دادگای
تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کەرخ لە بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیارێکی مەدەنی بەسەر عالیە
نوسەیف جاسمدا سەپاند و ناچاری کرد قەرەبوویەکی دارایی بداتە ڕاوێژکارێکی یاسایی
لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش بەهۆی سەلماندنی تاوانی ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن پێی
لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.
دەستەی
تێهەڵچوونەوەی مەدەنی لە دادگاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دادگا بڕیاریداوە
عالیە نوسەیف قەرەبووی دارایی بداتە حوسێن یوسف تەمیمی، ڕاوێژکاری یاسایی لە
وەزارەتی ناوخۆ، دوای ئەوەی بەرپرسیارێتیی مەدەنیی سەلمێنراوە لەسەر ئەو زیانانەی
بەهۆی سووکایەتیکردن و ناوزڕاندنی ئەو فەرمانبەرەوە لێکەوتووەتەوە لە چوارچێوەی
یاسادا.
دەستەکە
ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکە پرەنسیپێکی دادوەری دەچەسپێنێت کە جێبەجێکردنی
ئەرکی فەرمی نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ بەئامانجگرتن یان سووکایەتیکردن، هەروەها یاسا
پارێزبەندی بۆ هەموو فەرمانبەرێک یان ڕاسپێردراوێک بە خزمەتی گشتی دابین دەکات کە
پابەندی ئەرکەکانی بێت، هاوکات مافی لێپێچینەوەش دەداتە ئەو کەسانەی مافەکانیان
پێشێل دەکرێت.
لە بەشێکی
دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە پەیامێکی ڕوونی دادوەرییە کە دووپاتی
دەکاتەوە دادگای عێراقی لەگەڵ سەروەریی یاسادایە و هەموو جۆرە سووکایەتییەک
ڕەتدەکاتەوە کە بکرێتە سەر فەرمانبەران بەهۆی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیانەوە.
جەختیشیکردووەتەوە، قەرەبووکردنەوەی مەدەنی تەنها بۆ قەرەبووی زیانەکان نییە،
بەڵکو جێبەجێکردنی پرەنسیپی بەرپرسیارێتیی یاسایی و پاراستنی شکۆی دەوڵەت و
کارمەندانی گشتییە.
30960 جار خوێندراوەتەوە