لە ئەنجامی پێکدادان و ناکۆکییەکی خێزانی لەسەر مامەڵە لە قەزای ئاکرێ، دوو برا گیانیان لەدەست دا و برایەکی تریش بریندار بوو، هێزە ئەمنییەکانیش دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباریان ڕاگەیاند
بەپێی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو لە ناوەندی قەزای ئاکرێ پاش ناکۆکییەکی نێوان دوو بنەماڵە کە ئامۆزای یەکترن و لەسەر بنەمای مامەڵە دروست بووە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستڕێژی گوللەی لە سێ برا کردووە. لە ئەنجامدا دوو برا بە ناوەکانی جەمال حاجی (پارێزەر) و فەلاح حاجی (مامۆستا) دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و برایەکی تریان بریندار بووە
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١٢:٠٠، ڕووداوێکی تەقەکردن لە نزیک پارکی گشتیی سەنتەری قەزاکە ڕووی دا و لە ئەنجامدا دوو برا کوژران و برایەکی دیکەش بریندار کرا. هێزە ئەمنییەکان توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا سێ تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر بکەن و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری ڕووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان کەسوکاری نزیکی یەکتر دەگەڕێتەوە، و لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای تۆمەتباری چوارەمی ڕووداوەکەدا کە دوای تەقەکردنەکە هەڵاتووە.
328 جار خوێندراوەتەوە