تۆڕی هەواڵی عەینی ئیماراتی بڵاوی کردەوە کە عێراق لەسەر داوای ڕاستەوخۆی ئەمریکا بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران داوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ توندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر تاران
بەپێی زانیارییەکان، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هۆشداری دراوە لە نزیکبوونەوەی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی توند لەنێوان ئەمریکا و ئێران، و نامەیەکی فەرمیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گەیشتووە کە داوای داخستنی دەروازە سنوورییەکانی کردووە
نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی ڕاگەیاندووە کە ئەم بڕیارە بۆ گوشارخستنەسەر ئێرانە. سەرەتا بەغدا بەهۆی هاتووچۆی ملیۆنان گەشتیار داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام دواتر واشنتن پێشنیازی کردووە تەنیا دوو دەروازە (دەروازەی زڕباتییە لە واست و یەکێکی تر لە هەرێمی کوردستان) بە کراوەیی بمێننەوە
لە چوارچێوەی ئەم گوشارانەدا، عێراق دەروازەی سنووریی "شەیب"ی لە پارێزگای میسان داخستووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا چەند دەروازەیەکی دیکەش قۆناغ بە قۆناغ دادەخرێن. جێی باسە عێراق لە ڕێگەی حەوت دەروازەی سەرەکییەوە وەک شەلامچە، زڕباتییە، مونزرییە، باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بەستراوەتەوە بە ئێرانەوە.
449 جار خوێندراوەتەوە