پارتی سیاسی: کێ ئۆپۆسیزیۆنە؟

پارتی سیاسی: کێ ئۆپۆسیزیۆنە؟
نوسینی: لاوک سەلاح

سەرەتا حەز دەکەم بە نموونەیەکی سادە و ساکار دەست پێبکەم: ئەوەی جگەرە دەکێشێت، درک بە مەترسییەکانی جگەرە کێشان دەکات و دەیەوێت واز بێنێت، بەڵام ئیرادە و توانای وازهێنانی نییە، ئەوەی ئالوودەی خواردنەوە بووە، دەیەوێت واز بێنێت، بەڵام بۆ ناتوانێت واز بێنێت؟ خۆ دەزانێت خراپە. هەر دوولا درک بە زیانەکان دەکەن، بەڵام ناتوانن " تەرکی بکەن".  

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، کەلێنی نێوان "ئارەزوو" وەک تیۆر لە لایەک و پراکتیک لەلایەکی دیکەوە فراوانە. ئێمە رەنگە لە رووی تیۆرییەوە قسەزان و پلان دارێژەربین، هەرچەندە زۆر کات تیۆریش چەواشە دەکەین! بەڵام گرفت لە خودی تواناماندایە لەسەر ئاستی کەسایەتی و کۆمەڵگە بۆ ئەوەی تیۆر وەک فشە نەمێنێتەوە! بەدرێژای مێژوو، نەوەک هەر ئێمە، بەڵکو لە هەموو ناوچەکەدا، توێژە سیاسییەکان، بەگشتی، خاوەنی ئەو توانا سیاسییە نەبوون کە گەشەسەندنی سیاسی بێننە کایەوە، باشترین بەڵگە، ئەگەر سوریای ئەمرۆ ، خۆی توانای سیاسی هەبوایە، رۆژئاوا "ئەحمەد شەرع"یان زۆر شەفافانە، بۆ دانەدەنا، یاخود لە عێراق "زەیدی"ان نەدەهێنایە پێشەوە، یاخود بریتانیا ساڵی ١٩٥٨، پشتی لە مەلیک نەکردایە، مەلیک نەدەکەوت، وەک شۆرشەکەی رەشید عالی کە ئینگلیز شکستیان پێهێنا و سیستمی پاشایەتییان پاراست و لە شاری شوعەیبیەی بەسرەوە ئەندام و خێزانی مەلیک گەڕانەوە بەغدا، شکست پێهێنانی باڵی سەربازی حزبی بەعسیش لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٣، لە دەستێوەردانی دەرەکی بەدەر نەبوو، بۆ ئەوەی نەچنەوە پاڵ جەمال عەبدولناسڕ! 

بەهەرحاڵ، با وردە وردە لە بابەتەکەوە نزیک ببینەوە، لە هەندێ وێستگەی ژیانم، بۆ نموونە، کە مامۆستای زانکۆ بووم یاخود کە لە رێکخراوەکاندا کارم دەکرد، خولیای سەرەکیم دۆزینەوەی ئەو توانایە بوو بۆ ئەوەی تیۆر بکەینە پراکتیک، بە واتەیەکی دیکە، بەدوای وەڵامی پرسیارێکی باوی لای خۆمان دەگەڕام؛ چۆن "کادیر" دروست بکەین؟ لە هەموو نوسینەکانی ساڵانی رابردوودا وەک بەشێک لە موتوربەکردنی چەمکی" حکومرانی باش" و بەکوردی کردنی پرۆژەکە بۆ ئەوەی لەگەڵ ژینگەی سیاسی کوردستان و رەوتی سیاسی بگونجێت، تەرکیزم لەسەر خاڵێکی جەوهەری بوو، ئەویش خوڵقاندنی توانای سیاسی خۆرسک و پیشەیی بۆ توێژی سیاسی کە بڕیاری سیاسی بەدەستە بۆ ئەوەی توانای هەبێت واز لە جگەرە کێشان بێنێت و بڕیاری سیاسی دروست بدات!

