی سیاسیدا بەردەوامی بە زیندویەتی پارتەکە دەدات؟ بۆچی ئەوەندەی ئایدیۆلۆژیا لە نێو پارتە سیاسییەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەمدا هۆکاری جیابوونەوەیە، ئەوەندە فاکتەری کۆکەرەوە نییە؟

 

ئایا هەلاهەلابوونی پارتی سیاسی دەگەرێتەوە بۆ لاوازی پارتە سیاسییەکە وەک دامەزراوە یاخود لاوازی پەیڕەوی ناوخۆ و جێبەجێنەکردنی یاخود نزمی ئاستی ئەدا و ئاستی تێگەیشتنی ئەندامەکانی یاخود نوێ نەبوونەوەی مانفێستەکانی؟ کامیان زیاتر لە پارتی سیاسیدا دەمێنێتەوە: پەیوەندییە خۆرسکەکان یاخود ئەو پەیوەندیانەی کە بە ئایدیۆلۆجیا باوەکان بارگاویین؟

 

ئەی ئەگەر ناچاربین بەدوای ئەلتەرناتیڤدا بگەرێین، ئایا لەهەمان فەلەکدا نامێنینەوە، لەبەرئەوەی کۆڵەکەکان هەر هەمان خۆیانن؟ ئایا پارتی سیاسی وەک دامەزراوە بێ ئایدیۆلۆژیا دەژێت؟ کامیان یەکەمجار دەبێت بگۆردرێت؟ بۆ لە ناو پارتی سیاسیدا دیاردەی تەکەتول زەق و دیارە؟ لە ناو پارتی سیاسیدا "ئینتما" بۆ کێیە؟

 

بەهای نیشتمانی لە کوێی ململانێی ناوخۆ و میراتی پارتی سیاسیدایە، پارتی کرێکاری بریتانیا وەک نموونە؟ بۆ لە دوا وێستگەدا کەمترین ئەندام لە پارتی سیاسیدا دەمێننەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە زیاد لە تەمەنێک دەخوازێت بۆ ئەوەی لەلایەن پسپۆرانی زانستە سیاسی و سۆسیۆلۆجییەکانەوە سەرلەنوێ پەیوەندی نێوان ئایدیۆلۆجیا و پارتی سیاسی وەک دامەزراوە پێناسە بکرێتەوە و بەرگێکی نوێیان پێببەخشرێت، تاوەکو شان بە شانی گۆرانکارییە سیاسییەکان و دیاردە نوێکانی نێو کۆمەڵگە چەمکەکانیان بەرهەم بهێنرێنەوە. رەنگە لەم کارەشدا کارکردن لەسەر دامەزراوە ئاسانتر بێت وەک لەسەر ئایدیۆلۆژیا، لەبەرئەوەی ئایدیۆلۆژیا وابەستەی فۆرم و مۆدێلە جیاوازەکانی هزرە و دەبێتە بنەمای دامەزراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوە لە زانستە سیۆسیۆلۆجی و سیاسی و ئابوورییەکان پێوەر و ستاندەردەکانی لە مێژە دەستنیشانکراوە، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیادا پێویست بە پێناسەکردنەوە دەکاتەوە.

فروانتر قسە بکەین بۆ لە ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی کە چەندین ناوەندی فیکری و لێکۆڵینەوەی سیاسی رۆشنبیریان هەبووە و چەندین حکومەتی نیشتمانیان بە درێژای زیاتر لە ٧٠ ساڵ هەبووە، پێبەپێی ئەو ساڵانە، ئەو پرۆسە سیاسییە دادپەروەرانە و شەفافانە تا ئێستا نەهاتونەتە دی؛ نە ئادای سیاسی بوە پیشەیی و نە هەوڵی توێژ و چینی رۆشنبیرانی سیاسییان یارمەتی دامەزراندنی سیستمێکی دامەزراوەیی حکومرانی نیشتمانی جێگیریاندا، ئەو سیستمەی کە خەونیان پێوە دەبینی، هەروەها نە برسێتی لە رێگەی رێخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە قەلاچۆکراوە و نە ئاشتی کۆمەڵایەتی و دڵنیایی ئابووری بەرقەرارە، لانی کەم تا ئێستا، لە بری ئەو دەستکەوتانە، هەمیشە هاوڵاتیانی وڵاتە عەرەبیەکان لە چاوەڕوانی بەرەبەیانی ئینقلابێکی نوێدان.

