بەهۆی هەڕەشەیەکی ئێرانەوە؛ دۆناڵد ترەمپ بە فڕۆکەیەکی سەربازیی نهێنی تورکیای جێهێشتبوو

KNN : Kurdish News Network
12:28 - 11/08/2026
جیهان
+
-

بەهۆی هەڕەشەیەکی ئێران بۆ تیرۆرکردنی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، مانگی ڕابردوو لە هەنگاوێکی نائاساییدا و بە گەشتێکی سەربازیی نهێنی تورکیای جێهێشتووە، ئەمەش لەکاتێکدا کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە سەرۆک لەڕێگەی فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێر فۆرس وەن)ەوە دەگەڕێتەوە.

 

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ بە فڕۆکەیەکی نوێی سەرۆکایەتی سەردانی ئەنقەرەی کردووە، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە، دوای ئەوەی لەبەردەم کامێراکاندا سەرکەوتووەتە ناو فڕۆکە کۆنەکەی سەرۆکایەتی، بەنهێنی لەڕێگەی بارهەڵگرێکی تایبەت بە گواستنەوەی خواردنەوە گوازراوەتەوە بۆ فڕۆکەیەکی بچووکتر لە جۆری (C-32A)ی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا.

 

پێش بەجێهێشتنی ئەنقەرە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروث سۆشیاڵ" ڕایگەیاندبوو کە بۆ بیرهێنانەوەی "ڕۆژانی ڕابردوو"، بە فڕۆکە شینە ئاساییەکەی سەرۆکایەتی گەشت دەکات بۆ بنکەی هێزی ئاسمانیی شاهانە لە میڵدنهۆڵ لە بەریتانیا. لەو کاتەشدا ڕۆژنامەنووسان و بەشێک لە کارمەندانی کۆشکی سپی کە لەناو فڕۆکە کۆنەکەدا بوون پێیان وابووە سەرۆک لەگەڵیانە و وەک "تەڵە" بۆ دوژمنان بەکارهێنرابوون، تەنانەت ڕێنماییان پێدرابوو کە پەردەی پەنجەرەکانیان دابخەن.

 

کاتێک دواتر ڕۆژنامەنووسان پرسیاری هۆکاری داخستنی پەنجەرەکانیان لەکاتی گەشتەکەدا لێکردووە، ترەمپ پێی وتوون: "پێدەچێت گەشتێکی مەترسیدار بووبێت، بەڵام ئەگەر من بڕۆم ئێوەش دەڕۆن، ڕاستە؟"
لەبارەی ئەم ڕووداوەوە، ستیڤ چانگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەو فڕۆکە نوێیەی قەتەر پێشکەشی کردووە پرۆتۆکۆڵی ئەمنیی ئاستبەرزی تێدایە بۆ پاراستنی سەرۆک. وتیشی: "وەک سەرۆک لەم دواییانەدا ئاماژەی پێدا، ئەمەریکا دوژمنێکی زۆری هەیە کە دەکرێت بیکەنە ئامانج، ئێمەش هەموو ئامرازێک بەکاردەهێنین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە."

 

جێی باسە، فڕۆکە نوێیەکەی سەرۆکایەتی لە جۆری (بۆینگ 747)ە و ساڵی ڕابردوو لەلایەن قەتەرەوە وەک دیاری دراوەتە ئەمەریکا، دواتر لەلایەن کۆمپانیای (ئێڵ سری هاریس)ەوە نۆژەنکراوەتەوە بۆ ئەوەی وەک جێگرەوەیەکی کاتی بەکاربهێندرێت، تا ئەو کاتەی کۆمپانیای بۆینگ دەتوانێت نەوەی نوێی فڕۆکەکانی ئێر فۆرس وەن ڕادەست بکات.

491 جار خوێندراوەتەوە