ئەم دوو ئەزموونە دەکەمە دەروازەیەک بۆ ئەوەی بزانین ئۆپۆسیزیۆنی ئێمە لە کوێدایە؟ جارێ، ئایا هەمانە؟ رۆڵی چییە؟ رووخساری چییە؟ کاریان لێرە چییە؟ ئایا ئۆپۆسیزیۆنی ئێمە ئەو توانا سیاسیەی هەیە کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین؟ ئایا ئۆپۆسیزیۆن نەیارە یاخود دۆستە؟ ئەگەر ئۆپۆسیزیۆن نییە، چۆن دروست دەکرێت؟ بێگومان وەک عورفی نوسینی خۆم، دەخوازم دیدێکی عەمەلی ببەخشم، نەوەک تیۆریزەی کاری ئۆپۆسیزیۆن بکەم، ئەوە کارێکی ئاسانە و پسپۆرمان لەو بوارەدا زۆرە، ئەوەی ئاسان نییە چاندنی تۆوی توانای سیاسییە بۆ ئەوەی ئۆپۆسیزیۆنێکی خۆماڵی تەندروست سەرهەڵبدا. ئاگادارم کە هەوڵێکی زۆر لەسەر هەموو ئاستەکان، چ ئەکادیمی و چ سیاسی دراون بۆ پێناسەکردنی رۆڵی ئۆپۆسیزیۆن و شێوازی کاری ئۆپۆسیزیۆن. ئەم نووسینە دەخوازێت لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە بڕوانێتە ئۆپۆسیزیۆنی مەڕ خۆمان، دوور لە تەفسیر و لێکدانەوەی کەلتووری لۆکاڵی واتە ئەوەی لە توولەڕێ سیاسییەکاندا باس دەکرێن، هەر بۆیە گرنگە دیمەنە گەورە سیاسییەکە ببینین تاوەکو لە وردەکارییە لۆکەڵییەکاندا نەخنکێین.

چۆن ئۆپۆسیزیۆن سەرهەڵئەدا، ئەگەر لە رەچەڵەکدا، پرۆسەی سیاسی لە ئارادا نەبێت، چۆن لە دایک دەبێت ئەگەر دیدێکی سیاسی کە بڕوای بە پرۆسەی سیاسییە دروست نەبوو بێت، دیدێک کە یارمەتی بەرژوەندییە سیاسییە ناوچەییەکان بدات تاوەکو برژێنە بۆتەقەی بەرژەوەندی نیشتمانەوە. لە راستیدا، شۆک بەرت نادات کە لەم ساتە سیاسییە مێژوویە هەستیارەدا زۆر بە ئاسانی هەست دەکەیت ناوچەکە ئەگەر، خوانەخواستە، بەم شێوەیە بمێنێتەوە هەموو بەرەو هەڵدێر خل دەبینەوە.

لە دیمەنە سیاسییەکەی ئەمرۆدا، کارەکتەری سیاسی گونجاو لە هەموو بەرەکاندا هەن، بەڵام واقیان وڕماوە، من، ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ ئەوەی پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی فراوانی سیاسی هەموو بەرەکان بکەم بۆ دەرچوون لەم قەیرانە سیاسییە کوشندەیە. تکایە مەمانکەنە قوربانی دوو زۆنی سیاسی، بوونی دوو زۆنی سیاسی دەمانگەرێنێتەوە خاڵی سفر، دوو زۆنی سیاسی لە دەستدانی پێگەی سیاسی هەموو لایەکە. کاری سیاسی هەموو بەرەکان ئەوەیە کە دوو زۆنی رەت بکەنەوە، نەوەک رازیبن بەوەی کە دۆخی دیفاکتۆیە، دۆخێک کە نایەڵێت هێلکە لە زۆنێکەوە بچێتە زۆنێکی دیکە. ئایا ئۆپۆسیزۆنی ئێستا بەو فۆرمە پەرتەوازەی کە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، یاخود با زاراوەیەکی سیاسی بەکار بهێنین بەو دۆخە "سیاسیە هەتیوو"یەوە، ببورن دۆخەکە بەو جۆرەیە، توانای بانگەشەی بۆ پرۆژەیەکی ئەلکتەرناتیڤی دژە دوو زۆنی سیاسی هەیە. لەو بڕوایەدام ئەمە کاری ستراتیژییە کە بەرەی ئۆپۆسیزۆن دەتوانێت رەوایەتی خۆی لێوەر وەربگرێت، یاخود پرۆژەیەکی فراوان بۆ پاراستنی مافەکانی کورد کە لە دەستوردا قایم کراون، بەڵام ئەوان دەخوازن بە لاستیک رەشیان بکەنەوە. گرنگە توێژی سیاسی وتاری نووسەرەکانی خۆیان بخوێننەوە!

