وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بڕیاریدا بە دابینکردنی بەنزینی بازرگانیی جۆری نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراوی 750 دینار بۆ هەر لیترێک، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شۆفێران
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتەکە کە واژۆی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی لەسەرە و ئەمڕۆ پێنجشەممە دەرچووە، دوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کەرتی سووتەمەنی سێ بڕیاری سەرەکی دراون. لە بڕیاری یەکەمدا هاتووە کە جیاوازیی نرخ لە نێوان بەنزینی بازرگانی و نرخی دیاریکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت تاوەکو بە 750 دینار بگەڕێتەوە دەست هاووڵاتییان
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی سووتەمەنی و کانزاکانەوە بەڕێوەدەچێت بە ڕەچاوکردنی مەرجەکانی کوالێتی، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە بڕیارەکە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممەیە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
263 جار خوێندراوەتەوە