ڕەنج پشدەری،
چالاکوانی بواری کۆچبەران ڕایگەیاند، 18 کۆچبەری کورد لە دەریای ناوەڕاست و لە
کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا خنکاون، دوای ئەوەی یەختەکەیان لە
کەناراوەکانی لیبیاوە بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوتبوو.
ئەو چالاکوانە
ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژی ٥ی ئابی ئەمساڵ، ئەو 18 کۆچبەرە کوردە کە زۆربەیان خەڵکی
دەڤەری ڕانیە و قەڵادزێن، لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون، بەڵام لە ڕۆژی 9ی
ئابەوە سەرجەم پەیوەندییەکیان لەگەڵ کەسوکاریان پچڕاوە. دواتر لە ناوەڕاستی هەمان
مانگدا کەسوکاریان پەیوەندییان بەو چالاکوانەوە کردووە بۆ سۆراغکردن و
بەدواداچوونی چارەنووسیان.
ڕەنج پشدەری
ڕوونیکردەوە، دوای بەدواداچوونێکی ورد و سەردانیکردنی ئیتاڵیا و پەیوەندیکردن بە
لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو دورگەی پالێرمۆ و کالابریا، لەوانە نەخۆشخانەکان،
زیندانەکان، بنکەکانی پۆلیس و خاچی سوور، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر ئەو
کۆچبەرانە دەستنەکەوتووە.
لە کۆتاییدا
ئاشکرای کرد، ڕێکخراوێکی ئەڵمانیی تایبەت بە کۆچبەران بەناوی (سۆس - SOS) لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی چاودێرییەوە،
وێنەی 11 تەرمی لەسەر یەختێکی تێکشکاو لە دەریای ناوەڕاستدا گرتووە، بەمەش پشتڕاست
بووەتەوە کە تەواوی کۆچبەرانی یەختەکە خنکاون و تەرمەکانیشیان لەناو دەریادا
نەدۆزراونەتەوە. وەک ئەو چالاکوانە باسی دەکات، لە یەکێک لە وێنەکاندا دەردەکەوێت
کە یەکێک لە قوربانییەکان لەسەر سنگی تاتۆی کردووە و نووسیوە "دایە گیان".
6277 جار خوێندراوەتەوە