دادگای
تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغداد، ڕۆژی 19ی تشرینی یەکەمی 2026ی بۆ
دادگاییکردنی موسەننا سامەڕایی، پەرلەمانتار و سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم دیاریکرد.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگاکە، کەیسەکە پاڵپشتە بە ماددەی 319 لە یاسای سزادانی
عێراقی، کە تایبەتە بە تاوانەکانی بەرتیل و دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی و مافە
گشتییەکان.
لە
بەڵگەنامەکەدا کە لە 8ی تشرینی یەکەم دەرچووە، دادگا داوای لە دەستەی دەستپاکی و
بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەغداد کردووە ئاگاداریی ئامادەبوون بە لایەنە
پەیوەندیدارەکان بدەن. هاوکات فەرمانی بە هەواڵگریی سەربازیی کردووە، موسەننا
سامەڕایی وەک "تۆمەتباری ڕاگیراو" لەگەڵ چەند کەسێک وەک شایەتحاڵ لە
دادگا ئامادە بکەن.
لیستی
بانگهێشتکراوان بۆ دادگاییکردنەکە پێکهاتووە لە؛ عەدنانی جومەیلی بریکاری وەزیری
نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان و سێ کەسی دیکە، لەگەڵ ژمارەیەک فەرمانبەری کۆمپانیای
پاڵاوگەکانی باکوور، پەیمانگای ڕاهێنانی نەوتی، فەرمانگەی تەندروستیی سەلاحەدین و
نوێنەری یاسایی وەزارەتی نەوت.
127 جار خوێندراوەتەوە