چوارچێوەی هەماهەنگی چەند پێشنیازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەخاتەڕوو

KNN : Kurdish News Network
09:45 - 08/10/2026
ئابوری
+
-

فراکسیۆنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق، پاکێجێک پێشنیازی بەپەلەیان بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی گۆڕینی نرخی دۆلار خستەڕوو، کە تێیدا داوای لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کاڵا بنەڕەتییەکان و کەرەستەی بیناسازی بۆ ماوەی شەش مانگ و کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ئەهلی بە ڕێژەی 15٪ دەکەن.

 

لە یاداشتەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە، هەرچەندە گەنجینەی دەوڵەت لە ژێر فشاردایە بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵام نابێت هاووڵاتییان باجی ئەو قەیرانە بدەن. ئاماژە بەوەش کراوە کە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی 10٪ لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی ڕەشدا، بۆیە پێویستە حکومەت کۆنترۆڵی بازاڕ بکات و ڕێگری لە قۆرخکاری بکات.

 

لە بەشێکی دیکەی پێشنیازەکاندا، داوا کراوە سندوقێکی تایبەت بە جێگیرکردنی نرخی دراو دروست بکرێت کە لە جیاوازیی نرخی نەوت پارەدار بکرێت، بۆ ئەوەی بەهای دینار بپارێزرێت. هاوکات داوا کراوە بەشێک لەو داهاتەی لە گۆڕینی نرخی دراو دەستدەکەوێت، تەرخان بکرێت بۆ قەرزی ئاسان بە پرۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان و دامەزراندنی دەرچووان، لەگەڵ پێداچوونەوە بە گرێبەستی بەڵێندەران بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پرۆژەکان.

382 جار خوێندراوەتەوە