پەرلەمانی ئێران پەیوەندیکردن بە میدیا بیانییەکانەوە قەدەغە دەکات و سزای زیندانیکردنی بۆ دیاری دەکات

KNN : Kurdish News Network
06:10 - 16/08/2026
جیهان
+
-

رۆژنامەی شەرقی ئێرانی بڵاویکردەوە، پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممەدا پڕۆژەیاسایەکی نوێی پەسەند کردووە کە هەرجۆرە لێدوان و پەیوەندییەک لەگەڵ میدیا بیانییەکان، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلن یان لەلایەن ئەوانەوە پارەدار دەکرێن، بە تاوان دەناسێنێت و سزای زیندانیکردن و لێسەندنەوەی مافە مەدەنییەکانی بەسەردا دەسەپێنێت

 

پڕۆژەیاساکە کە بۆ چوونە بواری جێبەجێکردنەوە پێویستی بە پەسەندکردنی "ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور" هەیە، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو میدیایانەی نەیارن بە تەواوی قەدەغە دەکات و سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزای شەش مانگ بۆ دوو ساڵ زیندانیکردن دەبنەوە. بەپێی بڕگەکانی دیکەی پڕۆژەیاساکە، چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکانی دیکەی دەرەوە مەرجدار کراوە بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات)، هاوکات پەیوەندیکردن بە باڵیۆزخانە و رێکخراوە بیانییەکانەوە بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی دەرەوە سزای دارایی و لێسەندنەوەی مافە مەدەنییەکانی لێ دەکەوێتەوە

 

لە بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاساکەدا، سزای زیندانیکردن تا 30 ساڵ دیاریکراوە بۆ هەر پێشنیازێکی سیاسی یان یاسایی کە بە رێنمایی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان بدرێت و زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بگەیەنێت، کە بڕیاردان لەو کەیسانەش دەخرێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگاکانی شۆڕشەوە. هەروەها، پێدانی زانیاری بە بیانییەکان بەبێ رەزامەندیی دەزگا ئەمنییەکان و هاوکاریی زانستی لەگەڵ ئەو ناوەندانەی لە لیستی فەرمیدا نین، قەدەغە کراوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش تاران رێکاری توندی دژی پەیوەندی بە لایەنی بیانییەوە گرتووەتەبەر، بە جۆرێک هەر لەم مانگەدا فۆتۆجۆرنالیستێکی ئێرانی بەتۆمەتی ناردنی وێنە و چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا نەیارەکان، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

315 جار خوێندراوەتەوە