ساڵانی رابردو سەرقاڵی پرۆژەیەکی تایبەت بوم سەبارەت بە دارشتنی هەندێ کۆڵەکەی سەرەتای بۆ حکومرانی خۆماڵی و بەکوردی کردنی کۆڵەکە سەرەکییەکانی حکومرانی باش، دوا بەشی لە تەواو بوندایە، هیوادارم بەسود نێت.
ئەم نوسینە جیاوازە، بیرۆکەی پرۆژەیەکی فراوانە بۆ پاراستنی فیدرالیەت بە شێوازێکی سیاسی نوێ، هەمو ئەو هەوڵانەی تا ئیستا دراون بۆ پیادەکردن و مانەوە و پتەوکردنی بەندەکانی فیدراڵیەت لە قسەی نێو هۆڵەکانی پەرلەمان و ئۆفیسەکانی پارتە سیاسییەکان و نوسینە سیاسییەکان دەرنەچوە. هەر قسەی سیاسی بون، دور بون لە هەنگاونان بۆ پێشەوە. بەداخەوە، هەمو مشتومڕەکانی رابردو لەو ئاستەدا نەبون کە پرۆژەی گونجاوی لێ سەوز بێت. ئەم نوسینە هەوڵ دەدات مەنهەجێکی سیاسی نوێ بۆ پاراستن و پەرەپێدانی فیدراڵیەت لە مەودای ناوەند و دوردا بێنێتە کایەوە.
ئەوەی ئێستا لە دیمەنی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا رودادەت زۆر خێرایە، جەنگ و بیناکردن هاوشان بەیەکتری دەجوڵێن. هەمو دەوڵەتە عەرەبییەکان، لە پاش هاتنەکایەی قەیرانی گەروی هۆرمز کە بوە گۆڕپانی سەرەکی جەنگ و ئامراز و چەکی سەربازی و ئامانجی ستراتیژی هەریەک لە ئێران و ئەمەریکا، بەئاگاهاتنەوە، ئەوانەی کە نەوت بەرهەم دەهێنن هەستیان بە مەترسی لەسەر کۆی بونیان کرد بەوەی ئابوری وڵاتەکانیان بەگشتی و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە بەردەم مەترسییەکی چارەنوسسازدایە، ئەم دەوڵەتانە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبون کە رۆژێک دێت و ئاڵۆزییە سیاسییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەگاتە ئەوەی کە رێرەوێکی دەریایی زیندو و گرنگ داخرێت و هەریەک بە جیا خۆی بەخاوەنی رێرەوەکە بزانێت.
لە یادمە، ساڵی ٢٠٢٢، کە لە دایالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا هاتینەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا باسم لە گرنگی ستراتیژی هەمو رێرەوە ئاوییەکان کرد، لەگەڵ ئەو رایەدا کۆک نەبوم کە پێی وابو ئەمریکا یەدەگی نەوت و گازی زۆرە و پێویستی بەو رێرەوە ئاویانە نەماوە، ئەوەی راستی بێت ئەو رێرەوانە مێژوین و بازرگانی هەمو کیشۆرەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بایەخییان بۆ هەتا هەتایە.
با بێینە سەر مەبەستی سەرەکی نوسینەکە، هەمو دەوڵەتە عەرەبییەکان وەک سعودییە و کوێت و عێراق و ئوردن و ئیمارات و قەتەر سەرقاڵی بینا کردنی رێرەوەی جێگرەوەن، لە ماوەی چەند ساڵێکدا رێرەوی هۆرمز تەنیا رێرەوی ئاوی نابێت کە پشتی پێ ببەسترێت، بێگومان ئەم مەزەندە سیاسییە پەیوەستە بەوەی کە سەقامگیری سیاسی لە ناوچەکەدا بێتە کایەوە تاوەکو گەشەپێدانی ئابوری لە هەمو بوارەکاندا رو بدات.
هەر بۆ نمونە، سعودیە سەرقاڵی فراوانکردنی بۆرییەکانی رۆژهەڵات-رۆژئاوای خۆیین کە دەچنەوە سەر دەریای سور، هەروەها کار لەسەر فراوانکردنی هێڵی شەمەندەفەر بۆ کاروباری لۆجیستیک دەکات، کوێت کار لەسەر بەستنەوەی بۆرییەکانی نەوت لە رێگەی ئیمارات و سعودیەوە دەکات. کۆمپانیای نیشتمانی ئەبوزەبی کار لەسەر پرۆژەیەک بۆ راکێشانی بۆری نەوت لە هەردو ناوچەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات دەکات. پرۆژەکە لە ٢٠٢٧ تەواو دەبێت و لە فوجەیرەوە نەوت دەگوێزرێتەوە بۆ عومان و بەو ناوچانەدا دەڕوات کە خاڵەکانی پشکنین لە گەروی هورموز نایانگرێتەوە.
عێراق بۆرییە کۆنەکان و بۆری نوێ لە رێگەی سوریا و تورکیاوە بینا دەکاتەوە، عێراق سەرقاڵی بیناکردنەوەی هێڵی بانیاس-کەرکوکە و کار لەسەر هێڵی گەشەپێدانی ئابوری چین دەکات، ئەو پرۆژە ستراتیژیانە ناوەند و باشوری عێراق بە وڵاتانی کەنداو لە خوارەوە، و لە باکور ئەوروپا دەبەستێتەوە. ئەو هەمو پرۆژانە رودەدەن و ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، بەشێک نین لە هیچیان.
