نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی 43 ساڵی رابردوو دابەزی

KNN : Kurdish News Network
01:24 - 16/08/2026
جیهان
+
-

یەدەگی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا بەشێوەیەکی پێوانەیی دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی واشنتن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکانی وزە و قەرەبووکردنەوەی ئەو قەیرانەی بەهۆی گرژییەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە دروست بووە.

 

بەپێی زانیارییەکان، قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا (SPR) بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ 298 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل، کە ئەمەش نزمترین ئاستە لە دوای مانگی ئازاری ساڵی 1983ـەوە تۆمار کرابێت و بۆ یەکەم جارە لە خوار 300 ملیۆن بەرمیلەوە بێت. هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە گەورەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی بەردەوامی ئەو یەدەگەیە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ و پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی نەوت، کە بەهۆی جەنگ و ململانێکان لەگەڵ ئێران ڕووبەڕووی ئاڵۆزی بووەتەوە.

 

لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ جێگیرکردنی بازاڕ، ئیدارەی ئەمریکا مۆڵەتی بۆ خستنە بازاڕی تاوەکو 172 ملیۆن بەرمیلی دیکە دەرکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پلانی هەیە لە داهاتوودا قەرەبووی ئەم بڕە بکاتەوە و یەدەگەکە پڕ بکاتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، شارەزایانی ئابووری بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەم دۆخە هەیە؛ بەشێکیان نیگەرانن و هۆشداری دەدەن کە ئەم دابەزینە مەزنە ئەمریکا لە ئاست قەیرانەکانی داهاتوودا لاواز دەکات، بەڵام بەشێکی دیکە پێیان وایە پاش کۆتاییهاتنی قەیرانەکە، دەکرێت یەدەگەکانی نەوت بە خێرایی پڕ بکرێنەوە.

251 جار خوێندراوەتەوە