پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند، ئەو هاوبەشانەی
کارەبا کە تا ئێستا قەرزەکانی پێشتریان نەداوەتەوە، دەتوانن لەمەودوا بە شێوەی
قیستی مانگانە و بۆ ماوەی تاوەکو 24 مانگ قەرزەکانیان بدەنەوە، بڕیاریشە یەکەم
قیست بخرێتە سەر پسوولەی مانگی ئەیلول کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەردەچێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەم
بڕیارە هەلێکە بۆ ئەو هاوبەشانەی کە پێشتر نەیانتوانیوە سوود لە لێخۆشبوونی سەدا 50ی
قەرزەکان وەربگرن، تاوەکو بتوانن لە ماوەیەکی درێژخایەندا و بەبێ هیچ داشکاندنێک
قەرزەکانیان بدەنەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە ئەم قیستانە لەگەڵ پسوولەی
مانگانەی ڕووناکی و لە ماوەی 50 ڕۆژی دیاریکراودا بدرێن.
لەبارەی ماوە و بڕی قیستەکانەوە، پڕۆژەکە
ڕوونیکردووەتەوە کە بۆ پۆلی ماڵان و کشتوکاڵ ماوەکە تاوەکو 24 مانگ دەبێت بە
مەرجێک کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20 هەزار دینار بێت، بۆ پۆلی بازرگانیی بچووک
تاوەکو 12 مانگ بە کەمترین بڕی 20 هەزار دینار، هەروەها بۆ بازرگانی و پیشەسازیی
گەورە ماوەکە تاوەکو 6 مانگە و کەمترین بڕیش 200 هەزار دینارە بۆ هەر مانگێک.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە
ماوەی لێخۆشبوونی سەدا 50دا نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزەکانیان داوەتەوە، بەمەش
لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن
و 200 هەزار هاوبەش هیچ قەرزێکیان لەسەر نەماوە، کە یەک ملیۆنیان پۆلی ماڵانن.
هەروەها، زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر ماوە بڕەکەی لە خوار 300
هەزار دینارەوەیە.
پڕۆژەی ڕووناکی ئاشکراشی کردووە، تا ئێستا
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 360 ملیار دینار لێخۆشبوونی کردووە، کە 300 ملیاری
تەنها بۆ قەرزی کۆنی کارەبا بووە. لە ئێستاشدا زیاتر لە سەدا 90ی هاووڵاتییان
کارەبای 24 کاتژمێرییان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بۆ دابین کراوە و، بەپێی نرخە
نوێیەکان سەدا 80ی هاووڵاتییان، بەتایبەت کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن
بەراورد بە سەردەمی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە پێکەوە.
جێی باسە، پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی تشرینی
دووەمی 2024 لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، دواتریش لە
مانگی ئایاردا ئەنجومەنی وەزیران نرخە نوێیەکانی پەسەند کرد، بە ئامانجی ئەوەی تا
کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی
هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
3774 جار خوێندراوەتەوە