مەبەستمە بە پوختی بڵێم، ئۆپۆسیزیۆنی سیاسی لە ناوچەکانی ئێمەدا،  لە سێ دۆخی سیاسیدا لە دایک دەبێت: بەسەقەتی، بەهۆی دەستتێوەردانێکی دەرەکی، دەیکەنە دەستەڵاتدار، دۆخی دووەم، پێشتر بەرهەمی گەشەسەندنێکی ئاسایی و سروشتی سیاسی بووەکە کۆمەڵگە قۆناغەکانی تێپەڕاندوە و دیدێکی دیکەی بۆ پیادەکردنی دیموکراسی لە پرۆسەی سیاسی ئامادە کردووە، ئەمەیان دوورە لە واقیعی سیاسی ناوچەکە،  دۆخی سێهەم؛ ئۆپۆسیزیۆنی سیاسی- سەربازی لە ناوچەکەدایە ئەویش فۆرمی سەربازی حوسییەکانە کە چەکدارن، ئەم فۆرمە بێگومان ناچێتە خانەی ئۆپۆسیزیۆنی مەدەنییەوە، ئەمان لە مێژوویەکی دیکەوە کەوتونەتە خوارەوە و بەشێکن لە ململانێی سیاسی هێزە کانی ناوچەکە، هەرچەندە مێژوویەکی ئایینی و  سیاسیان هەیە، بەڵام لەگەڵ گرژی دۆخی سیاسیدا بەکار دەهێنرێن. بەمانایەکی دیکە، لە روخسارە سەرەکییەکانی ئۆپۆسیزۆن لەم ناوچەیەدا بە چەککردنی گروپە سیاسیەکانە کە هەندێ جار دەیانخەنە پاڵ عەشیرەتەکان یاخود گروپە ئەتنییەکان و ئیسلامییەکان یان هەر گروپێکی دیکە کە مێژووی سیاسی لە فڕنی سیاسیدا بۆ دروست دەکەن و لە نێوان گەمە سیاسییەکاندا بە ئاسانی هاوپەیمانی سیاسی کاتی دروست دەکەن و جێگۆرکێی سیاسی دەکەن بۆ ئەوەی لە رووی سیاسییەوە بۆ جێمەکانی دیکەی جەنگ و شەڕ بمێننەوە.

 ئەم دۆخانە تا ساتی نووسینی ئەم وشانە ئەوانەن کە دیارن، پەنهان شتی دیکە هەن، لە راستیدا گرەوکردن لەسەر ئەوەی کە دەستێیوەردانی دەرەکی بە قوڵای ستراتیژی بزانرێت، تاوانێکی گەورەیە، لەبەرئەوەی بەرەو کپکردنی ئیرادەی میللەتێک پەلکێشمان دەکات، بەداخەوە، ئەمە ئەگەر روو بدات، هەموو لایەک لەو هەڵە کوشندەیەدا بەشدار دەبێت، ئەگەر ئەم دۆخە سیاسییە کلۆم کراوە وەک ئێستا بمێنێتەوە، دوو زۆنیی سیاسیش نامێنێت و هیچ مانایەک بۆ دەستور وەک ئامرازی پاراستنی نەتەوەیەک و هەرێمی کوردستان وەک یەک جوگرافیا نامێنێت، کێ لە دەرەوە هاتۆتەوە، لە باشترین ئاستدا، ئاوارە دەبێتەوە و خەڵکانێکی زۆر دەکرێنە نێو ئۆردوگاکان، سوور بوون لەسەر دوو ئیدارەی و دوو زۆنی سیاسی، پاساو بە خەڵکی دیکە دەدەن کە دوور لە بەرپرسیاریەتی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی قسە بۆ  تۆڵە و مەرامی شەخسی بکەن، وەک دەڵێن ماڵی خۆت لە لوورەی رەشەبا و تۆفان بپارێزە.

