فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق مۆڵگەیەکی گروپە توندڕەوەکان لە کەرکوک خاپوور دەکەن

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 18/08/2026
کوردستان
+
-

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا و لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-16)ـەوە، مۆڵگەیەکی گروپە توندڕەوەکان لە دۆڵی زغێتونی سەر بە پارێزگای کەرکوک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سەرجەم چەکدارەکانی ناو مۆڵگەکە کوژراون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیدا هاتووە، بەپێی زانیارییە وردەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، توانراوە جووڵەی ژمارەیەک لە چەکدارانی تیرۆریست لەناو یەکێک لە مۆڵگەکانیاندا لە دۆڵی زغێتون لە سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک دەستنیشان بکرێت.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، بە سەرپەرشتی و هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی شانەی بەئامانجگرتن لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق دوو گورزی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ و سەرکەوتوویان ئاراستەی مۆڵگەکە کردووە. لە ئەنجامدا مۆڵگەکە بەتەواوی خاپوور کراوە و سەرجەم ئەو چەکدارانەی لەناویدا بوون کوژراون، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە تێکشکاندنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان لە سەرتاسەری عێراقدا و هیچ پەناگەیەک بۆ تیرۆریستان ناهێڵنەوە.

157 جار خوێندراوەتەوە