پێشبینییەکانی
کەشوهەوا ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی چەند ڕۆژی داهاتوو دەکەن، بە جۆرێک لەمڕۆوە
ئەگەری نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە ناوەڕاستی
هەفتەشەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێم
دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە
ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری پرووشکەباران هەیە،
لەگەڵ کەمێک نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما. بۆ سبەی دووشەممەش، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی
گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە.
هاوکات دەستەی
کەشناسیی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی سێشەممەوە کەشوهەوا دەگۆڕێت و لە بەشەکانی
ڕۆژئاوا باران دەبارێت. شەپۆلەکە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە
فراوانتر دەبێت و بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەورەبرووسکە، سەرانسەری ناوچەکانی
باکوور، ناوەڕاست و باشوور دەگرێتەوە، هەروەها پلەکانی گەرماش کەمێک نزم دەبنەوە.
3245 جار خوێندراوەتەوە