بەپەلە

بارانبارین چەند ناوچەیەکی هەرێم دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:09 - 12/08/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە بارستە هەوایەکی فراوان و فێنکی دەریای ناوەڕاست ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بەڕێژەی سێ بۆ پێنج پلە دادەبەزن.

 

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا بڵاویکردەوە، هاتنی ئەم بارستە هەوایە فێنکە بۆ ناوەڕاستی وەرزی هاوین حاڵەتێکی دەگمەنە و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان بۆ خوار 40 پلەی سیلیزی دادەبەزن. هاوکات لە کوێستانەکان پلەکانی گەرما بۆ خوار 30 پلە دادەبەزن و لە کاتەکانی شەو و بەیانیاندا لە تەواوی ناوچەکان هەست بە کەشێکی فێنک و لە ناوچە شاخاوییەکانیش هەست بە کەشێکی نیمچە سارد دەکرێت، ئەوەش لەگەڵ چالاکبوونی بای شەماڵ بە شێوەیەکی پچڕپچڕ.

 

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ئەو بارانبارینە لاوازەی لە دوێنێ و ئەمڕۆ چوارشەممەدا بەشێکی ناوچەکانی گرتەوە، پێشبینی دەکرێت لە نیوەی دووەمی ئەم مانگەدا شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچەی زیاتر بگرێتەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت بۆ مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەم، بەهۆی چالاکبوونی نزمەپاڵەپەستۆکانی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، لەگەڵ چالاکبوونی سووڕی (MJO) بەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرێمی کوردستان نزیک ببێتەوە لە پاییزێکی پێشوەختە و پڕ باراناوی.

1300 جار خوێندراوەتەوە