وەزارەتی
دەرەوەی قەتەر ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکان و گەڕانەوە
بۆ مێزی گفتوگۆ چڕکردووەتەوە، هاوکات داوا دەکات لە یەک کاتدا گەرووی هورمز
بکرێتەوە و ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنرێت، لەلایەکی دیکەشەوە بەتوندی سەرکۆنەی
بەئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە لێدوانێکی
ڕۆژنامەوانیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان لە قۆناغی
ئێستادا چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان، هێورکردنەوەی قەیرانەکە
و گەڕانەوە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و مێزی گفتوگۆکان. سەبارەت بە پرسی غەززە،
جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ملنەدانەکانی ئیسرائیل، سوورن لەسەر هەنگاونان بەرەو
پێشەوە و داوا دەکەن هەردوو لایەنی ڕێککەوتنەکە بەتەواوی پلانی ئاگربەستی غەززە
جێبەجێ بکەن.
ئاماژەی بەوەش
کرد، ئەوەی دەوحە دەیەوێت بریتییە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز
و وەستاندنی شەڕ لە غەززە لە یەک کاتدا، و تاکە ڕێگەش بۆ دەربازبوون لەم دۆخە
ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەڕانەوەیە بۆ دانوستانەکان.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژەکەی دەرەوەی قەتەر زانیاریی نوێی لەسەر ئەو فڕۆکەوانانە
ئاشکرا کرد کە ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندبوو. ڕایگەیاند، لە ١٩ی ئازاردا پاشماوەی
تەرمی یەکێک لەو دوو فڕۆکەوانەیان دۆزیوەتەوە و ڕادەستی لایەنی ئێرانییان
کردووەتەوە. ئاشکراشی کرد کە سەرەڕای ئەوەی ئێران تەرمی فڕۆکەوانەکەی بەخاک
سپاردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامی بانگهێشتەکەی دەوحەی نەداوەتەوە بۆ
ناردنی تیمی هونەری بەمەبەستی ئاگاداربوون لە پرۆسەی گەڕانەکان، جەختیشی کردەوە کە
بانگهێشتەکەیان کراوەیە بۆ هاتنی هەر تیمێکی هونەریی ئێرانی.
لەسەر ئاستی
ناوخۆی عێراقیش، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و
بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی
هەرێمی کوردستان.
156 جار خوێندراوەتەوە