چوار رۆژ پشوو فەرمی راگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
08:41 - 27/09/2026
عێراق
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بۆنەی "ڕۆژانی سەروەری"یەوە، لە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە تاوەکو ڕۆژی شەممەی داهاتوو، پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هاوکات بڕیاریدا بڕی پارەی یەدەگ بۆ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە بەغدا زیاد بکرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئێوارەی دوێنێ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی بیستەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە گشتییەکانی وڵات و چەند دۆسیەیەکی گرنگ کراوە، هەروەها بڕیاری پێویست لەسەر بابەتەکانی ناو خشتەی کار دراون.

 

ڕاگەیەندراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی "ڕۆژانی سەروەری"ی کۆماری عێراقەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕابگەیەنێت، کە لە ڕۆژی چوارشەممە (30ـی ئەیلول) دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی شەممە (3ـی تشرینی یەکەم) دەخایەنێت، ڕۆژی یەکشەممە (4ـی تشرینی یەکەم)یش دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.

3042 جار خوێندراوەتەوە