لە دۆخی پەرتەوازەی سیاسیدا، رۆڵی ئۆپۆسیزیۆنی سیاسی چییە؟ بەتایبەتی کە لە قەیرانی سەرکردایەتی سیاسی و فیکری سیاسیدایە. لە دۆخی بۆشایی سیاسیدا، ئۆپۆسیزیۆن بەداخەوە بەشێکە لەو قەیرانە، لە کاتێکدا دەبوایە ئەو خۆی کۆبکردایەتەوە و پلانی هەبوایە؛ یەکەم بۆ پشتیوانی ئەزموونە سیاسییەکە بۆ ئەوەی خوانەخواستە شکست نەهێنێت، هێشتا تارمایەکانی قەڵای دمدم و مهاباد و ١٩٧٤ و ١٩٨٤ لە یادەوەری سیاسی ئێمەدا زیندووە، دووەم بۆ پێشکەشکردنی فۆرمێکی دیکە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. ئەوەی راستی بێت هەموو لە دۆخی "سوبات"داین.

ببورن، رەنگە من ئاگادار نەبم، بەڵام چ پارتێکی سیاسی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، خاوەن پرۆسەیەکی سیاسییە کە سەرکردەی نوێ دادەمەزرێنێت؟ بەڵگەی ئەم قسەیە ئەوەیە هەر کادیرە کۆنەکانن لێرەوە دەبرێن بۆ ئەوەێ، ئەو کادیرانە پیر دەبن و پرۆسەی سیاسیش دەمرێت؟ بەر لە چەند ساڵێکی دوور، پێشنیارێکم بۆ پارتێکی سیاسی کرد کە بەشی سەرچاوە مرۆییەکان بکاتەوە تاوەکو کادیر دروست بکەن و پرۆسەی سیاسی پێ دەوڵەمەند بکەن، پرۆژەکەم نووسیەوە و پەسەند کرا، بەشەکە دامەزرا بەڵام ناوەرۆکی کارەکانی ئەوە نەبوو کە لە دیدی ئێمەدا بوو. ئەرکە سەرەکییەکە ئەنجام نەدرا. زۆر جار پێویستت بە بودجە و داراییەکی زۆر نییە بۆ ئەوەی کاری بەهادار بکەیت. پێویستت بەو دید و ئیرادە و تواناسازییە هەیە کە لە بەشی سەرەوەی ئەم نووسینە ئاماژەم پێدا. ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، گەشەسەندنی سیاسی تەنها کاری بەرەی دەستەڵات نییە کە خۆی لە دامەزراوە سیاسی و ئیدارەکاندا بەرجەستە دەکات، ئەوە گەشەسەندنی مانفێستی سیاسی و خیتابی سیاسی ئۆپۆسیزیۆنە کە شەرعیەت بە کاری سیاسی ئۆپۆسیزیۆن دەدات، نەوەک قسەکانی سەر میدیای دیجتاڵ، بەمانایەکی دیکە، ئەگەر فیکرێکی سیاسی ستراتیژی لە پشت چالاکی میدیاوە هەبێت، زیاتر کۆڵەکەکانی بەرەی ئۆپۆسیزیۆن  دەچەسپێن و بە قازانج بۆ پرۆسەی سیاسی دەشکێتەوە و بەوە هاواری رەوای هاوڵاتی، بە میکانزیمی سیاسی پێگەیشتوو لە کۆڵگەکانی بەرەی ئۆپۆسیزیۆندا بەرجەستە دەبن و رەوایەتی سیاسی تا مەرگ بە دەست دەهێنێت.

پوختەی قسە: ئەمرۆ ، ئێمە لە دۆخێکی نەخوازراوی سیاسیەدا دەژین کە ژیانی سیاسی ئیفلیج بووە، پێویستمان بە پرۆژەیەکی سیاسی بە جورئەتە کە خوێن بکاتەوە بە شادەماری پرۆسەی سیاسیدا، پرۆژەکە پارتە سیاسیە دەستەڵاتەکان و گروپە سیاسیەکان کۆبکاتەوە. ئەم پرۆژە نیشتمانییە لە پێناو چارەنووسی نەتەوەیەکە کە خاوەن جینۆسادە، با لەبەردەم ئەم مێژووەدا، کە لە خانەقینەوە تا گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و قەڵادزێ و هەولێر و رەواندوز و بارزان و دهۆک و زاخۆ درێژ دەبێتەوە شەرمەزار نەبین.

51 جار خوێندراوەتەوە