لە کۆتایی ئەم
مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوودا، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورەبروسکە
هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە. شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن ئەم شەپۆلە
کۆتایی بەو ترسە بهێنێت کە باسی لە دواکەوتنی وەرزی بارانبارین و پەڵەدان دەکرد.
هەڤاڵ سدیق
گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایدەگەیەنێت؛ شەپۆلەکە لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو
نزمەپەستانی دەریای سپیی ناوەڕاست و دەریای سوورەوە دروست دەبێت. بەهۆیەوە
ئەو بەرزەپەستانەی ئێستا بەسەر ناوچەکەدا زاڵە تێکدەشکێت و گۆڕانکاری بەسەر
کەشوهەوادا دێت.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، بارانەکە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان سوودبەخش دەبێت و
پێشبینییەکانی دواکەوتنی پەڵە تا مانگی دوانزە ڕەتدەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا کاریگەرییەکانی ئەم
گۆڕانکارییە لە کەشوهەوادا بە ڕوونی دەربکەون.
2041 جار خوێندراوەتەوە