 

نموونەیەکی دیکەی زۆر نزیک لە خۆمان؛ بۆ "بەعس" لە سەرەتادا وەک پارتێکی نیشتمانی خۆی نمایش دەکرد و دونیایەک خەڵک لە عێراق و سوریا و دەوڵەتە عەرەبییەکان لە دەوری کۆبوونەوە و لە ژێر دروشمی قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواری و نەمانی برسێتی و بە نیشتیمانکرن و خۆماڵیکردنی سەرمایەکان و چارەسەرکردنی گرفتی کەمینە نەتەوایەتییەکان و ئاینییەکان و خەباتی چینایەتی و گواستنەوەی حوکم بۆ یەکەم جار لە عەسکەرەوە بۆ پارتی سیاسی مەدەنی لە نیشتمانی عەرەبیدا، نەوەک هەر سەرکەتوو نەبوو، بەڵکو دواجار هەم پرۆژەکە هەرەس و شکستی هێنا و هەم لە ناوخۆیاندا سەری یەکتریان خوارد و شتێک نەما بە ناوی ئایدیۆلۆژیای پارتی سیاسی تایبەت بە بەعس، بەمانایەکی دیکە ئایدیۆلۆژیا یارمەتی دامەزراندنی دامەزراوەی نەدا، هەرچەندە لە دەستەڵاتدا بوون و بودجەی زەبەلاحیان لەبەردەستدا بوو. گرفت لە کوێدایە؟ بۆ بەرنامە سیاسییەکان لە چەپەوە بۆ راست و ئەوانەی گەشەپێدانی سیاسی سەرنەکەوتن، بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە لە خاڵی سفردایە؟ ئاییندە چۆن دادەرێژرێتەوە؟

مەبەستی ئەم نووسینە پوختە وروژاندنی ئەو پرسیارانەی سەرەوەیە، دەروازەیەکە بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا کار لە سەریان بکەین. هەوڵێکی زۆر بچووکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نیگەرانیە مێژووییانە بە شێواز و ئاستێکی جیاواز، بۆ پیشاندانی ئەو راستییانەی تا چ مەودایەک رەفتار و ئادای کەسەکان لە دامەزراوەدا رەنگدانەوەی خەسڵەتەکانی ئەو دامەزراوەیەن کە بۆ ماوەیەکی درێژ کاری تێدا دەکەن و هەروەها بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەری دامەزراوە بەشێوەیەکی گشتی لەسەر رەفتار و هەڵسوکەوتی ئەوان کە زۆر جار، بەداخەوە، لە دوا وێستگەدا کەسەکان نەوەک هەر لە دامەزراوەکە، بەڵکو لە خودی خۆشیان هەڵدێن و نامۆ بوون و غوربەت دەبنە مێژوویەک و میراتێک و یادەورییەکی تاڵ.

پەیوەندی نێوان رەفتاری سیاسی لەگەڵ دامەزراوە و لە ناو دامەزراوەدا هەمیشە بابەتێکی سەرەکی بووە لە لێکۆڵێنەوە سیاسی و سۆسیۆلۆجی و ئابوورییەکان، مەبەست لەوەش گەران بووە بە دوای کاریگەریەکانی هەردوولا لەسەر یەک، لە نێوان هەموو کۆڵەکەکانیشدا پرسی کاریگەری ئایدیۆلۆجیا لە پرسە گرنگەکان بووە، کە بە ئاگا و بێ ئاگا، کاریگەری هەبووە لەسەر رەفتاری سیاسی.

 

بێگومان وەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە ئەم جۆرە لە پەیوەندی و کاریگەرییە لە بنەمادا گوزارشت لە ئاستی گەشەپێدانی خەسڵەت و کەلتووری سیاسی کۆمەڵگەیەک یان رێکخراوێک یان دامەزراوەیەکی تایبەت دەکات، هەر بۆیە زۆر جار رێکخراوەکان کەرتی تایبەت یان گشتیبن بە خەسڵەتی تایبەتی خۆیان دەناسرێنەوە.

