هەرێمی کوردستان داوای دابینکردنی زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە بەغدا دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:27 - 22/10/2026
کوردستان
+
-

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، پێش هاتنی وەرزی زستان زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دابین بکات. ئامانج لە داواکارییەکە ئەوەیە کە نەوتەکە بە هەمان نرخی فەرمیی عێراق بەسەر زیاتر لە یەک ملیۆن و 343 هەزار خێزاندا دابەش بکرێت.

 

داواکارییەکە لەڕێگەی فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغداوە ئاراستەی نووسینگەی وەزیری نەوتی عێراق کراوە. کەمال محەممەدساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت ڕوونیکردووەتەوە، هەر خێزانێک لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەک بەرمیل نەوت (200 لیتر) دەبێت.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، پشکی پارێزگای سلێمانی زۆرترینە و پێویستی بە 103 ملیۆن و 800 هەزار لیترە بۆ 519 هەزار خێزان. دواتر هەولێر بە 100 ملیۆن و 710 هەزار لیتر بۆ 503 هەزار خێزان دێت، پاشان دهۆک بە 58 ملیۆن لیتر بۆ 290 هەزار خێزان، هەروەها هەڵەبجەش پێویستی بە 6 ملیۆن و 200 هەزار لیترە بۆ 31 هەزار خێزان.

141 جار خوێندراوەتەوە