شەپۆلێکی نوێی بارانبارین بەڕێوەیە

KNN : Kurdish News Network
08:48 - 10/10/2026
عێراق
+
-

شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و نزمەپاڵەپەستۆی کەشوهەوا لە ڕۆژی یەکشەممەوە ڕوو لە عێراق و ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبن، کە چەقی بارانبارینەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای عێراق دەبێت.

 

دەستەی کەشناسی و چاودێریی بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە ڕۆژی یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمەوە نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری لە باکووری ئەوروپاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست شۆڕ دەبێتەوە و ئەگەری هەیە بگۆڕێت بۆ نزمەپاڵەپەستۆیەکی داخراو کە لەسەر وڵاتانی شام جێگیر بێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کەشناسی، بارانبارین لەسەر بنەمای زانیارییە سەرەتاییەکان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، باکوور و ڕۆژئاوای وڵات چڕ دەبێتەوە، بەڵام بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست، باشوور و ڕۆژهەڵات کەمتر دەبێت و تەنها لە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕدا دەردەکەوێت لە نێوان ڕۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە.

 

دەستەکە جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم پێشبینییانە سەرەتایین و ئەگەری گۆڕانکارییان تێدایە بەپێی ئاراستەی جووڵەی نزمەپاڵەپەستۆکە و نزیکبوونەوەی لە ناوچەکە، بەردەوامیش چاودێریی نەخشە ئاسمانییەکان دەکەن و نوێکارییەکان بڵاودەکەنەوە.

1429 جار خوێندراوەتەوە