با سەرەتا لە پێناسەیەکی کورتەوە بۆ دامەزراوەوە دەستپێبکەین تا دواتر بزانین پەیوەندی بە ئایدیۆلۆژیاوە چییە؟ دامەزراوە بریتییە لە کۆمەڵێک یاسا و بنەما و رێکار کە دەستەجەمعییانە پیادە دەکرێن، ئەو یاسایانە پەیوەندی کەسەکان رێک دەخەن، لە کاتێکدا ئایدیۆلۆژیا دەبێتە کرۆک و ناوەرۆک و بنەمای ئەو یاسایانە و هزر و مێشک و رەفتاری کەسەکان ئاراستە دەکات، هەر کەسە و بە ئاستی تێگەیشتنی خۆی.

مەبەست لە دامەزراوەکردنەوەی دەزگا، بە تایبەتی کە قسە لەسەر دامەزراوەی سیاسییە، بەرپاکردنی پرۆسەی پێداچوونەوەیە بە پەیوەندی نێوان دامەزراوە و ئایدۆلۆجیا لەبەر رۆشنای هەموو ئەو ئەزموونە تاڵانەی کە لە رابردوودا روویانداوە و کاریان لەسەر بینای ئەم دوو کۆڵەکەیە کردووە، بەتایبەتی کە باس دێتە سەر باسکردنی لۆجیک و رەگ و ریشەی چەمکەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.

پەیوەندی نێوان دامەزراوە و ئایدیۆلۆژیا لە لێکۆڵینەوە نوێکاندا پۆلین کراوە، بۆ نموونە، لە بواری سیاسیدا، گرنگی بە شیکردنەوەی ئەرک و رەگ و ریشەی دامەزراوە دراوە، لە کاتێکدا لە بواری کۆمەڵناسیدا زیاتر بایەخ بە ئاستی رێکخراوەیی و رەفتاری مرۆیی و سیاسی دراوە و لە بواری ئابووریدا وەک کۆڵەکەیەکی گرنگ لە سیستمی ئابووریدا دانراوە. لە ئێستادا، دامەزراندنەوەی دەزگا وەک بەشێک لە گەشەسەندنی کەلتووری دەژمێردرێت و تەرکیز لەسەر ئەرکەکانی دامەزراوەکەیە هەروەها دەستنیشانکردنی رۆڵ و رەفتاری ئەکتەرە سیاسییەکان لە رەوت و مێژوو و دامەزراندنی دەزگادا.

پوختەی قسە؛ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی سەرەتا و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی پێداچوونەوەی ئەکادیمی بەو چەند دەزگا تاقانانەی لە مێژووی ئێمەدا هەبوون و دەستنیشانکردنی خەسڵەتی پەیوەندییەکانی نێوان کەسەکان و رەفتاری سیاسیان و هەیکەلی پارتە سیاسییەکان کە رەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان ئایدیۆلۆجیا و دامەزراوەی سیاسی و رەفتاری کەسەکانە دەشێت ئەو کۆمەڵە یاداشتنامە و بیرەوەریانەی لەم دوایەدا چاپ و بڵاوکراونەتەوە بۆ گێرانەوەی مێژوویەک و نووسینەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەی رووداوەکان و دەستنیشانکردنی خەسڵەتەکانی کۆمەڵگە و دۆخی شۆرش لە گۆشەنیگای کەسەکانەوە سەرچاوەبن.

ئەم بیرەوەریانە بە باش یان بە خراپ سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی فراوان لە دەستنیشانکردنی پەیوەندی نێوان ئایدیۆلۆژیا ئەوێ رۆژێ وەک وەهمی سیاسی و دامەزراوە وەک هەیکەلێکی خۆرسک و رەفتاری سیاسی گرفتار، بە ئاگا یان بێ ئاگا، بە کاریگەریەکانی نێوان ئەو بەرداشانە.

227 جار خوێندراوەتەوە