راوێژکارێکی عەلی زەیدی: دابینکردنی مووچە پرسێکی نیشتمانییە و مانگ بە مانگ دابەش دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
03:03 - 12/08/2026
ئابوری
+
-

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە و حکومەت بە هەموو توانا و ئامرازەکانییەوە کار بۆ دابینکردنی دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی نەختینەیی ئێستا دەرئەنجامی ئەو گرژییە جیۆپۆلەتیکیانەیە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەتایبەت جەنگی گەرووی هورمز کە رێگری لە هەناردەی نەوت کردووە.

 

ساڵح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، لە سەدا 85ی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و لە سەدا 70ی نەوتی هەناردەکراویش بۆ بازاڕەکانی ئاسیایە. هۆشداریشیدا کە بودجەی وڵات بەرێژەی لە سەدا 90 پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە هەر دابەزینێکی گەورە لەو داهاتەدا بۆ کەمتر لە سەدا 10، کەلێنێکی دارایی گەورە دروست دەکات. وتیشی: "خەرجییە سەرەکییەکان کە زۆرترین بەشی بودجە پێکدەهێنن بریتین لە مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، کە مانگانە دەگاتە هەشت ترلیۆن دینار و نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبن، لەگەڵ پێدانی مینحە بە کۆمپانیا گشتییە وەستاو و زیانمەندەکان بۆ دابینکردنی مووچەکانیان."

 

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە، دابینکردنی مووچە پرسێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە و حکومەت سوورە لەسەر دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان مانگ بە مانگ. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە سەبەتەی خۆراک کە 40 ملیۆن عێراقی سوودی لێ دەبینن، راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە رەوشی بودجەوە. لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە کە پێکهاتەی ئابووریی وڵات بەم شێوەیە داڕێژراوە و گۆڕینی کاتی دەوێت، بەڵام حکومەت و سەرۆک وەزیران نوێنەرایەتی گەل دەکەن و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، دڵنیایی دەدەن کە کارکردن بۆ ئامادەکردنی مووچە بەردەوامە.

431 جار خوێندراوەتەوە