رێگە لە بەردەم هاوردەکردنی تەماتە، پەتاتە و پیاز کرایەوە

KNN : Kurdish News Network
03:50 - 14/10/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاریدا بە کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن بۆ بەروبوومەکانی پەتاتە، تەماتە و پیاز. هاوکات بڕیاریدا بە ڕاگرتن و هەڵگرتنی باج و ڕسووماتی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە، مریشک و ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزارەتەکە ڕوونیکردەوە؛ بڕیارەکە پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و بەدواداچوونی عەبدولڕەحیم شەممەری، وەزیری کشتوکاڵ دەرچووە. ئامانج لە هەنگاوەکەش چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان، پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ڕێگریکردنە لە قۆرخکاری و قۆستنەوەی دۆخی بازاڕ.

 

دەرچوونی ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلی گرانبوونەی کە نرخی سەوزە و گۆشتی سوور و سپی لە بازاڕە ناوخۆییەکانی پارێزگاکانی عێراقدا بەخۆیەوە بینیوە، کە کاریگەرە بە لێکەوتەکانی ناسەقامگیریی نرخی دراو و جێبەجێکردنی نرخی نوێی دۆلار. حکومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی ئەم پاکێجە لە ئاسانکاریی گومرگی و ڕێگەدان بە هاوردەکردن، هەوڵی گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی دارایی بۆ سەبەتەی خۆراکی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و جڵەوکردنی قۆرخکارییە بازرگانییەکان دەدات.


301 جار خوێندراوەتەوە