خۆپیشاندانی
خانەنشینان لە بەغدا بۆ داواکردنی زیادکردنی مووچە و باشترکردنی گوزەرانیان،
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی خستە جوڵە بۆ هەنگاونان بەرەو هەموارکردنەوەی یاسای
خانەنشینیی یەکگرتوو. پەرلەمانتاران جەخت لە ڕەوایی داواکارییەکانی خانەنشینان
دەکەنەوە بۆ گونجاندنی مووچەکانیان لەگەڵ بەرزیی تێچووی بژێوی و دابەزینی توانای
کڕین.
جەمال کۆچەر،
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، پێویستە
پێداچوونەوە بەو یاسایانەدا بکرێت کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ
گۆڕانکارییەکانی بژێوی و پێداویستییەکانی ژیاندا بگونجێن. ئاماژەی بەوەشکرد،
پێویستە مووچە بەشی بژێوی هاووڵاتییان بکات و چاودێریی بەردەوامی تێچووی بژێوی و
توانای کڕین بکرێت، و ئەو پێداچوونەوەیەش سەرجەم مووچەخۆران لە فەرمانبەران،
خانەنشینان، سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خێزانی شەهیدان بگرێتەوە.
ئەو ئەندامەی
لیژنەی دارایی جەختی لە مافی خانەنشینان کردەوە بۆ خۆپیشاندان و داواکردنی
مافەکانیان، و داوای لە حکومەت کرد بەپێی تواناکانی هەموارکردنەوەی پێویست ئەنجام
بدات و پاڵپشتی سندوقی خانەنشینی بکات، چونکە هەموارکردنی یاساکە لێکەوتەی دارایی
هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پەرلەمان وەک نوێنەری گەل بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە
دەکات.
لەلایەکی
دیکەوە، ئیبتسام هاشم هیلالی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ئاشکرایکرد کە
ئەنجومەنی نوێنەران دەستی بە هەنگاوەکانی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینیی
یەکگرتوو کردووە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی خانەنشینان و ڕێکخستنەوەی مافەکانیان.
هیلالی
ڕوونیکردەوە، واژۆ لەلایەن پەرلەمانتارانەوە کۆکراوەتەوە بۆ پێشکەشکردنی
داواکارییەکی فەرمی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەمەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکە و
وتی: "یەکێک لە دیارترین پێشنیازەکان ئەوەیە، تەمەنی یاسایی خانەنشینی
هاوشێوەی پێشوو بکرێتە 63 ساڵ لەبری 60 ساڵ". هاوکات جەختی کردەوە کە
پێداچوونەوە بە چەندین ماددەی تری یاساکەدا دەکرێت بۆ ئەوەی مافی ئەو توێژە
بپارێزێت و لە بەرژەوەندییاندا بێت.
683 جار خوێندراوەتەوە