مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی
عێراق ڕایدەگەیەنێت، پرۆژەی دراوی "دیناری دیجیتاڵی" پڕۆژەیەکی
ستراتیژیی ئومێدبەخشە و چارەسەرێکی سەربەخۆ نییە بۆ قەیرانی نەختینە، ئاماژە بەوەش
دەکات کە دابەشکردنی مووچە بەشێوەی دیجیتاڵی خێرایی مامەڵە داراییەکان زیاد دەکات
و مامەڵەی نەختینەیی (کاش) کەمدەکاتەوە.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەزهەر محەمەد
ساڵح ڕایگەیاند: پێشنیازی خستنەبازاڕی دیناری دیجیتاڵیی عێراقی یەکێکە لەو
بیرۆکانەی شایەنی لێکۆڵینەوەیە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی عێراق بۆ وەرچەرخانی
دیجیتاڵی و پەرەپێدانی سیستەمی دارایی. ڕوونیشیکردەوە کە دیناری دیجیتاڵی بە واتای
دروستکردنی دراوێکی نوێ نایەت، بەڵکو دراوێکی دیجیتاڵییە کە بانکی ناوەندی دەری
دەکات و هەمان هێزی یاسایی دیناری کاغەزی دەبێت و بەهاکەی یەکسانە پێی، کە دەکرێت
لە ڕێگەی جزدانە دیجیتاڵییەکان و هەژمارە بانکییەکانەوە مامەڵەی پێوە بکرێت.
سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەکە، ڕاوێژکارەکەی سەرۆک
وەزیران ئاماژەی بەوە کرد، دراوی دیجیتاڵی پشت بەستن بە پارەی کاش کەمدەکاتەوە،
تێچووی چاپکردن، گواستنەوە و پاراستن دادەبەزێنێت، هەروەها ڕێگری دەکات لە
ئابووریی ناڕێکخراو و خۆدزینەوەی باج و سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی. جەختیشی لەوە
کردەوە کە نابێت چارەسەرکردنی قەیرانی نەختینە بەتەنها بخرێتە ئەستۆی دیناری
دیجیتاڵی، چونکە قەیرانەکە پەیوەندی بە هۆکاری ئابووریی و داراییەوە هەیە، وەک
پێکهاتەی بودجە، قەبارەی خەرجییەکان، متمانەی هاووڵاتییان بە کەرتی بانکی و
سیاسەتی نەختینەیی.
مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لەوەش کرد کە بانکی
ناوەندی هەنگاوی باشی بڕیوە لە بواری پارەدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی، بەڵام دەرکردنی
دراوی دیجیتاڵیی نیشتمانی پێویستی بە تەواوکردنی چوارچێوە یاسایی و یاسادانانەکان،
بەهێزکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سایبەر) و ژێرخانێکی تەکنەلۆژیی بەهێز هەیە.
لە بارەی شێوازی دابەشکردنی مووچەوە وتی:
"لە ڕووی تەکنیکییەوە دەکرێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەشێوەی
دیجیتاڵی بدرێت و بخرێتە ناو جزدانی دیجیتاڵییەوە، بەڵام سەرکەوتنی ئەمەش بەندە بە
فراوانکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، زیادکردنی ئامێرەکانی
پارەدان، باشترکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی دارایی
دیجیتاڵی لای هاووڵاتییان."
217 جار خوێندراوەتەوە