وەزارەتی پێشمەرگە سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر پیرمام دەکات و پەیامێک ئاراستەی بەغدا دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:06 - 17/08/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەزانێت

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە کە بە ئامانجگرتنی پێگە دەستووری و یاساییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە. جەختیشیکردووەتەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر و هەوڵیداوە لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان یەکلایی بکاتەوە، بۆیە ئەم جۆرە دەستدرێژییانە هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان و ناوچەکە

 

هاوکات، وەزارەتەکە داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە هەڵوێستی جددییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشە ناڕەوایانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان، هەروەها جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتنی هەموو لایەک لە سەروەریی عێراق و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

239 جار خوێندراوەتەوە