بەهەماهەنگی هەرێم دەست بە سەر 20 ملیۆن دۆلار و 60 کیلۆگرام زێڕی جومەیلیدا گیراوە

KNN : Kurdish News Network
09:03 - 16/08/2026
عێراق
+
-

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر پارە، زێڕ و ئۆتۆمبێلی لە دۆسیەی تۆمەتبار (عەدنان جومەیلی) ڕاگەیاند، کە پرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.

 

دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی ناوەندیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو، عەدنان جومەیلی و ئەو لایەنانەی تێوەگلاون، توانراوە دەست بەسەر 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلار و 200 ملیۆن دیناری عێراقیدا بگیرێت. هەروەها بڕی 60 کیلۆگرام زێڕ گەڕێندراوەتەوە و دەست بەسەر حەوت ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا هاتووە، ئەم ڕێکارانە بەشێکن لە بەدواداچوون بۆ گەڕاندنەوەی ئەو داهاتە داراییانەی کە لە ڕێگەی بەهەدەردان لەو پڕۆژانەدا دەست کەوتوون کە لەلایەن تۆمەتبار و هاوبەشەکانییەوە جێبەجێ کراون. ئەنجومەنەکە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی تێوەگلاوانی دیکە، تا ئەوکاتەی سەرجەم ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

115 جار خوێندراوەتەوە