دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەیاننامەیەکی شەش خاڵی لەبارەی چارەنووسی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و ڕاگرتنی کارەکانی بڵاوکردەوە. دەستەکە ڕایگەیاندووە، بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستی کۆمپانیاکە و پابەندنەبوونی بە مەرجە یاسایی و داراییەکان، بڕیاریانداوە دەست بەسەر تەواوی موڵک و سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانی کۆمپانیاکەدا بگرن
لە بەیاننامەکەدا کە ئاراستەی هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانن بۆ کوژاندنەوە و ڕاگرتنی تەواوەتی تۆڕی کۆڕەک تیلیکۆم و سەرجەم ئامێرەکانی. لەم سۆنگەیەشەوە، داوا لە بەشداربووان دەکات بە هیچ شێوەیەک باڵانس پڕنەکەنەوە و هیچ بڕە پارەیەک نەدەنە کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی تووشی زیانی دارایی نەبن، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشدارییان دەداتێ کە سیمکارتەکانیان فڕێنەدەن و لای خۆیان بیپارێزن تاوەکو ڕێنمایی نوێ بڵاودەکرێتەوە
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، هۆشداری دراوەتە کارمەندانی کۆڕەک کە بە باشی داتا و زانیارییەکانی بەشداربووان بپارێزن و دزەیان پێ نەکەن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە. هەروەها ئاگاداری ئەو کەسانە کراوەتەوە کە تاوەری کۆڕەکیان لەسەر زەوی و باڵەخانەکانیانە، کە بەرپرسیارن لە پاراستنی کەلوپەلەکان و نابێت بەبێ ڕەزامەندیی دەستەی پەیوەندییەکان، ڕێگە بە هیچ کارمەندێکی کۆڕەک بدەن ئامێرەکان بگوێزنەوە یان هەڵیبوەشێننەوە
911 جار خوێندراوەتەوە