بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەکردنی جۆرە ئۆتۆمبێلێک هەڵوەشێندرایەوە

KNN : Kurdish News Network
12:38 - 30/07/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیاریدا بە دەرهێنانی ئۆتۆمبێلی جۆری (مایڵد هایبرید - Mild Hybrid) لە لیستی لێخۆشبوون و بەخشینی گومرگی، و لەمەودوا وەک ئۆتۆمبێلی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

بەپێی گشتاندنێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ کراوە و واژووی کەمال ڕەئوف مارف، بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە، بە پشتبەستن بە نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئۆتۆمبێلی (مایڵد هایبرید) چیتر هاوشێوەی ئۆتۆمبێلی (فول هایبرید - Full Hybrid) لە ڕەسمی گومرگی نابەخشرێت.

 

لە گشتاندنەکەدا هاتووە، لە کاتی هاوردەکردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا وەک ئۆتۆمبێلی ئاسایی کاری گومرگییان بۆ ئەنجام دەدرێت بەپێی ئەو ڕێژە و بەهایەی کە لە پێناسەدا بۆیان دیاریکراوە. هەروەها جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە نوێیە لە ڕێکەوتی 20ی ئابی 2026ەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

2777 جار خوێندراوەتەوە