وەزیری سامانە
سروشتییەکان بە وەکالەت ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی 750
دینار بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی سێ ملیۆن و 500
هەزار لیتر بەنزین دەکات بۆ دابەشکردن بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمدا.
کەمال محەمەد،
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە،
دۆخی دابەشکردنی بەنزین بەرەو باشتربوون دەچێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پرۆسەکە خێراتر و
باشتر دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی 50 هەزار بەرمیلی
دابین دەکرد، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی هەرێم خۆی پاڵپشتیی دابینکردنی هەمان بڕ
دەکات، کە دەکاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە ڕۆژێکدا.
سەبارەت بە
جۆرەکانی دیکەی بەنزین، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، بەنزینی جۆری سۆپەر
و موحەسەن بازرگانین و حکومەت پاڵپشتیی نرخەکەیان ناکات، بەڵام لەم هەفتەیەوە
بڕێکی باش لەو دوو جۆرەش هاوردە دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە. جەختیشی کردەوە
کە پاڵپشتیی حکومەت تەنها بۆ بەنزینی نۆرماڵە و پرۆسەی دابەشکردنی ئەو بڕە
دیاریکراوە بەسەر سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمدا بەردەوام دەبێت.
208 جار خوێندراوەتەوە