پێشبینی دەکرێت
لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین بە دوو قۆناغی جیاواز هەرێمی کوردستان
بگرێتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزن.
هەڤاڵ سدیق
گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، بە پشتبەستن بە نوێترین پێشبینییە سەرەتاییەکانی دەزگای
کەشناسیی ئەوروپا بڵاویکردووەتەوە، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە، بەتایبەتی لە
ڕۆژی دووشەممە (28ی ئەیلولی 2026)، قۆناغی یەکەمی شەپۆلەکە دەست پێدەکات و کەشێکی
ناسەقامگیر ناوچەکانی باکووری هەرێم دەگرێتەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی
بڕێک شێی خولگەیی بۆ ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران،
ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و بەشێک لە باکووری ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای هەولێر.
بەپێی
پێشبینییەکان، لەو ناوچانەدا ئەگەری تاوەباران و هەورەبرووسکە هەیە و ئاستی
بارانەکەش لە نێوان نمەباران بۆ بارانی مامناوەند دەبێت، هاوکات ئەگەری گۆڕانکاری
و فراوانبوونی شەپۆلەکەش هەیە بۆ ئەوەی ناوچەی زیاتر بگرێتەوە.
سەبارەت بە
قۆناغی دووەمی شەپۆلەکە، پێشبینی دەکرێت لە نێوان 30ی ئەیلول بۆ 6ی تشرینی یەکەمی 2026
بێت. لەم ماوەیەدا بەهۆی یەکگرتنی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای
ناوەڕاست و هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە، پلەکانی گەرما دابەزینێکی
بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن و پێشبینیش دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی ناوچە
جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
48 جار خوێندراوەتەوە