فوئاد حوسێن: ڕێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هێرش لە دژی سعودیە بەکاربهێندرێت

KNN : Kurdish News Network
06:46 - 22/10/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سعوودیە ڕایگەیاند؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، هاوتا سعوودییەکەی، جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەغدا ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هیچ هێرشێک دژی ئاسایشی سعوودیە و وڵاتانی ناوچەکە بەکاربهێنرێت.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوو وەزیر تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاریکارییە ئەمنییەکانیان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی ئێستای ناوچەکە. هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە کە دەکرێنە سەر سعوودیە و زیان بە خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکان دەگەیەنن.

 

لە بەرامبەریشدا، وەزیری دەرەوەی سعوودیە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان ڕاگەیاندووە. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی بەغدای کردووە بۆ بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

127 جار خوێندراوەتەوە