وەزارەتی
بازرگانیی عێراق گەیشتنی شەش کەشتیی بارکراو بە خۆراکی بۆ بەشەخۆراکی مانگانە
ڕاگەیاند، هاوکات بڕیاریداوە ژمارەی سەبەتەی خۆراکیی هاووڵاتییان لە هەشتەوە بۆ نۆ
سەبەتە زیاد بکات.
لوما موسەوی،
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی ماددە خۆراکییەکان ئاشکرایکرد؛ شەش کەشتیی
پڕ لە برنج، شەکر و پاقلەمەنییەکان گەیشتوونەتە بەندەرەکانی عەقەبە و لازقییە. بەشێکی
ئەم خۆراکانە بۆ سەبەتەی مانگانە تەرخان دەکرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئاسایشی
خۆراک عەمبار دەکرێت. هەروەها کێشەی دابینکردنی دۆشاوی تەماتە چارەسەر
کراوە و یەدەگێکی زۆری لێ ئامادە کراوە.
لەبارەی
کۆنترۆڵکردنی بازاڕیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، تیمە هاوبەشەکانی چاودێریی بازرگانی،
تەندروستی و تاوانی ڕێکخراو بەدواداچوونی چڕ بۆ بازاڕەکان دەکەن. ئامانج
لەم هەنگاوە پابەندکردنی بازرگانانە بە دابەزاندنی نرخی ئەو ماددە خۆراکییە
سەرەکییانەی کە بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگییان بۆ دەرچووە.
264 جار خوێندراوەتەوە