دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی
ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە و تەنها یەک یان
دوو پێگەیان ماوە کاری لەسەر بکەن. جەختیش
دەکاتەوە کە دەتوانن لە ماوەی 10 خولەکدا ئەو پێگانەش خاپوور بکەن.
لە لێدوانێکی
نوێدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پەلە ناکەن لە پرسی ئێران، چونکە هێزی دەریایی،
ئاسمانی و بەرگریی دژەفڕۆکەی ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە. دووپاتیشیکردەوە کە هەرگیز ڕێگە
نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێرانییەکان ئارەزووی ڕێککەوتن دەکەن
و لە داهاتوودا دەردەکەوێت چی ڕوودەدات.
لەبارەی ئەگەری
دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە هەفتەی داهاتوودا، ترەمپ ڕەتیکردەوە لەبەردەم
میدیاکاندا قسەی لەسەر بکات. ئاشکراشی کرد کە پێگەی "چیای کۆڵەنگ"
یەکێکە لەو ئامانجانەی ماوەتەوە و دەتوانن زۆر بەخێرایی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
لەلایەکی
دیکەوە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ترەمپ ڕۆژی شەممە
پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهۆ ئەنجامداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە
کە ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکانی بۆ سەر ئێران.
176 جار خوێندراوەتەوە