وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،
سیستەمی زانکۆلاینی بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی
دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کارا دەکات. پرۆسەکە لە کاتژمێر (8:30)ی بەیانیی ڕۆژی
پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەمی 2026) دەست پێدەکات و تا نیوەشەوی دووشەممە (19ی
تشرینی یەکەم) بەردەوام دەبێت.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا
ڕایگەیاند؛ سەرجەم ئەو دەرچووانەی خوێندنگە کوردییەکانی (کەرکووک، شەنگال،
خانەقین) کە ناویان لە نووسینگەی کەرکووکی وەزارەت تۆمار کردووە، دەتوانن لە ڕێگەی
وێبسایتی زانکۆلاینەوە داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم پێشکەش
بکەن. بۆ چارەسەری هەر کێشەیەکیش لە پرۆسەکەدا، دەرچووان دەتوانن سەردانی
نووسینگەی کەرکووک بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، پرۆسەی
وەرگرتنی ئەمساڵ (2700) دەرچووی ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، کە بە کۆدەکانیان دەچنە
ناو سیستەمەکە و بە هەمان مەرج و پێوەری دەرچووانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە
زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن.
58 جار خوێندراوەتەوە