تۆ بڵێ ئەمە بە ئەنقەسەت بێت! ئایا ئەمە پوکانەوەی فیدرالیەتی هەرێمی کوردستان نییە لە مەودای دوردا. لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە پاش هەرەسی عوسمانییەکان، ئابوری و سەرچاوە سروشتییەکان ئەو چەکە بون کە بۆ ململانێی دەستەڵات بەکارهاتون، ئایا ئەمە گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان نییە. ئەگەر ئەوە نییە ئەو هۆکارانە چیین کە گەرەنتی پاراستنی فیدراڵیەت دەدات؟ بۆ هەرێمی کوردستان وەک جوگرافیا لەو پرۆژانە بێ بەش بێت؟ رەنگە بڵێن بە دەستور و بە یاسا مافی هەرێمی کوردستان پارێزراوە، بمبەخشن رەنگە ئێمە شارەزای مێژوی تاڵی خۆمان بین، بەڵام هێشتا شارەزای جوگرافیا و عەردی کوردستان نین. لەسەر ئەرزی واقیع، جوگرافیا موڵکی ئەو گروپە سیاسیانەیە کە ئەو جوگرافیانە بەڕێوە دەبەن و داهات بۆ گروپەکان دابین دەکات. هەر بۆیە ئەگەر لە ئێستاوە هەندێ مەسەلەی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکرێن، سبەی ئالۆز دەبن و دەبێت بۆ داهات لە بەغدا بپارێینەوە. هیوادارم ئەو رۆژە نەبینین. ئەمە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی کوردستان. هەڵمەت و لۆبی سیاسی لەسەر هەمو ئاستەکانی دەرەوە و ناوەوە لە ئێستادا کارێکی هەنوکەی و پەلەیە. دەبێت فیدراڵیەت لە کاڵبونەوە، لە واقیعدا، بپارێزرێت.
هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پەیوەندیەکی ئەرێنی و ستراتیجی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، ئەم پەیوەندییە بۆ پەرەپێدانی ئابوری هەرێمی کوردستان گونجاوە، لانی کەم، هەوڵ بدرێت هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەو پرۆژانە، بەمانایەکی دیکە هاوبەشی ستراتیژی بێت، ئاخر بێ ویژدانییە، پارێزگاکانی وەک ئەنبار و موسڵ لەسەر حسابی هەرێمی کوردستان ببوژێنەوە، بێگومان، ئێمە دەخوازین بەرنامە ئابورییەکان بەشێوازیکی یەکسان بۆ هەمو ناوچەکانبن بێ جیاوازی.
کرۆکی سەرەکی ئەم نوسینە ئەوەیە ئێمە دەتوانین فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان پتەو بکەین ئەگەر ببینە بەشێکە لەو پرۆژە زۆرانەی کە ئێستا لەسەر ئاستی دەوڵەتە گەورەکان لە ئارادایە. سنوری ئێمە بە تورکیا و سوریا، سنورێکی فراوانە، هەرێمی کوردستان پەیوندییەکی دراوسێیانەی باشی هەیە. گرنگە هەرێمی کوردستان وەک جوگرافیا ببێتە بەشێک لە هاوسەنگی سیاسی و پەرەپێدانی ئابوری، تەنیا بەم مەنهەجە سیاسییە مەترسی هەردولا، بەغدا و هەولێر دەڕەوێتەوە، بەرژوەندی ئابوری هاوبەش، تێگەیشتنە سیاسییە جیاوازەکان لەیەک نزیک دەکاتەوە. ئەگەر ئەم رونەدات، دەبێت گومان لە نییەتە سیاسییەکان بکەین!
هیوادارم ئەوەی رودەدا وەک باسم کرد بە دەستی ئەنقەست نەبێت و هەرێمی کوردستان لەسەر هەمو ئاستە باڵاکان ئەم بانگەوازەی بەندە بە جیددی وەربگرن، بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و عێراقدا پرۆژەی سیاسی و ئابوری هەبێت و سودی بۆ هەمو لایەک هەبێت. ئێمە دەتوانین لە دارشتنی پرۆژە سیاسی و تەکنیکییەکان هاوکاربین. هەوڵە دیبلۆماسییەکان دەبێت برژێنە نێو پلان و دارشتنی پرۆژەی ستراتیژی گەورەوە کە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بێت و چارەسەری بنبڕ بۆ قەیرانەکانی ئاییندە کە خۆیان لە ئاو و ژینگە و وزە و ژێرخانی کۆمەڵگە.. هتد دەبینێتەوە، بدۆزرێتەوە.
لە ئاستی کاروباری ناوخۆشدا، سێبەری دو ئیدارەیی و دو زۆنی تا دێت تۆخ دەبێتەوە، بەداخەوە، ئەم هەرەشەیە لە هەناوی هەرێمی کوردستاندایە، پەیوەندی بەستن لەگەڵ بەغدا دور لە دامەزراوە سیاسی و حکومییەکان یاری کردنە بە ئاگر، هەر بڕیارێکی هەر پارتێکی سیاسی، لە نەبونی پەرلەمان و حکومەتێکی تەواو کاریگەردا، شەرعیەتی سیاسی نابێت و ئاکامەکەی باش نابێت. گەڕانەوە بۆ روداوەکانی مێژو ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو جۆرە پەیوەندییە بە تەواوی فیدراڵیەت هەڵدەتەکێنێت و لە باشترین دۆخدا حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا وەک پارێزگا و بەمەرجی قورس داهات دابین دەکات. ئەو مەیلە سیاسییە مەرکەزییە بۆ هەمو عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ئارادایە و پاش ئیدارەی "ترەمب"ش بەردەوام دەبێت. وزە، دەبێت بە بەرپرسیاریەتی سیاسی و ئابوریەوە وەک بەشێک لە سەرمایە و سەرچاوەی هەرێمی کوردستان، پاشان عێراق، ئیدارە بکرێت.
21 جار خوێندراوەتەوە