لیژنەی
تایبەتمەندی فەرمانی دیوانی لە عێراق، پێشنیازە نوێیەکانی بۆ هەموارکردنەوەی خشتەی
مووچەی فەرمانبەران ئاشکرا دەکات کە زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی و ڕێکخستنەوەی
دەرماڵەکان لەخۆدەگرێت، لە ئەگەری پەسەندکردنی کۆتاییشدا فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستان دەگرێتەوە.
محەمەد ئەبو
عیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی فەرمیی ڕاگەیاند،
ئەو لیژنەیەی لە ساڵی 2022 بۆ پێداچوونەوە بە یاساکانی مووچە پێکهێنراوە، چەند
ڕاسپاردەیەکی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی مووچە و باشترکردنی بژێویی فەرمانبەرانی پلە
نزم ئامادە کردووە. بەپێی پێشنیازەکان، مووچەی بنەڕەتی زیاد دەکرێت و
دوو دەرماڵە بە ڕێژەی 50٪ و 30٪ دیاری دەکرێن، لە بەرامبەردا سەرجەم دەرماڵەکانی
دیکە هەڵدەوەشێنرێنەوە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاسپاردەکاندا هاتووە، نابێت کۆی دەرماڵەکان لە 50٪ی کۆی گشتیی مووچە
نوێیەکە تێپەڕێت و پارەی ماوە دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت. لەم
بڕیارەدا هیچ دامەزراوەیەک نابەخشرێت جگە لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان
بەهۆی تایبەتمەندیی ئەرکەکانیانەوە، هاوکات شارەزایەکی ئابووری هەڵسەنگاندن بۆ
کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر نرخی کاڵا لە بازاڕەکان، بێکاران و سوودمەندانی
چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکات.
سەبارەت بە
داتای فەرمانبەران و جیاوازیی یاساکان، لیژنەکە ئاشکرای کردووە کە لە خشتەی (ج)ی
یاسای بودجەدا 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697 فەرمانبەر تۆمارکراون، بەڵام تەنها داتای
نزیکەی دوو ملیۆن فەرمانبەر گەیشتووەتە دەستیان. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەلێنە و
ڕاگرتنی دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی بە یاسای تایبەت مووچە وەردەگرن، لیژنەکە
داوای دەستوەردانی یاسایی لە پەرلەمان دەکات.
لیژنەکە
پێشنیازی یەکخستنی مووچەی سەرۆکایەتییەکان و دامەزراوە باڵاکانیشی کردووە و جەختی
کردووەتەوە، لە کاتی پەسەندکردنی فەرمیی خشتەکەدا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش
دەگرێتەوە، بە مەرجێک وەزارەتی دارایی لە کاتی داواکردنی پارەدارکردندا میلاکاتی
فەرمانبەرانی هەرێم پێشکەش بکات. پەرلەمانتارەکە
ڕوونیشی کردەوە، ئەم هەنگاوانە هێشتا لە قۆناغی ڕاسپاردە و لێکۆڵینەوەدان و
نەگەیشتوونەتە قۆناغی پەسەندکردنی کۆتایی، بۆیە داوای لە فەرمانبەران کرد بەردەوام
بن لە فشارەکانیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری.
670 جار خوێندراوەتەوە