شارەزایەکی
بواری کەشناسی و گەردوونناسی ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە (5ی ئاب) کە دەکاتە
نیوەڕاستی وەرزی هاوین، ئەستێرەی گەلاوێژ دەست بە جووڵە دەکات بەرەو شەو، ئەمەش
وەک نیشانەیەک بۆ دەستپێکی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەو فێنکبوونی شەوان دەناسرێت.
سالار حاجی
عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی و گەردوونناسی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە
کردووە، ئەستێرەی گەلاوێژ (Sirius) کە پێکهاتووە لە ئەستێرەی گەورە و
بچووکی سپی، بە تیشکێکی درەوشاوەی جوانی وەک کریستاڵ دەردەکەوێت. دوورییەکەی لە
زەوییەوە 8.6 ساڵی تیشکییە (نزیکەی 81 تریلیۆن کیلۆمەتر) و پلەی گەرمییەکەی دەگاتە
نزیکەی 9 هەزار و 900 پلەی سیلیزی. لەگەڵ ئەوەی لە هەشت ڕۆژی کۆتاییەکانی مانگی
ئابدا لە بەرەبەیاندا دەردەکەوێت، بەڵام لە 23ی ئابدا بەتەواوی دەچێتە نێو تاریکیی
شەوی پێش بەیان و هەست بە فێنکی دەکرێت، کە لە کۆندا پێی وتراوە "گەلاوێژ
کەوتووە".
ئەو شارەزایەی
کەشناسی دەشڵێت: "پێشینان و جووتیاران لەو سەردەمەی ئامێری پێشکەوتوو نەبووە،
ئەم ئەستێرەیان وەک پێوەرێک بۆ هاتنی شەوانی فێنک و سارد بەکارهێناوە.
گۆڕانکارییەکانیش بەپێی ناوچەکان دەگۆڕێت، لە ناوچە شاخاوییەکان زووتر فێنک دەبێت
و لە ناوچەکانی گەرمیان درەنگتر". هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرکەوتنی
ئەم ئەستێرەیە نیشانەیە بۆ تەواو پێگەیشتنی میوەکانی وەک ترێ و هەنجیر.
لە بارەی سووڕی
ئەستێرەکەشەوە، سالار حاجی عەلی ڕوونیکردووەتەوە کە گەلاوێژ بۆ ماوەی شەش مانگ لە
شەودا دەمێنێتەوە تا 4ی شوبات، کە ئەمەش نیشانەیە بۆ متبوونی گەشەی زیندەوەران و
سڕبوونی درەخت و ڕووەکەکان. دواتر لە کۆتاییەکانی شوباتەوە بۆ ماوەی شەش مانگی
دیکە دەچێتەوە نێو ڕۆژ، کە دەبێتە هۆی گەشەکردن و بووژانەوەی سروشت و زیندەوەران.
1946 جار خوێندراوەتەوە